
یەکێک لە ئاماژە باوەکانی زمانی جەستە، زەردەخەنەیە. لەوانەیە لە کاتی گفتوگۆیەکی سادەدا دووبارە و سێبارە زەردەخەنە بکەین. ئەم کارە کاریگەرییەکی زۆری هەیە لە دروستکردنی پەیوەندی کاریگەرانەی مرۆیی و گەیاندنی هەستی هاوڕێیەتی و سۆز.
جۆرەکانی زمانی جەستەی زەردەخەنە:
هەندێک جار زۆرێک لە گرژی و کێشەکانی پەیوەندیکردن تەنها بە پێکەنینەک لەبیر دەکرێن. بێگومان زۆرێک لە خانمان و هەندێک لە پیاوان کاتێک لەژێر فشار و دڵەڕاوکێیەکی زۆردا دەبن، پێدەکەنن. لەگەڵمان بن بۆ ئاشناکردنی 9 زمانی جەستەی زەردەخەنە.
1. زەردەخەنەی ڕاستەقینە(A Duchenne smile):
ئەم پێکەنینە کە لە هەموو جیهاندا بە ڕێژەی 90% وەک نیشانەی دڵخۆشی ناسێنراوە، ئەویە کە دەگاتە چاوەکانت و گۆشەکانی چاوەکانت وەک پێی قەل دەچرچن. زەردەخەنەیەکی ڕاستەقینە ڕاستترین نیشانەی بەختەوەرییە لە زمانی جەستەدا. دوو نیشاندەری سەرەکی:
1. ئاستی چالاکیی ماسولکەی زایگۆماتیکوس مەیجر(zygomaticus major muscle):
توێژینەوەکان دەریدەخەن کە ئاستی دڵخۆشی مرۆڤەکان پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ئاستی چالاکی ماسولکەی زایگۆماتیکوس مەیجرەوە هەیە. تا چالاکی ئەم ماسولکەیە زیاتر بێت، ئاستی بەختەوەری زیاتر دەبێت.
2. چرچبوونی گۆشەی چاو:
لە زۆربەی حاڵەتەکاندا پێکەنینی ڕاستەقینە بە چرچ و لۆچی گۆشەکانی چاو دەناسرێتەوە.
جیاوازی زەردەخەنە لە ژن و پیاودا:
زەردەخەنە نەکردن لە ئافرەتاندا بە نیشانەی ناڕەحەتی و سترێس لێکدەدرێتەوە، لە کاتێکدا لە پیاواندا نیشانەی باڵادەستی و جددییەتی. کەواتە، ئەگەر ژن بیت، دەتوانیت بە پێکەنین لە پەیوەندییەوە دڵخۆشی خۆت بگەیەنیت، ئەگەر پیاویش بیت، دەتوانیت بە پێکەنین کەشێکی ئینتیمی و ئاسوودەتر بۆ خانمان دابین بکەیت.
2. زەردەخەنەی ناڕاستەقینە:
ئەم پێکەنینە بەزۆری لەسەر فەرشی سوور دەبینرێت. زەردەخەنەی گەورە کە ڕاستەقینە نییە و تەنها بۆ سڵاوکردنە. بێگومان هەندێک جار ناسینەوەی ئاسان نییە. هەندێک جار کەمێک نهێنی دەردەکەون.
زەردەخەنەی مۆنالیزا نهێنیترین لە جیهاندا:
تابلۆ بەناوبانگەکەی لیۆناردۆ داڤینچی بەناوی مۆنالیزا کە بەهۆی زەردەخەنە نهێنییەکەیەوە بەناوبانگە لە جیهاندا. لە ساڵی 1516 داڤینچی مۆنالیزای بە پاشای فەرەنسا فرۆشت. لە شۆڕشی فەرەنساوە تا ئەمڕۆ ئەم تابلۆیە لە مۆزەخانەی لۆڤەر هەڵگیراوە. تابلۆی مۆنالیزا لە 21ی ئابی 1911 دزراوە. دزی تابلۆکە کەسێکی ئیتاڵی بوو بە ناوی ڤینسێنزۆ پێروجیا کە کارمەندی لۆڤەر بووە. ئەو پێی وابوو کە ئەم تابلۆیە دەبێ لە ئیتاڵیای زێدی خۆیدا هەڵبگیرێت. بێگومان لەکاتی فرۆشتنی لە ئیتاڵیا دەستگیرکراوە و تابلۆکە دوای دوو هەفتە لە نمایشکردنی لە ئیتاڵیا گەڕایەوە بۆ فەرەنسا و مۆزەخانەی لۆڤەر.
