
هەفتەی یەکەمی دووگیانی ئەو کاتەیە کە هێشتا پیتاندن(Fertilization) ئەنجام نەدراوە و بە کردەیی دووگیان نەبوویت. بەڵام بە شوێنکەوتنی ڕۆژەکانی سووڕی مانگانە و کاتی نزیکەیی هێلکەدابەزین، دەتوانیت دوای ماوەیەکی کورت دووگیان بیت. چاودێریکردنی خۆت و ئەنجامدانی هەنگاوە گونجاوەکان لەم هەفتەیەدا ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە دووگیانییەکی تەندروست و سەلامەتی کۆرپەلە. لەگەڵمان بن بۆ ئەوەی تایبەتمەندی و بارودۆخی هەفتەی یەکەمی دووگیانییتان بۆ بخەینە ڕوو و چاودێری و هەنگاوە پێویستەکان لەم قۆناغەدا ڕوون بکەینەوە.
نیشانە باوەکان لە هەفتەی یەکەمی دووگیانیدا:
ئەو نیشانانەی لەم قۆناغەدا دەیانبینیت، هەمان نیشانە ئاساییەکانی سووڕی مانگانەن، چونکە هێشتا دووگیان نەبوویت. ئەم نیشانانە کە ڕەنگە 3 بۆ 7 ڕۆژ بخایەنن، بریتین لە:
- ئاوسانی سک: ڕەنگە گۆڕانکارییە هۆرمۆنییەکان پێش سووڕی مانگانە و لە کاتی سووڕەکەدا ببێتە هۆی ئاوسانی سک.
- خوێنبەربوونی واژینا (کۆئەندامی مێینە): ناوپۆشی منداڵدان خەریکە دەڕژێت و تەنها لە کاتی دووگیانیدا ئەستوور دەبێت.
- پشتئێشە و گرژبوونی ماسولکەکان: منداڵدان گرژ دەبێت بۆ ئەوەی ناوپۆشەکەی بڕژێت و ئەم گرژبوونە دەبێتە هۆی ئازاری پشت و سک.
- گۆڕانی باری دەروونی: زیادبوونی دەردانی هۆرمۆنەکان دەبێتە هۆی هەستیاری و گۆڕانی هەستەکان.
- سەرئێشە: زۆرێک لە ژنان سکاڵا لە میگرێنی سووڕی مانگانە دەکەن کە هۆکارەکەی هۆرمۆنییە. کیسەی سەهۆڵ، دەرمانی ئازارشکێنی بێ ڕەچەتە و ڕاهێنانەکانی خاوبوونەوە(Relaxation) دەتوانن یارمەتیدەر بن.
هەندێک نیشانەی تر وەک بەهێزبوونی هەستی بۆنکردن و هەستیاربوونی مەمکەکان، تەنانەت پێش وەستانی سوڕی مانگانەش دەتوانن دەربکەون، لە کاتێکدا نیشانەکانی تر وەک پەڵەبینی(Spotting) و میزکردنی زۆر، 1 یان 2 هەفتە دوای پیتاندن ڕوو دەدەن. ڕەنگە لە هەفتەی یەکەمی دووگیانیدا هیچ نیشانەیەک هەست پێنەکەیت. زۆرێک لە ژنان لانی کەم تا چەند هەفتە دوای دووگیانی هیچ نیشانەیەک نابینن.
ئەنجامدانی سۆنەر لە هەفتەی یەکەمی دووگیانی:
ئەگەری ئەنجامدانی سۆنەر لە هەفتەی یەکەمی دووگیانیدا زۆر کەمە. ئەگەر بۆ ماوەیەک هەوڵی دووگیانبوونت دابێت، ڕەنگە پزیشک سۆنەر بۆ پشکنینی فیبرۆم (Fibroid) بنووسێت بۆ ئەوەی دیاری بکرێت لە هێلکەدانەکاندا چەند فۆلیکۆڵ هەیە یان ئەستووری ناوپۆشی منداڵدان چەندەیە. ئەگەر کێشەیەک هەبێت، پزیشک چارەسەری نەزۆکی پێشنیار دەکات.
