ئایا کەسێک دەناسیت کە خۆ بە هەموو شتێکزان به؟ ئەم کەسانە بۆچوونی ناکۆکی خۆیان بە دەنگی بەرز و بە تۆنێکی خۆبەزلزانانە دەردەبڕن و ئەگەری ئەوە هەیە کە هەرگیز نەتبیستبێت وشەی “نازانم” بڵێن. پەیوەندی لەگەڵ ئەو کەسانەدا زۆر قورس و مەترسیدارە، چونکە ئەگەر ئاگاداری تەندروستی دەروونی خۆت نەبیت، لەوانەیە زیانت پێ بگەیەنن. لەم بابەتەدا 10 ڕێگەی پراکتیکی و کاریگەر بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کەسانە دەخەینەڕوو. لەگەڵمان بمێنەرەوە.
خۆ بە هەموو شتێکزان کێیە؟
هەموومان کەسێک دەناسین کە پێی وایە هەموو شتێک دەزانێت لە کاتێکدا زانیاری و توانا ڕاستەقینەکانی خۆی لەبەرچاو ناگرێت. ئەم کەسانە مەیلیان هەیە بە تەواوی دەست بەسەر گفتوگۆکەدا بگرن؛ بیروڕای ئەوانی تر پشتگوێ دەخەن و بڕیار دەدەن بەبێ ئەوەی لایەنی جیاواز لەبەرچاو بگرن. وەک ئەوە مامەڵە دەکەن کە لە هەموو شوێنێک بوون و هەموو شتێکیان ئەزموون کردبێت و چارەسەرێکیان بۆ هەموو کێشەیەک هەبێت. شارەزایان بەو جۆرە کەسانە بە خۆ به هەموو شتێکزان ناودەبەن.
زۆر قورسە لەگەڵ کەسێکدا بژیت کە پێی وایە هەموو شتێک دەزانێت. ئەم کەسانە گوێگرێکی باش نین و دژی هەر شتێک دەبن بۆ ئەوەی مەبەستەکەیان بگەیەنن. تەنانەت هەندێکیان ڕەفتاری شەڕانگێزی و دڕندانەیان هەیە و چەوساندنەوەی دەوروبەریان دەکەن.
ئایا خۆ بە هەموو شتێکزان بوون نیشانەی نەخۆشی دەروونییە؟
ڕەنگە هەندێک کەس بۆ شاردنەوەی نائەمنیەکانیان یان بۆ قەرەبووکردنەوەی شکستەکانی ڕابردوو، دەمامکی خۆ بە هەموو شتێکزان لەبەر بکەن. بەمەش دەیانەوێت خاڵە لاوازەکانی کارەکتەری خۆیان بشارنەوە و لە ژینگەی کۆمەڵایەتی مرۆڤایەتیدا بە زانا و سەرکەوتوو دەرکەون. هەندێک جار ئەو کەسانەی خۆیان بە هەموو شتێکزان دەزانن تووشی نەخۆشی کەسایەتی نەرگسی یان ئاڵۆزی باڵادەستی بوون. ئەو کەسانەی ئەم نەخۆشیەیان هەیە بەزۆری کەسانی تر زەلیل دەکەن بۆ ئەوەی هەست بە باشتربوونی خۆیان بکەن. بەپێی دەستنووسی دەستنیشانکردنی نەخۆشییە دەروونییەکان، ئەگەر کەسێک بەلایەنی کەمەوە 5 لەم تایبەتمەندیانەی خوارەوەی هەبێت، لەوانەیە تووشی ئەم نەخۆشییە بووبە:
- پێویستی بە ستایشی زۆرە؛
- زیادەڕەوی لە زیرەکی و دەستکەوت و بەهرەکانی دەکات؛
- ئەو پێی وایە کە تایبەتە و تەنیا کەسانی دیاریکراو دەتوانن لێی تێبگەن؛
- ڕەفتاری خۆبەزلزانی هەیە؛
- خەیاڵی گەورەی هەیە سەبارەت بە زیرەکی و جوانی و دەسەڵات و سەرکەوتنی؛
- پێی وایە شایەنی پۆستێکی زۆر بەرزە؛
- چاوەڕێی ئەوە دەکات کەسانی دیکە بە شێوەیەکی تایبەت مامەڵەی لەگەڵ بکەن و گوێڕایەڵی بکەن؛
- ئیرەیی بە کەسانی تر دەبات و وا بیر دەکاتەوە کە ئەوانی تر ئیرەیی پێدەبەن؛
- ئەوانی تر بۆ قازانجی کەسی دەقۆزێتەوە؛
- نایەوێت یان ناتوانێت هاوسۆزی کەسانی تر بێت.