3. نیوە زەردەخەنە یان(Half-smile or Dominance smiles):
پێکەنینی نیوەیش پێی دەوترێت فریودەر. بەکاردێت کاتێک کەسێک بیەوێت کەسێک بخەڵەتێنێت یان درۆیەک بکات یان لە شتێک ڕزگاری بێت. ئەم ئاماژەیەی زمانی جەستە زۆر خۆنمایشکردن و شانازییە. مرۆڤەکان هەندێک جار پێدەکەنن بۆ ئەوەی باڵادەستی نیشان بدەن، بۆ دەربڕینی سووکایەتی یان گاڵتەجاڕی و بۆ ئەوەی کەسانی دیکە هەست بە کەمتر دەسەڵات بکەن. لەوانەیە ناوی لێ بنێیت گاڵتەجاڕی. ئەم زمانە جەستەییە بە ئەگەرێکی زۆرەوە ناهاوسەنگە: لایەکی دەم بەرز دەبێتەوە و لایەکی دیکە لە شوێنی خۆی دەمێنێتەوە یان دەکێشرێتە خوارەوە.
4. زەردەخەنەی ساختە(The lying smile):
ئەمه لە زۆر حاڵەتدا بۆ ڕەچاوکردنی ئەدەب و دروستکردنی پەیوەندی کۆمەڵایەتی بەکاردێت. کاتێک داوامان لێدەکەن لەبەردەم کامێرادا پێبکەنین، بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئێمە ئەم زمانە جەستەییە بەکاردەهێنین. لە زۆر حاڵەتدا پێکەنینەکی بەئەدەب بەکاردەهێنیت. کاتێک بۆ یەکەمجار کەسێک دەناسیت، کاتێک دەتەوێت هەواڵی ناخۆش بدەیت و کاتێک وەڵامێک دەشاریتەوە کە کەسی بەرامبەر پێی خۆش نییە.
لە بارودۆخی پیشەیی چ جۆرە پێکەنینەک بەکاربهێنین؟
پێکەنینی بەئەدەب یارمەتیدەرمانە بۆ پاراستنی جۆرێک لە مەودای وریا لە نێوان خەڵکدا. لە کاتێکدا زەردەخەنە گەرمەکان لە هەستە ڕاستەقینەکانەوە لە کەسانی دیکە نزیکمان دەکاتەوە، بەڵام ئەم نزیکییە هەمیشە گونجاو نییە. زۆرێک لە بارودۆخە کۆمەڵایەتییەکان پێویستیان بە ئینتیمایەکی جێی متمانە هەیە بەڵام ئینتیمای سۆزداری نا. بۆیە لە دۆخێکدا پێکەنینی ڕاستەقینە بەکارمەهێنە کە پێویست بە دروستکردنی پەیوەندی سۆزداری نەکات.
جیاوازی نێوان پێکەنینی ساختە و ڕاستەقینە:
بە پێچەوانەی پێکەنین ڕاستەقینە، کە جوڵەی ماسولکەی زایگۆماتیکوس دەبێتە هۆی چرچبوونی گۆشەکانی چاو، مەودای جوڵەی زەردەخەنەیەکی ساختە و دەستکرد سنووردارە بە لێوەکان. شتێکی تر کە لە ڕاستەقینە جیایان دەکاتەوە ئەوەیە کە لە لای چەپەوە بەهێزتر دەردەکەوێت وەک لە لای ڕاست.