دیاریکردنی ڕێکەوتی هەفتەی یەکەمی دووگیانی:
ڕەنگە لە خۆت بپرسیت ئەگەر هێشتا دووگیان نیت، چۆن دەکرێت ئەم هەفتەیە بە هەفتەی یەکەمی دووگیانی دابنرێت؟ بۆ پزیشک زۆر قورسە کاتی وردی دەستپێکی دووگیانی (کاتی گەیشتنی سپێرم بە هێلکە) دیاری بکات. لە کاتێکدا بە ئاسانی دەتوانرێت ڕۆژی یەکەمی سووڕی مانگانە دیاری بکرێت، بەڵام دیاریکردنی ڕۆژی هێلکەدابەزین زۆر سەختە. سەرەڕای ئەوە، سپێرمی پیاو دەتوانێت چەند ڕۆژ پێش هێلکەدابەزین لەناو جەستەی ژندا بمێنێتەوە. هێلکەش دەتوانێت تا 24 کاتژمێر چاوەڕێی سپێرم بکات.
بۆیە زۆربەی پزیشکەکان بۆ هەبوونی کاتێکی ستاندارد بۆ هەموو دووگیانییەکان، یەکەم ڕۆژی دوایین سووڕی مانگانە بە یەکەم ڕۆژی دووگیانییە 40 هەفتەییەکە دادەنێن. واتە بە نزیکەیی 2 هەفتەی یەکەمی دووگیانی پێش پیتاندنن!
خاڵە گرنگەکان:
- لەو قۆناغەدا هێشتا دووگیان نیت و ئەگەری زۆرە سووڕی مانگانەت هەبێت؛ ئەو نیشانانەی دەیانبینیت دەرەنجامی نیشانەکانی پێش پریۆد(PMS) نەک دووگیانی.
- ئەم هەفتەیە(هەفتەی یەکەمی دووگیانی) کاتی ئامادەکارییە بۆ دووگیانی؛ دەتوانیت بە تۆمارکردنی سووڕی مانگانە و دیاریکردنی باشترین کاتی پیتاندن(fertile window) نەخشەی دووگیانی خۆت بکێشیت. دەتوانیت کیتی پێشبینی هێلکەدابەزین بەکاربهێنیت.
- ئەگەر پشکنینی دووگیانیت پۆزەتیڤ بووە و لە دەوروبەری ئەو کاتەی کە سوڕی مانگانەت لەدەستچوو پشکنینەکەت ئەنجامدا، ئەوا بە ئەگەرێکی زۆرەوە نزیکەی 4 هەفتە بەسەر دووگیانیتدا تێپەڕیوە.
- لە ڕووی پزیشکییەوە، 1 هەفتە دووگیانی واتە هێشتا پریۆد دەبیت و دووگیان نەبوویت. لە ڕاستیدا تا هەفتەی دووەم یان سێیەم دووگیان نیت(بەپێی درێژیی سوڕی مانگەکەتەوە).
چاودێریکردنی خۆت لە هەفتەی یەکەمی دووگیانیدا:
دەبێت خۆت لە ڕووی جەستەیی و دەروونییەوە بۆ هەڵگرتنی کۆرپەلە ئامادە بکەیت. باشتر وایە دووگیانی بە کێشێکی گونجاو و دوورکەوتنەوە لە خووە خراپەکانی وەک جگەرەکێشان و خواردنەوەی کحول دەست پێ بکەیت و کافاینیش کەم بکەیتەوە.
1. خۆراک:
خۆراکی تەندروست و هاوسەنگ ئەو ڤیتامین و کانزا و ماددە خۆراکییانە دابین دەکات کە جەستەت پێویستی پێیەتی لە کاتی دووگیانیدا. خۆراکی دروست وزەت پێدەبەخشێت و یارمەتیت دەدات لە زۆرێک لە ناڕەحەتییە باوەکانی دووگیانی دوور بکەویتەوە. هەروەها کاریگەری لەسەر تەندروستی درێژخایەنی منداڵەکەت دەبێت.
2. بەکارهێنانی فۆلات (ڤیتامین B9):
فۆلات شێوەی سروشتیی ڤیتامین B9یە کە لە خۆراکدا هەیە و بۆ تەندروستی دایک و گەشەی کۆرپەلە زۆر پێویستە. لەبەر ئەوەی دابینکردنی تەواوی ئەم ڤیتامینە تەنها لەڕێگەی خۆراکەوە قورسە، بەکارهێنانی ئەسید فۆلیک (تەواوکەری دەستکرد) یان شێوە چالاکەکەی وەک L-methylfolate ڕاسپاردە دەکرێت.
ڕێکخراوە جیهانییەکانی وەک CDC ئامۆژگاری ژنان دەکەن کە لە پێش دووگیانی و لە کاتی هەوڵدان بۆ منداڵبوون، ڕۆژانە 400 مایکرۆگرام (mcg) ئەسید فۆلیک بخۆن. ئەم کارە ئەگەری تووشبوونی کۆرپەلە بە ناتەواوییە زگماکییەکانی وەک کێشەی لوولەی دەمار(Spina bifida)، لێو کەلێنی و کێشەکانی دڵ تا 75% کەم دەکاتەوە. هەروەها دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی مەترسییەکانی وەک شەکرەی دووگیانی، لەبارچوون و لەدایکبوونی پێشوەختە.
