
تا ئێستا گوێت لە سیندرۆم ئیمپاستەر بووە؟ ئایا هەرگیز گومانت لە زانست و توانا و دەستکەوتەکانی ژیانت کردووە و بە دەرئەنجامی بەخت یان ڕووداوێکی دەرەکیت زانیوە؟ تا ئێستا هەستت کردووە کە شایەنی هەڵوێستی خۆت نیت و خۆت تاوانبار بکەیت لەسەر ئەمە؟ ئەگەر وەڵامی ئەم پرسیارانەت بەڵێ بێت و بەردەوام ئەم بیرکردنەوە و هەستە نەرێنیانەت بەرامبەر بە خۆت هەبێت، بە ئەگەرێکی زۆرەوە تووشی تێکچوونی خۆتێکدەر یان سیندرۆم ئیمپاستەر بوویت. لەم بابەتەدا باس لەم تێکچوونە و نیشانە و جۆرەکانی و ڕێگاکانی مامەڵەکردن لەگەڵیدا دەکەین.
سیندرۆم ئیمپاستەر چییە؟
سیندرۆم ئیمپاستەر یان گومان لە خۆت، جۆرێکە لە گومانی بەردەوام لە توانا و زانیاری مرۆڤ. ئەو کەسانەی تووشی ئەم تێکچوونە دەبن، سەرکەوتنەکانیان دەگەڕێننەوە بۆ هۆکارە دەرەکییەکانی وەک بەخت. هەرکەسێک لە هەر قۆناغێکی ژیانیدا ڕەنگە گومانی لە تواناکانی هەبێت، بەڵام ئەو کەسانەی سەرکەوتووترن و خوێندەوارترن زیاتر تووشی ئەم تێکچوونە دەبن.
نیشانەکانی سیندرۆم ئیمپاستەر:
- پشتبەستن بە پێناسەکانی ئەوانی تر بۆ چەسپاندن
- خەمی جێبەجێنەکردنی چاوەڕوانییەکانی خۆت یان کەسانی دیکە
- زیادەڕۆیی لە کارکردن و هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامێکی زیاتر لەوەی چاوەڕوان دەکرا
- خۆ بە بێتوانا زانێن پێش دەستپێکردنی کار یان ئەنجامدانی کاری نوێ.
بێگومان نیشانەکانی هەر مرۆڤێک جیاوازە بەپێی بارودۆخ و مێژوو و جۆری کەسایەتی.
جۆرەکانی سیندرۆم ئیمپاستەر:
1. تەواوکاریخواز:
ئەم جۆرە لە سیندرۆم ئیمپاستەر کاتێک ڕوودەدات کە تۆ کەسێکی تەواوکاری بیت. لەم حاڵەتەدا تۆ وا خەیاڵ دەکەیت کە ئەوەندە باش نیت کە ئەوانی تر دەڵێن، چونکە سیفەتە تەواوکارییەکانت ڕێگریت لێدەکەن باوەڕت پێی هەبێت.
2. شارەزا:
لەم حاڵەتەدا شارەزایەک پێی وایە کە شارەزایی تەواو لە بابەتێکدا نییە. پێی وایە هێشتا شتگەلێک هەیە کە فێری نەبووە لەو بابەتە، بۆیە ناتوانێت بە خۆی بڵێت شارەزا.
3. بەهرەی زگماکی:
لەم حاڵەتەدا تۆ پێت وایە کە توانای پێویستت نییە چونکە بەهرە ناوەکییەکانت قبوڵ ناکەیت. ئەگەر فێربوونی کارامەیییەک یان ئەنجامدانی کارێک لەوە زیاتری بخایەنێت کە چاوەڕێت دەکرد، ئەوا گومانت لە تواناکانت هەیە.
4. تاکەکەسی:
ئەگەر یارمەتیت لە کەسانی تر وەرگرتبێت بۆ ئەوەی بگەیتە پێگەیەک، لەوانەیە هەست بکەیت کە شایەنی ئەوە نیت. ئەمەش سیندرۆم ئیمپاستەره. تۆ باوەڕت وایە کە تۆ شایەنی ئەم پۆستە نیت و نەتتوانی لەسەر خۆت بەدەستی بهێنیت.
5. سوپەرمان:
تۆ پێت وایە دەبێت باشترین و زەحمەتترین کاریگەر بیت بۆ ئەوەی شایەنی ئەوە بیت. ئەگەرنا هەست بە ساختەکاری دەکەیت و شایەنی سەرکەوتن نیت.