پێکەنین و دەسەڵات:
پێکەنین نیشانەی ڕەزامەندی، گوێڕایەڵییە، تەنانەت ئەگەر ساختە و دەستکردیش بێت. مرۆڤە باڵادەست و بەهێزەکان کەمتر پێدەکەنن. زۆر پێکەنین زیان بە کەسایەتی بەهێزت دەگەیەنێت. لە لایەکی ترەوە زۆر پێکەنین دەتوانێت گوماناوی بێت و وا دەرکەوێت کە دەیانەوێت بە هەر نرخێک بێت ڕەزامەندی تۆ بەدەست بهێنن.
5. زەردەخەنەیەکی دڵڕفێن(charming smile):
پێکەنینەکی کەم و گەرم و خۆشەویستی و دڵڕفێنە. ئەگەر لەگەڵ کچێکدا ڕۆژی ڕۆمانسیت هەبوو، دەتوانیت چاوەڕوانی ئەمه بکەیت. پرۆفیسۆر ڕۆناڵد ئی ڕیجیۆ (Ronald E. Riggio) پێی وایە ئەم پێکەنینە نیشانەیەکی بەهێزی ئیغراکردنە.
6. زەردەخەنە به دەمی داخراو:
ئەمە دەتوانێت نیشانەی گەرمی و چێژ ، ملکەچبوون، نائومێدی یان پێکەنینەکی زۆرەملێ بێت. لەم حاڵەتەدا لێوەکان بە داخراوی دەمێننەوە و گۆشەکانی لێوەکان درێژ دەبنەوە.
7. زەردەخەنەی پان ئەم (The Pan Am smile):
ئەو پێکەنینه ناوی خۆی لە فڕۆکەوانی پان ئەم (Pan Am) وەرگرتووە کە دەبوو بەردەوام بن لە پێکەنین تەنانەت کاتێک کڕیار و بارودۆخ ناچاریان دەکرد پاکەت فستق فڕێ بدەنە ناو کابینەکەوە. ئەم حاڵەتە بە تەواوی زۆرەملێ و ساختەیە و تەنانەت کەمێک توندڕەویش دەردەکەوێت. توێژینەوەکان دەریدەخەن کە کاتێک مرۆڤەکان پۆز دەدەن، هەوڵی زیاتر دەدەن بۆ چەقاندنی ماسولکەی سەرەکی زایگۆماتیکوسیان. لە ئەنجامدا گۆشەکانی دەم زۆر درێژ دەبنەوە و زیاتر ددانەکان دەردەکەون. ئەگەر پێکەنینەک ناهاوسەنگ بێت، ئەوا لای چەپی دەم بەرزتر دەبێت لە لای ڕاست.
8. زەردەخەنەی شەرم(The embarrassed smile):
زۆرجار پێکەنینەک کە بەهۆی شەرمەوە دروست دەبێت، لەگەڵ مەیلکردنی سەر بەرەو خوارەوە و گۆڕینی نیگا بۆ لای چەپ دەبێت. ئەگەر شەرمەزار بوویت، پێدەچێت زیاتر دەست لە سەر و ڕووخسارت بدەیت. توێژینەوەیەک لە ساڵی 2009 لەم حاڵەتەدا جوڵەی سەری پشتڕاستکردەوە. بەڵام پشتڕاستی نەکردۆتەوە کە کەسانی شەرمن بەزۆری بە دەمی داخراوەوە زەردەخەنە دەکەن.
9. زەردەخەنەی دەمارگیری(nervous smile):

ڕەنگە تۆ ئاشنا بیت بەو هەستەی کە لە دۆخێکی سترێسدایت و لەناکاو هەست بەم حەزە شێتانەیە دەکەیت بۆ پێکەنین. نیگەران مەبە، تۆ شێت نیت بەهۆی ئەنجامدانی ئەم کارە. ئەوە دیاردەیەکه کە پێی دەوترێت پێکەنینی دەمارگیری. پێکەنینی دەمارگیری بە هۆکاری جۆراوجۆر ڕوودەدات. هەندێک لێکۆڵینەوە باس لەوە دەکەن کە جەستەت ئەم جۆرە میکانیزمە بەکاردەهێنێت بۆ ڕێکخستنی هەستەکان. توێژینەوەکانی تر دەریانخستووە کە پێکەنینی دەمارگیری ڕەنگە میکانیزمێکی بەرگری بێت لە دژی هەستەکان کە ڕەنگە وامان لێبکات هەست بە لاوازی بکەین.
