ئایا تۆ یەکێکیت لەو کەسانەی کە تووشی ئازاری سوڕی مانگانە بوویت؟ لە کاتێکدا کە گرژبوونی (گرژبوونی بەردەوام و بە ئازاری ماسولکەکان) سوڕی مانگانە دەتوانێت ئازاربەخش بێت، بەڵام چەندین ڕێگە هەیە بۆ یارمەتیدانی ڕزگاربوونیان. ئازاری سوڕی مانگانە ئاڵۆزیەکی زۆر باو و ئاساییە. بەپێی ئامارەکانی کۆمەڵەی پزیشکانی منداڵبوون و ئافرەتانی ئەمریکی (ACOG)، مانگانە زیاتر لە نیوەی ئەو ژنانەی سوڕی مانگانەن تووشی ئازاری گرژبوون دەبن. هەرچەندە ئەم ئاڵۆزییە هەمیشە مەترسیدار نییە، بەڵام ڕەنگە لە کار و کات بەسەربردنە ڕۆتینییەکانت ڕابگرێت. لەم بابەتەدا بەنیازین هۆکارە کاریگەرەکانتان ئاشنا بکەین بۆ کەمکردنەوەی ئازاری سوڕی مانگانە.
بۆچی گرژبوونی ماسولکەکان لە کاتی سوڕی مانگانەدا ئازاری هەیە؟
ناڕێکی سوڕی مانگانە (ئازاری سوڕی مانگانە) وا بیردەکرێتەوە کە بەهۆی پێکهاتەکانی ناو جەستەدا بێت کە پێیان دەوترێت پرۆستاگلاندین. هەموو مانگێک پێش سوڕی مانگانە ئاستی پرۆستاگلاندین لە ناوپۆشی منداڵدان زیاد دەکات. ئاستی پرۆستاگلاندینت لە بەرزترین ئاستیدایە لە یەکەم ڕۆژی سوڕی مانگانەتدا، هەر بۆیە ئازاری سوڕی مانگانە بەزۆری لەو کاتەدا خراپتر دەبێت. لەگەڵ پێشکەوتنی سوڕی مانگانەت و ڕژانی ناوپۆشی منداڵدان، ئاستی پرۆستاگلاندینت کەم دەبێتەوە و ئازارەکەی دەرئەنجامی باشتر دەبێت.
چۆن بزانیت گرژبوونی سوڕی مانگانەت ئاساییە؟
بەزۆری هەموو کچێک یان ژنێک مانگ بە مانگ ئاستێکی هاوشێوەی گرژبوون دەبێت. بۆ هەندێک لە خانمان ئازاری سوڕی مانگانە کەمە و بۆ هەندێکی تر دەتوانێت زۆر توند بێت. پێوەر بۆ پێوانەکردنی ڕێژەی ئازارەکە بریتییە لە توندییەکەی لە ماوەکانی پێشووی سوڕی مانگانەی هەر کەسێکدا.
ئایا گرژبوونی توندی سوڕی مانگانە دەتوانێت نیشانەی شتێکی تر بێت؟
گرژبوونی سوڕی مانگانە بەزۆری بەو مانایە نییە کە کێشەیەک لە تەندروستیتدا هەبێت. بەڵام لە هەندێک حاڵەتدا دەتوانن نیشانەی نەخۆشییەک بن:
نەخۆشی ناوپۆشی منداڵدان (Endometriosis):
ئەم تێکچوونە کاتێک ڕوودەدات کە شانەکانی هاوشێوەی ناوپۆشی منداڵدان لە دەرەوەی منداڵدان گەشە بکەن، زۆرجار بە میزڵدانەکەت، هێلکەدانەکانت، یان تەنانەت ڕیخۆڵەکانتەوە دەلکێت.
ڕیشاڵی منداڵدان (Uterine fibroids):
بریتین لە گرێی غەیرە شێرپەنجە کە لە ناو دیوارەکانی منداڵدان دەردەکەون. قەبارەیان دەتوانێت لە شوێنێکی بچووکەوە تا چەند بارستەیەکی گەورە بێت.
آدنومیوز (Adenomyosis):
ئەو شانەی کە بە شێوەیەکی ئاسایی ناوەوەی منداڵدان دادەپۆشێت دەست دەکات بە گەشەکردن لەناو دیواری ماسولکەکاندا.
ئەو ئازارەی بەهۆی ئەم حاڵەتانەوە دروست دەبێت، ڕەنگە هەست بە ئازاری سوڕی مانگانە بکەیت، بەڵام بەزۆری زیاتر دەخایەنێت و دەتوانێت توندتر بێت لە گرژبوونی ئاسایی سوڕی مانگانەت. ئەگەر تووشی ئەم جۆرە ئازارە بوویت باشتر وایە سەردانی پزیشک بکەیت.