هۆکاری سیندرۆم ئیمپاستەر چییە؟

بەپێی لێکۆڵینەوەکان، هەندێک لە نەخۆشییە دەروونییەکانی وەک نەخۆشی دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی و تێکچوونی چالاکی زۆر لە کەمی سەرنجدا ڕۆڵیان هەیە لە ڕوودانی سیندرۆم ئیمپاستەر، هەرچەندە ئەمە بەو مانایە نییە کە هەموو کەسێک کە ئەو تێکچوونەی هەیە بە دڵنیاییەوە تووشی ئەمه دەبێت. خەڵکی هەر چینێکی کۆمەڵایەتی کە هەر بڕە کارامەیی و زانیارییەکیان هەبێت و لە هەر بارودۆخێکدا بن، لەوانەیە تووشی سیندرۆم ئیمپاستەر ببن.
هەندێک تایبەتمەندی ژینگەی کار دەتوانێت ببێتە هۆی دەرکەوتنی نیشانەکانی ئەم تێکچوونە. ژینگەکانی کارکردن کە ئەم تایبەتمەندیانەی خوارەوەیان هەیە بەم شێوەیەن:
- نەبوونی پشتیوانی بۆ کارمەندان
- ژینگەی کارکردنی ناتەندروست
- ڕەخنەی زیادەڕۆیی
- خراپ بەکارهێنان لە شوێنی کاردا
- کەمکردنەوەی پاڵنەرەکانی کارمەند
ژینگەیەکی کارکردن کە کارمەندان هەست بکەن کە بە ڕادەی پێویست هەوڵی زۆر نادەن یان کەس قەدری هەوڵەکانیان نازانێت، یەکێکە لە هۆکارە بنەڕەتییەکانی سیندرۆم ئیمپاستەرە. هەروەها ژنان و کەمینە ڕەگەزییەکان زیاتر لە کەسانی دیکە بەرکەوتەی ئەم تێکچوونە دەبن.
ئەم کۆمەڵە کەسە نیگەرانن لە دەرکردنیان یان بیستنی وەڵامێکی نەرێنی، بۆیە ئەگەری تووشبوونیان زیاترە لە چاو ئەوانی تر. ئەم تێکچوونە زیاتر لە هەندێک جۆر و تایبەتمەندی کەسایەتیدا دەبینرێت. بۆ نموونە کەسانی تەواوکاری و کەسانی دەمارگیر زۆر بەرکەوتەی ئەم تێکچوونە دەبن.
چۆن سیندرۆم ئیمپاستەر دەستنیشان بکەین؟

سیندرۆم ئیمپاستەر لە کتێبە فەرمییەکانی نەخۆشییە دەروونییەکاندا نەهاتووە، بۆیە هیچ پشکنینێکی ستاندارد نییە بۆ دەستنیشانکردنی. بەڵام دەتوانیت نیشانەکانی ئەم تێکچوونە لە خۆت یان کەسانی تردا بناسیتەوە بە وەڵامدانەوەی چەند پرسیارێکی سادە:
- ئایا کاتێک بچوکترین هەڵە دەکەیت خۆت تاوانبار دەکەیت؟
- ئایا سەرکەوتنەکانت دەگەڕێنیتەوە بۆ بەخت یان هۆکاری دەرەکی؟
- ئایا زۆر هەستیاریت بەرامبەر بە ڕەخنەی بنیاتنەر؟
- ئایا هەندێک جار نیگەرانی ئەوەت هەیە کە کەسانی تر پێیان وایە تۆ ناکارامەیی یان ساختەکاری؟
- ئایا گومانت لە تواناکانت هەیە، تەنانەت لەو بوارانەی کە لێهاتوویی و ئەزموونی پێویستت هەیە؟
ئەگەر وەڵامی چەند پرسیارێکی سەرەوەت دایەوە بە بەڵێ، ڕەنگە هەندێک جار هەست بە ئیمپاستەر بکەیت. ئەم نیشانانە بە مانای لاوازی یان ناکارامەیی نییە؛ ناسینەوەیان یەکەم هەنگاوە بۆ بەڕێوەبردن و زاڵبوون بەسەر ئەم هەستەدا.
چارەسەری سیندرۆم ئیمپاستەر:
بۆ زاڵبوون بەسەر هەستەکانی گومانکردن لە خۆت، پێویستە کارامەیی و تواناکانت بیربخەیتەوە. دەتوانیت خاڵە بەهێزەکانت دەستنیشان بکەیت و ناوی سیفەتە ئەرێنییەکانی کەسایەتی خۆت بنێیت. تێگەیشتن لەوەی تۆ کێیت و چی ناوازەت دەکات، یارمەتیت دەدات لەم تێکچوونە دوور بکەویتەوە.
ڕێگایەکی دیکە بۆ چارەسەرکردنی سیندرۆم ئیمپاستەر زیادکردنی خۆئاگادارییە. ئەم چارەسەرانەی خوارەوە دەتوانن یارمەتیدەر بن:
1. بیرکردنەوەکانت بپشکنە:
بە ڕاهێنانی خۆئاگاداری، دەتوانیت زیاتر ئاگاداری بیرکردنەوە و هەستەکانت بیت و لەکاتی سەرهەڵدانیان بیانناسیتەوە. ناسینی بیرکردنەوە نەرێنییەکان یەکەم هەنگاوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵیان.