چارەسەری مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کەسانەی کە خۆ بە هەموو شتێکزان دەزانن:
بوون لە دەوروبەری کەسانێک کە خۆ بە هەموو شتێکزان دەزانن هەستێکی ئاڵۆز دروست دەکات. ئەم کەسانە خۆیان وەک باڵادەست دەردەخەن و وامان لێدەکەن هەست بە ناڕەحەتی، توڕەیی و نائەمنی بکەین. مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم کەسانە کارێکی قورسه، بەڵام ڕێگە هەیە کە دەتوانیت دۆخەکە بەڕێوەببەیت و پەیوەندییەکی کاریگەر و سوودبەخش لەگەڵیان دروستبکەیت.
بێگومان قسەکردن لەسەر شێوازە گونجاوەکانی مامەڵەکردن لەگەڵیان ئاسانترە لەوەی کە کاریان لەسەر بکەین. پێویستت بە کات و مەشقی بەردەوامە بۆ ئەوەی کاردانەوەکانت کۆنتڕۆڵ بکەیت. لەم بەشەی خوارەوەدا کۆمەڵێک شێوازی دروستی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو جۆرە کەسانە دەخەینەڕوو، کە ڕەنگە لە بارودۆخی جیاوازدا بۆ ئێوە سوودبەخش بن.
1. بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کەسێ خۆ بە هەموو شتێکزان، ئارام بگرن
توڕەبوون هەستێکی سروشتی مرۆڤە و دەتوانێت لە هەندێک بارودۆخدا یارمەتیدەر بێت، بەڵام ئەگەر مامەڵە لەگەڵ کەسێکدا دەکەیت کە پێی وایە هەموو شتێک دەزانێت، ئەوە دەتوانێت شتەکان خراپتر بکات. هەوڵبدە لەکاتی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم کەسانەدا ئارام بیت. بەم شێوەیە دەتوانیت کێشەکە بە ڕوونی ببینیت و بە باشی شیکاری بکەیت.
پێش ئەوەی وەڵامی هەر وشەیەک بدەیتەوە سەرەتا بیربکەرەوە. زۆربەی خەڵک گوێگرێکی باش نین و کاتێک لایەنی بەرامبەر قسە دەکات، گرنگی پێ نادەن و بیر لە وەڵامەکەی دەکەنەوە لە سەریان. هەوڵبدە چالاکانە گوێبگریت، بە وردی بیربکەیتەوە و دواتر وەڵام بدەیتەوە. وەڵامێکی حیسابکراو ڕێزی زیاترت پێدەبەخشێت و دەرفەت بە خۆ بە هەموو شتێکزانەکە نادات کە هەڵە بدۆزێتەوە.
2. بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کەسێ خۆ بە هەموو شتێکزان، مەسەلەکە مەکەن بە کەسی
تێبگە کە ڕەفتاری ئەو کەسانە هیچ پەیوەندییەکی بە تۆوە نییە. ئەوانەی خۆیان بە هەموو زانا دەزانن هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ تۆدا نییە؛ بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەست و تەحەددیاتی ناوەوەیان بەم شێوەیە مامەڵە دەکەن. ئەگەر گرنگی بە شێوازی ڕەفتاری درێژخایەنیان بدەیت، دەبینیت کە بەم شێوەیە مامەڵە لەگەڵ هەموو کەسێکدا دەکەن. سنوور دابنێ بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ خۆ بە هەموو شتێکزانەکان. لەوانەیە سنوورەکانت پشتگوێ بخەن و ڕەفتارەکانیان نەگۆڕن، بەڵام دوای ماوەیەک که پێداگری لەسەر سنوورەکانت دەکەیت، بە نائاگایی تێدەگەن کە کەسایەتییەکی بەهێزت هەیە و باشتر ڕەفتار دەکەن.
3. بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کەسێ خۆ بە هەموو شتێکزان، موناقەشە مەکەن
ئەو کەسانەی خۆیان بە هەموو زانا دەزانن پێیان وایە هەموو شتێک دەربارەی تۆ و بارودۆخە جۆراوجۆرەکان و هەموو جیهان دەزانن. لە گفتوگۆ و مشتومڕدا لێهاتوون و دەرفەتی قسەکردن بە کەسانی دیکە نادەن. وا دیارە بۆ هەر وشەیەک وەڵامێکی ئامادەیان هەیە و فێربوون بەپێی ئامانجەکانیان ئارگیومێنتی ڕواڵەت لۆژیکی بکەن و لە بارودۆخی جیاوازدا بیخەنە ڕوو.