ئایا دەتوانیت لە ماڵەوە چارەسەری ئازاری سوڕی مانگانە بکەیت؟
زۆربەی کاتەکان گرژبوونی سوڕی مانگانە لەلایەن خانمانەوە لە ماڵەوە چارەسەر دەکرێت. بەڵام ئەگەر ئازارەکەت زۆر بوو و کاریگەری لەسەر شێوازی ژیانت هەبوو، مەترسە لە قسەکردن لەگەڵ پزیشکەکەت. لەوانەیە پێویستت بە دەرمانی تەنها بە ڕەچەتە یان چارەسەری تر بێت کە ڕەنگە پزیشکەکەت پێشنیاری بکات بۆ یارمەتیدانی کەمکردنەوەی ئازار. بۆ یارمەتیدانی کەمکردنەوەی ئازاری سوڕی مانگانە، لێرەدا 10 چارەسەری ماڵەوەی سەلامەت و کاریگەر بۆ کەمکردنەوەی ئازاری سوڕی مانگانە دەخەینەڕوو.
1. جوڵەکانی یۆگا بۆ کەمکردنەوەی ئازاری سوڕی مانگانە:
جا چ کشانی ماسولکەکانت بێت یان کاریگەری ئارامکەرەوەی ڕاهێنانەکان، ڕاهێنانێکی بەردەوامی یۆگا بەڕاستی دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ گرژبوونی ماسولکەکانت. بەگوێرەی توێژەران، کاتێک 20 خوێندکاری کۆلێژ بەرنامەی یۆگایان ئەنجامدا کە هەفتەی یەک سەعات بوو بۆ ماوەی سێ مانگ، گرژبوون و ناڕەحەتی سوڕی مانگانەیان کەمتر بوو لەچاو 20 ژن کە ئەو کارەیان نەکرد. دەتوانیت لە کاتی سوڕی مانگانەدا یان لە نێوان سوڕی مانگانەدا وەرزش بکەیت، بەڵام هەندێک لە ڕاهێنەران ئامۆژگاری خانمان دەکەن کە لە ناوەڕاستی سوڕی مانگانەدا خۆیان لە جوڵەی پێچەوانە (وەک وەستان لەسەر شان) بەدوور بگرن بۆ ئەوەی دەستوەردان نەکەن لە ڕۆیشتنی سروشتیت.
2. خواردنی دەرمانی ئازارشکێن بۆ کەمکردنەوەی ئازاری سوڕی مانگانە:
بەکارهێنانی دەرمانی دژە هەوکردنی ناستیرۆید (NSAIDs) وەک ئیبوپڕۆفین یان ناپرۆکسین یەکێکە لە باشترین ڕێگاکان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئازاری سوڕی مانگانە. چونکە دەرمانی NSAID ڕێژەی پرۆستاگلاندین لە جەستەدا کەمدەکاتەوە. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، خواردنی حەبێک تەنها پێش دەستپێکردنی سوڕی مانگانە دەتوانێت ڕێگری بکات لە زیادبوونی ئاستی پرۆستاگلاندینەکان کە دەبنە هۆی ئازار.
وەک هەر دەرمانێک، پێویستە سەرەتا لەگەڵ پزیشکەکەت بزانیت بۆ ئەوەی دڵنیا بیت کە دەرمانی NSAID هەڵبژاردەیەکی باشن بۆ تۆ، بەتایبەتی ئەگەر پێشینەی خوێنبەربوونت هەبووە یان کێشەی گەدە یان گورچیلەت هەبوو.
3. چا بۆ کەمکردنەوەی ئازاری سوڕی مانگانە:
ڕەنگە هەندێک لە چایەکان یارمەتیدەر بن بۆ کەمکردنەوەی گرژبوونی سوڕی مانگانە. لێکۆڵینەوەیەکی زۆر لەسەر چای گیایی نییە بۆ کەمکردنەوەی ئازاری سوڕی مانگانە، بەڵام چا بۆ چەندین سەدە لەلایەن خانمانەوە لە زۆرێک لە کولتوورەکاندا بەکاردەهێنرێت. ئەمەش ناوی چەند چایەک دەخەینەڕوو کە یارمەتی کەمکردنەوەی ئازاری سوڕی مانگانە دەدەن:
- چای دارچین
- چای زەنجەفیل
- چای نەعنا
- چای سەوز
- چای ئۆلۆنگ
4. باشترکردنی خۆراک بۆ کەمکردنەوەی ئازاری سوڕی مانگانە:
کاتێک توێژەران 33 ژنی تووشبوو بە ناڕێکی سوڕی مانگانە (ئازاری ماوەی) خستە سەر خۆراکی ڕووەکی کەم چەوری، بۆیان دەرکەوت کە ئەو خۆراکە گرژبوونی ماسولکەکانیان کەم دەکاتەوە. کۆمەڵەی دڵی ئەمریکی پێشنیاری ئەوە دەکات سەرەتا بە گۆڕینی چەورییە تەندروستەکانی کەمتر، وەک چەورییە تێرەکان لە بەرهەمە ئاژەڵییەکان، بە چەوری تەندروستتر، وەک ئەو چەورییە ناتێرانەی کە لە زەیتی زەیتوندا هەیە، دەست پێبکرێت. بەگشتی ئەم ڕێکخراوە پێشنیاری ئەوە دەکات، هەوڵبدە ئەو چەوریانەی هەڵیدەبژێریت بۆ خواردن کوالیتی باشتریان هەبێت. وەک ئەو چەوریانەی کە لە ماسی یان نات دا هەن.