3. بەکارهێنانی مۆڵتی ڤیتامین مینراڵی دووگیانی:
مۆڵتی ڤیتامینە مینراڵەکانی تایبەت بە دووگیانی ناتوانن جێگەی خۆراکی گونجاو بگرنەوە، بەڵام کەموکوڕییەکانی پارێزی خۆراکی قەرەبوو دەکەنەوە. بەکارهێنانی ئەم مۆڵتی ڤیتامینانە ڕێگەیەکی نایابە بۆ دڵنیابوون لە وەرگرتنی هەموو ئەو ماددە خۆراکییانەی کە پێویستن، تەنانەت ئەگەر خووی خواردنی تەندروستیشت هەبێت.
مۆڵتی ڤیتامینەکانی دەورانی دووگیانی بەزۆری ئاسن، کالسیۆم، ڤیتامین D و ماددە خۆراکییە گرنگەکانی تری وەک ئەسید فۆلیک لەخۆ دەگرن. بێگومان ڕەنگە لە هەر براندێکدا، ڤیتامینەکان و ماددە کانزاییەکان جیاواز بن. بۆیە لێبێڵەکان بە وردی بخوێنەرەوە یان داوا لە پزیشک بکە رێنماییت بکات.
4. شێوازی ژیانی تەندروست:
لە کاتی هەوڵدان بۆ دووگیانبوون، دوورکەوتنەوە لە کحول، ماددە هۆشبەرەکان و بەرهەمەکانی توتن وەک جگەرەی ئەلیکترۆنی لە هەر کاتێکی تر گرنگترە. ئەم خووانە دەتوانن کاریگەری لەسەر منداڵەکە هەبێت و ببنە هۆی تێکچوونی جیناتی، کێشەی هەناسەدان، کەمیی کێش لە کاتی لەدایکبووندا، نیشانەکانی کۆرپەلەی کحولی(Fetal Alcohol Syndrome) و کێشە تەندروستییەکانی تر.
5. ئامادەکاری دەروونی:
ئامادەکاری بۆ دووگیانی، ئامادەکردنی جەستە و مێشکت لەخۆ دەگرێت. گۆڕانکارییە هۆرمۆنییەکان، فشار و دڵەڕاوکێ دەتوانن کاریگەرییان لەسەر تەندروستی دەروونی و دووگیانی هەبێت. گرنگیدان بە پێویستییەکانی خۆت و چاودێریکردنی تەندروستی دەروونی پێش دووگیانی دەتوانێت لە کاتی دووگیانی و دوای منداڵبوون یارمەتیدەرت بێت. بەپێی پێویست پشوو بدە، فشار و دڵەڕاوکێکانت بەڕێوەببە و ئەگەر کێشەی تری پەیوەندیدار بە تەندروستی دەروونیت هەیە لەگەڵ پزیشک یان دەروونناسەکەت قسە بکە.
بارودۆخی جەستە لە هەفتەی یەکەمی دووگیانی:
لە هەفتەی یەکەمی دووگیانیدا هێشتا کۆرپەلە دروست نەبووە و جەستە خەریکی ئامادەکارییە. لە کاتی سووڕی مانگانەدا، ناوپۆشی منداڵدان لەگەڵ هێلکەی پیتێنراوی سووڕی پێشوو دەڕژێت. 3 بۆ 7 ڕۆژ دوای سووڕی مانگانە، هێلکەدانەکان دەست دەکەن بە ئامادەکردنی هێلکەیەک بۆ کاتی هێلکەدابەزین(Ovulation). هاوکات ئەستووری ناوپۆشی منداڵدان وردە وردە زیاد دەکات بۆ ئەوەی دوای پیتاندن، هێلکەکە وەربگرێت. ئەگەر هەموو شتێک بە باشی بڕوات، تۆ لە دەوروبەری هەفتەی سێیەمدا دەبیتە هەڵگری کۆرپەلە.
سووڕی مانگانە لەڕێگەی هۆرمۆنەکانەوە ڕێکدەخرێت. هۆرمۆنی یەکەم FSHـە کە فۆلیکۆڵەکان بۆ پێگەیشتن هان دەدات. هۆرمۆنی دووەم LHـە کە لە دەوروبەری ڕۆژی پێنجەمدا زیاد دەکات. لە هەر مانگێکدا تەنها یەک فۆلیکۆڵ دەبێتە «فۆلیکۆڵی زاڵ» کە هێلکەی پێگەیشتووی تێدایە.