سروشتییە کاتێک گوێمان لە کەسێک دەبێت کە شتێکی هەڵە دەڵێت، بمانەوێت بەرگری لە خۆمان بکەین، بەڵام لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم کەسانە باشترە بە هۆشیارییەوە مامەڵە بکەین و نەچینە ناو دەمەقاڵە چونکە ئەوان لە سووڕێکی خراپدا دەتخەنە تەڵەوە و ناهێڵن سەرکەویت . لەم دۆخەدا باشترە ڕێگەیەک بدۆزیتەوە بۆ ئەوەی بە میهرەبانی و هاوسۆزی بۆچوونەکەت دەرببڕیت، یان ئەگەر هێرشیان کردە سەرت، کاریگەرییان لەسەرت نەبێت. لە گفتوگۆکە دەربچن و کاتێک وەهمەکانیان لەبارەی باڵادەستییەوە کۆتایی هات، دەست پێبکەنەوە. سەرەڕای ئەوەش، لەبری ئەوەی بەشداری گفتوگۆیەکی درێژخایەن بکەیت، دەتوانیت بە ڕستەیەکی سادەی وەک “سوپاس بۆ پێشنیارەکەت” کۆتایی بە گفتوگۆکە بهێنیت.
4. بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کەسێ خۆ بە هەموو شتێکزان، خاڵە بەهێزەکانی خۆت بزانە
مامەڵەکردن لەگەڵ کەسێ خۆ بە هەموو شتێکزان ماندووکردنە و وزەیەکی زۆری دەوێت. متمانە بەخۆبوون چەکێکی کاریگەرە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم کەسانە. ئەگەر هەوڵی لەناوبردنی تۆیان دا، مەکەو بەم تەڵەیە. خاڵە بەهێز و تواناکانت لەبەرچاو بگرە و یارمەتییان لێ وەربگرە. جگە لەوەش متمانە بەخۆبوون وا دەکات هەست بە کەمتەرخەمی و ناکارامەیی نەکەیت لەکاتی کارلێککردن لەگەڵ ئەم کەسانەدا. لەبیرت نەچێت هەڵسوکەوتی ئەم کەسانە لە نائەمنییانەوە سەرچاوەی گرتووە و نازانن چ کاریگەریەکی خراپیان لەسەر کەسانی تر هەیە، بۆیە لەکاتی مامەڵەکردن لەگەڵ کەسێک کە خۆی بە هەموو شتێک دەزانێت وریا و هۆشیاربە. پشت بە تواناکانت ببەستە و مەهێڵە زیان بە تەندروستی دەروونیت بگەیەنێت.
5. بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کەسێ خۆ بە هەموو شتێکزان، هاوسۆز بە
هەوڵبدە هاوسۆزی بیت لەکاتی مامەڵەکردن لەگەڵ کەسێکدا کە پێی وایە هەموو شتێک دەزانێت. ئەم چارەسەرە کەمێک قورسە، بەڵام هەوڵبدە لە ڕوانگە و هەڵوێستەکەی تێبگەیت. ئەم کەسانە زۆرجار بەدەست نەبوونی متمانە بەخۆبوون یان کێشەیەکی کەسییەوە دەناڵێنن و دەمامکی هەمووزانیان هەڵبژاردووە بۆ ئەوەی دڵتەنگ نەبن. لەبری توڕەبوون لێیان تێبگە؛ دوور بکەوەرەوە لە مشتومڕکردن لەگەڵیان و بە هاوسۆزی لەگەڵ ئەم کەسانە قسە بکە. لەبیرت بێت خۆ بە هەموو شتێکزان گەمژە و بێ خوێندەوارت ناکات. ڕێزت دەگرێت، بەڵام جیاوازی نێوان ڕاستی و بۆچوون نازانێت، بۆیە ئارامبە و وەڵامە ناعەقڵانییەکانیان پشتگوێ بخە.
6. بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کەسێ خۆ بە هەموو شتێکزان، بە ئامار و نموونە قسە بکە
ئەگەر وەک بەڕێوەبەرێک لەگەڵ کەسێ خۆ بە هەموو شتێکزان بچیتە ناو کۆبوونەوەکە، دەبێت ڕاستگۆیی و کراوەیی خۆت نیشان بدەیت. ڕاوێژکاران دەڵێن ئەو کەسانەی لە کۆبوونەوەکەدا ئامادەن، لاسایی ڕەفتاری بەڕێوەبەری کۆبوونەوەکە دەکەنەوە؛ بۆیە باشە شتگەلێک بڵێیت کە نەرمی خۆت نیشان بدات و کەشوهەوای کۆبوونەوەکە بە ئارامی بهێڵیتەوە. بۆ نموونە بڵێ: “با بیرۆکەکانمان دەرببڕین بۆ دۆزینەوەی وەڵامی جیاواز بۆ ئەم کێشەیە”.