2. مەشق بکە بە وازهێنان:
ئەو فشار و چاوەڕوانییانەی لەسەر خۆت دادەنێیت کەم بکەرەوە. تەنها ئەوەی کە دەتوانیت بیکەیت، بیکە. کاتێک دەست بە شتێکی نوێ دەکەیت، میهرەبان بە لەگەڵ خۆت و فشار مەخەرە سەر خۆت بۆ ئەوەی تەواو بیت.
3. مەشقی سوپاسگوزاری بکە:
سوپاسگوزاری یارمەتیت دەدات سەرنجت لەسەر لایەنە ئەرێنییەکانی ژیانت بێت و بیرکردنەوە نەرێنییەکان کەمدەکاتەوە. هەر ڕۆژێک بەلایەنی کەمەوە یەک شت بنووسە یان لەبیرت بێت کە سوپاسگوزاریت بۆی.

4. خاڵە بەهێزەکانت بزانە و شانازی پێوە بکە:
بیر لە یادەوەری و سەرکەوتنەکانت بکەرەوە، تەنانەت بچووکترین دەستکەوتەکانیش بەهادار بکەرەوە. لە هاوڕێیان یان خێزانەکەت بپرسە کە پێیان وایە خاڵە بەهێزەکانت چییە.
5. تەحەدای قسەی نەرێنی خۆت بکە:
کاتێک پێت وایە ناتوانیت شتێک بکەیت، لە خۆت بپرسە ئایا بەڵگەی ڕاستەقینە هەیە یان تەنها هەستێکە. بەگشتی هیچ بەڵگەیەکی سەخت نییە کە پشتگیری لەم باوەڕە بکات.
6. خوێندنەوە و فێربوون لە چیرۆکی سەرکەوتنی کەسانی تر:
ناسینی ئەزموونی کەسانی تر ئەوەت بۆ دەردەخات کە کەس بەرگری نییە لەم گومانە لە خۆ و ئەوە لاوازی تۆ نییە.
7. بەکارهێنانی دووپاتکردنەوەی ئەرێنی:
لێدوانی کورت و ئەرێنی وەک «من زۆر کارم کردووە بۆ ئەوەی بگەمە ئەو شوێنەی کە لێم» یان «شایەنی ئەم سەرکەوتنەم» یارمەتیدەر دەبن بۆ بەرزکردنەوەی متمانە بەخۆبوونت.
8. هەستەکانت لەگەڵ کەسانی تردا باس بکە:
لەگەڵ هاوڕێکانت، خێزانەکەت، یان ڕاوێژکارێکی متمانەپێکراو باسی بیرکردنەوە و هەستەکانت بکە. دەتوانن نیشانت بدەن کە تۆ شایستە و بەتوانایت و ئەزموونی هاوشێوەت هەبووە.
9. هەڵبژاردنی ئامانجی واقیعی:
ئەو ئامانجانەی کە زۆر گەورە مەبەستن دەتوانن ببنە هۆی نائومێدی و نیشانەکانی ئیمپاستەر بەهێزتر بکەن. باشترە ئەو تەحەددا و ئامانجانە هەڵبژێریت کە دەتوانرێت بەدەستبهێنرێت.
ئەنجام:
سیندرۆم ئیمپاستەر بۆ پێناسەکردنی ناسنامە یان بەهاکەت نییە. لە کاتێکدا دەتوانێت بێزارکەر بێت، بەڵام نیشانەی لاوازی یان فێڵ نییە؛ زۆرجار لە ئەنجامی هەستیاربوون و بەرپرسیارێتی و هەوڵدان بۆ باشتربوونە. داننان و قبوڵکردنی ئەوەی کە بوونی هەیە، یەکەم هەنگاوە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی.
بە پراکتیزەکردنی خۆئاگاداری و تەرکیزکردن لەسەر خاڵە بەهێزەکانت و قبوڵکردنی کەموکوڕیەکانت و قسەکردن لەسەر هەستەکانت، دەتوانیت ڕەخنەگری ناوەوەت بێدەنگ بکەیت و زیاتر واقیعبینانە بیت سەبارەت بە خۆت. لەبیرت بێت کە گەشەکردن مەحاڵ نییە و سەرکەوتنیش دەرئەنجامی کاری قورس و ئیرادە نەک بەختێکی تەواو. تۆ شایەنی ئەوەی کە ئەمڕۆ لەو شوێنەدا بیت.













2 لێدوانەکان. Leave new
سیندرۆمی ئیمپاستەر نەخۆشی دەروونی نییە و زیاتر وەک کۆمەڵێک نیشانە دەردەکەون. بۆیە ناو بردنی وەک نەخۆشی کارێکی درووست نییە.
مەبەست لەم بابەتانە تەنها ئاگادارکردنەوەیە هاوڕێی ئازیز.