پزیشکی دەمار V.S. ڕاماچاندران لە کتێبی کورتە مێژوویەک لە هۆشیاری مرۆڤدا ئەم بیرۆکەیەی لێکۆڵیەوە. ئەو پێشنیاری ئەوە دەکات کە پێکەنین بۆ یەکەمجار لە مێژووی مرۆڤایەتیدا دەرکەوتووە بۆ ئەوەی نیشانی دەوروبەرمان بدات کە هەر شتێک کە پێبکەنین، هەڕەشە نییە یان شایەنی نیگەرانی نییە. بۆیە ئێمە لە بنەڕەتدا خۆمان دڵنیا دەکەینەوە کە هەر شتێک کە ناڕەحەتمان دەکات شتێکی گەورە نییە کاتێک بە دۆخێکی نائاساییدا پێدەکەنین. ئەمەش دەتوانێت ئەنجامی میکانیزمێکی بەرگری مەعریفی بێت بۆ کەمکردنەوەی ئەو دڵەڕاوکێیەی پەیوەستە بە ناڕەحەتی یان نیشاندانی خودی هەڕەشەکە کە ئێمە لێی ناترسین.
هەروەها ڕاماچاندران پێشنیاری ئەوە دەکات کە پێکەنین یارمەتیدەرمانە لە چاکبوونەوە لە زەبر و زەنگ بە سەرقاڵکردنی خۆمان لە ئازار و پەیوەستکردنی ئەو ئازارە بە هەستێکی ئەرێنی. هەر لەبەر ئەمەشە کە پێکەنینی دەمارگیری تەنانەت لە پرسە یان ڕووداوە دڵتەزێن و زەبربەخشەکانی تریشدا ڕوودەدات.
ئامۆژگاری سەرنجڕاکێش سەبارەت بە زەردەخەنە:
- ئافرەتان زیاتر لە پیاوان پێدەکەنن، بەتایبەتی کاتێک کەسانی دەوروبەریان نایانناسن.
- مرۆڤەکان زیاتر لەگەڵ کەسانی تر پێدەکەنن نەک بە تەنیا.
- کەسانی ژێردەست زیاتر پێدەکەنن کاتێک کەسانی باڵادەست و پلە باڵا لە دەوروبەریان بن.
- زەردەخەنەی ئافرەت نیشانەی ئارامگرتنە و دەتوانرێت بۆ هێورکردنەوەی پیاوێکی بەهێزتر بەکاربهێنرێت.
- لە ڕووبەڕووبوونەوەی کۆمەڵایەتیدا ئافرەتان 87% و پیاوان 67% کاتەکان پێدەکەنن.
- ئافرەتان بەڕێژەی 26% زیاتر لە پیاوان وەڵامی پێکەنینی ڕەگەزی بەرامبەر دەدەنەوە.
- لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کە پیاوان بە هەڵە هاوڕێیەتی و زەردەخەنە بە بەرژەوەندی سێکسی دەزانن، چونکە پیاوان زیاتر لە ئافرەتان دونیا بەشێوەی سێکسی دەبینن. پیاوان 10 بۆ 20 هێندەی ئافرەتان هۆرمۆنی تێستۆستیرۆنیان زیاترە.
- پێکەنینەکی تر هەیە پێی دەوترێت زەردەخەنەی نادیار. بیر لە مۆنالیزا بکەرەوە. زەردەخەنەیەکە کە پێدەچێت بتوانێت هەر هەستێک بگەیەنێت: پێکەنین، گریان، توڕەیی یان ترس.
ئەزمونی ئێوە لەو بوارەدا چییە؟ دەتوانن لە خوارەوە لەگەڵمان بڵاوی بکەنەوە.