کاتێک فۆلیکۆڵەکان پێدەگەن، هۆرمۆنی ئیسترۆجین بەرهەم دەهێنن کە دوو کاری گرنگ دەکات:
- هانی ناوپۆشی منداڵدان دەدات دووبارە ئەستوور بێتەوە.
- کاتێک ئاستی ئیسترۆجین زۆر زیاد دەکات، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی هۆرمۆنی LH.
بەرزبوونەوەی کتوپڕی هۆرمۆنی LH دەبێتە هۆی ئەوەی هێلکە لە دیواری هێلکەدان جیا بێتەوە بۆ ئەوەی بگاتە سپێرم. هێلکەی مرۆڤ گەورەترین خانەی جەستەیە (بەڵام بچووکترە لە دەنکە بیبەرێک). جەستە لە نێوان ڕۆژانی 10 بۆ 19ی سووڕی مانگانە هێلکەکە ئازاد دەکات. ئەم هێلکەیە تەنها 12 بۆ 24 کاتژمێر دەرفەتی هەیە بپیتێنرێت. ئەنجامدانی سێکس تەنانەت پێش ئەم کاتەش سوودی هەیە، چونکە سپێرم دەتوانێت تا 6 ڕۆژ لەناو جەستەی ژندا بە زیندوویی بمێنێتەوە.
سەردانی پزیشک:
لە کاتی سەردانی پێش دووگیانبووندا، پزیشک یان مامان دەتوانن مۆڵتی ڤیتامینەکانی دەورانی دووگیانیت بۆ بنووسن، مێژووی پزیشکی و کوتانەکانت بپشکنن، و لە ڕووی نەخۆشییە گوازراوەکانی سێکسەوە (STIs) پشکنین و غربالگەریت بۆ بکەن. هەروەها ئەم دیدارە دەرفەتێکی باشە بۆ وەرگرتنی ئامۆژگارییە پێویستەکان سەبارەت بە شێوازی ژیان، خۆراک، وەرزش و ئەو خووە کەسییانەی تر کە دەتوانن کاریگەرییان لەسەر دووگیانی هەبێت.
ئەگەر ناڕەحەتییەکی وەک بەرزیی پەستانی خوێن یان شەکرەت هەیە، حەتمەن پزیشکەکەت ئاگادار بکەرەوە و هەموو هەنگاوە پێویستەکان بۆ کۆنترۆڵکردنیان بنێ. هەروەها دەبێت سەبارەت بە بێزیانیی ئەو دەرمانانەی بەکاریان دەهێنیت (چی بە ڕەچەتە یان بێ ڕەچەتە)، تەواوکەرە گیاییەکان و ئەو ڕووەکە دەرمانییانەی کە دەیانخۆیت، ڕاوێژ بە پزیشک بکەیت.
ڕاسپاردە بۆ پیاوان:
پێویستە هەردوولا ئاگاداری تەندروستی و سەلامەتیی خۆیان بن. پیاوان دەتوانن پێش هەوڵدان بۆ دووگیانی، لە ڕووی تووشبوون بە نەخۆشییە گوازراوەکانی سێکس (STIs) پشکنین و چارەسەر بکرێن. هەروەها دەتوانن بە دوورکەوتنەوە لە خواردنەوەی کحول و وازهێنان لە توتن و ماددە هۆشبەرەکان، تەندروستیی کۆئەندامی زاوزێی خۆیان باشتر بکەن. بەپێی توێژینەوەکان، ڕەنگە لە سپێرمی ئەو پیاوانەی کحول دەخۆنەوە، جگەرە دەکێشن یان ماددەی هۆشبەر بەکاردەهێنن، کێشە دروست ببێت و پرۆسەی پیتاندن (دووگیانبوون) قورستر بکات.
ئەنجام:
ڕاستە کە لە هەفتەی یەکەمی دووگیانیدا هێشتا بە کردەیی دووگیان نیت، بەڵام ئەم هەفتەیە کاتێکی گونجاوە بۆ ئامادەکاری. لە کاتێکدا لەناو جەستەدا سووڕێکی نوێ بۆ دووگیانی دەست پێ دەکات، تۆ دەتوانیت بە هەنگاوی وەک هەڵبژاردنی شێوازێکی ژیانی تەندروست و سەردانی پزیشک، خۆت بۆ دووگیانبوون ئامادە بکەیت.