لە بابەتێکدا بەناونیشانی١7 خۆراکی گونجاوە بۆ سوڕی مانگانە و (٧ نەگونجاو) ئەو خۆراکانەمان ناساندووە کە گونجاون بۆ سوڕی مانگانە.
5. کیسی ئاوی گەرم بۆ کەمکردنەوەی ئازاری سوڕی مانگانە:
منداڵدان ماسولکە، بۆیە هەر شتێک یارمەتی ئارامکردنەوەی ماسولکەکان بدات، وەک دانانی بوتڵی ئاوی گەرم لەسەر سکی، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت. لە ڕاستیدا لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کە گەرمی ناوچەیی وەک ئیبوپڕۆفین کاریگەرە لە کەمکردنەوەی گرژبوونی سوڕی مانگانە.
6. بە زەیت مەساج بکە بۆ کەمکردنەوەی ئازاری سوڕی مانگانە:
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکان کە لە گۆڤاری توێژینەوەی منداڵبوون و ئافرەتان بڵاوکراوەتەوە، مەساجکردنی پێست بە هەندێک زەیتی بۆنخۆش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ئازار کە بەهۆی گرژبوونی سوڕی مانگانەوە دروست دەبێت. توێژەران داوایان لە 48 ئافرەت کردووە کە تووشی گرژبوونی سوڕی مانگانە و نیشانەکانی دیکە بوون، لە نێوان سوڕی مانگانەدا زەیتی سروشتی یان بۆنی دەستکرد مەساج بکەن بۆ بەشی خوارەوەی سکیان. دوای وەرگرتنی بەڵگە بۆیان دەرکەوت کە مەساجکردنی ڕۆن ئازاری سوڕی مانگانە کەمدەکاتەوە.
7. وەرزشکردن بۆ کەمکردنەوەی ئازاری سوڕی مانگانە:
ئەندۆرفینی سروشتی دەتوانێت باری دەروونیت بەرز بکاتەوە. هەروەها ئەم پێکهاتانە کاریگەری کەمکردنەوەی ئازاریان هەیە. ڕێگەیەکی ناسراو بۆ بەرزکردنەوەی ئەندۆرفینەکان وەرزشی ئایرۆبیکە. بە وەرزشکردن، ئەندۆرفین لە جەستەتدا دەردەدەیت، ئەمەش ئازاری سوڕی مانگانە کەمدەکاتەوە.
8. زیادکردنی مەگنیسیۆم لە خۆراکدا بۆ کەمکردنەوەی ئازاری سوڕی مانگانە:
پێدەچێت مەگنیسیۆمی خۆراک یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی ئازاری گرژبوون. مەگنیسیۆم لە زۆرێک لە خۆراکەکاندا هەیە، لەوانە بادەم، فاسۆلیا ڕەش، سپێناخ، ماست، کەرەی فستق. ئەگەر دەتەوێت تەواوکەری مەگنیسیۆم بخۆیت، باشترە لەگەڵ پزیشکەکەت قسە بکەیت، چونکە بڕی پێویست بەندە بە توندی گرژبوونەکەت و هۆکارەکانی دیکە.
دوا وشە:
بەپێی ئەو شتانەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا، دەتوانیت بە ڕێگەی سادە لە ماڵەوە ئەو ئازارەی بەهۆی سوڕی مانگانەوە دروست دەبێت کەم بکەیتەوە و بگەڕێیتەوە بۆ ژیانی ئاسایی خۆت. بێگومان پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە دەبێت ڕاوێژ بە پزیشکی ئافرەتان بکەیت و دوور بکەوەرەوە لە خواردنی دەرمان بۆ کەمکردنەوەی ئازاری سوڕی مانگانە .