ئەم ڕەفتارە دەرفەتێک دەدات بە هەموو کەسێک بۆ دەربڕینی بۆچوونی خۆی و کەسێ خۆ بە هەموو شتێکزان ناتوانێت دەست بەسەر گفتوگۆکەدا بگرێت. ئەگەر پرسێک دەخەیتە بەردەم بەڕێوەبەرەکەت یان خاوەنکارەکەت، بە ئامار و هۆکارەکانەوە قسە بکە. دڵنیابە لە زانیاریەکانت و پێش کۆبوونەوەکە پشکنینیان بۆ بکە. تا ئامار و زانیاری وردترت هەبێت، ئەگەری ئەوە کەمتر دەبێت کە کەسێ خۆ بە هەموو شتێکزان دەستوەردان بکات لە گفتوگۆکانتدا.
7. بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کەسێ خۆ بە هەموو شتێکزان، بە نوکتە بمێنەرەوە
ئەوانەی خۆیان بە هەموو شتێکزان دەزانن، ڕەفتاری بەرگری و شەڕانگێزییان هەیە. خراپترین شت کە دەتوانیت بەرامبەریان بکەیت ئەوەیە کە هەست بە مەترسی بکەن. قسەکردن بە گاڵتەجاڕیەوە هەستی ترس دەوروژێنێت و کاریگەری نەرێنی لەسەر گفتوگۆکانت دەبێت. بەڵکو هەناسەیەکی قووڵ هەڵمژە و زەردەخەنە بکە و بە نوکتە درێژە بە گفتوگۆکە بدە. نوکتە ئینتیما و هاوڕێیەتی نێوان مرۆڤەکان نیشان دەدات.
8. بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کەسێ خۆ بە هەموو شتێکزان، پرسیار بکە
کەسێ خۆ بە هەموو شتێکزان چێژ لە ناکۆکی و دەربڕینی بۆچوونی ڕەخنەگرانە وەردەگرێت. ئەگەر ئەم دۆخە بێزاری کردی، بە پرسیار تەحەدای بکە. ئەمەش ناچاری دەکات پێش قسەکردن بیربکاتەوە و وەڵامێکی ناعەقڵانی نەداتەوە. کاتێک قسە لەگەڵ کەسێک دەکەیت کە پێی وایە هەموو شتێک دەزانێت، بە ڕێزەوە پرسیاری لێ بکە. بۆ نموونە بپرسە بۆچی پێی وایە شتێک ڕاستە یان سەرچاوەکانی لە کوێوە وەرگرتووە. پرسیاری بنچینەیی و ورد و وردە دووبارە و سێبارە فێری ئەوە دەکات کە پێش قسەکردن پێویستە سەرچاوە و هۆکاری دروست بۆ ئەو قسانەی کە دەیڵێن بدۆزنەوە
9. بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کەسێ خۆ بە هەموو شتێکزان، فیدباکێکی بنیاتنەر پێشکەش بکە
لەوانەیە باوەڕت پێی نەبێت، بەڵام هەموو زانەکە ئاگاداری کاریگەری نەرێنی ڕەفتارەکانی لەسەر کەسانی دیکە نییە. ئەم کەسانە هەمیشە وا دیارە متمانەیان بەخۆیان زۆرە، بەڵام زۆرجار بەدەست هەستکردن بە نائەمنی و ناتەواوییەوە دەناڵێنن. ئەگەر ڕەفتاری کەسێ خۆ بە هەموو شتێکزان بێزارت دەکات، باشتر وایە بۆ کوپێک قاوە یان کۆبوونەوەیەکی تایبەت بانگهێشتی بکەیت و پێی بڵێیت لە ژینگەیەکی ئارام و سەلامەتدا چۆن هەست دەکەیت. ڕاستگۆبە لە دەربڕینی هەستەکانت و خۆبەگەورەزانینی مەکە بە ئامانج. بۆ نموونە دەتوانیت بڵێیت، “هەندێکجار بۆ من قورسە دەربڕینی خۆمم چونکە شەرمم و ناتوانم قسەکانی کەسانی تر ببڕم. دەتوانن چاوەڕێ بکەن تا قسەکانم تەواو بکەم و دواتر سەرنجەکانتان بدەن؟”
هەروەها دەتوانیت ئەم تەکنیکە لە کۆبوونەوەکاندا بەکاربهێنیت. ئەگەر کەسێ خۆ بە هەموو شتێکزان هاتە ناو گفتوگۆکەتەوە، دەتوانیت داواکارییەکەت ڕوون و بە ئەدەب بکەیت. بۆ نموونە بڵێ “رێزێکی زۆرم بۆ بۆچوونەکەت هەیە، بەڵام لە ئێستادا شتێکی ترم لە مێشکدایە”. ئایا دەتوانیت تەنها وردەکاری زیاتر لەسەر ئەم بابەتە تایبەتە بخەیتەڕوو؟
10. بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کەسێ خۆ بە هەموو شتێکزان، پەیوەندیتان سنووردار بکەن
ئەگەر هەموو شێوازەکانی پێشووت تاقیکردۆتەوە و هێشتا هیچ ئەنجامێکت نەبووە، پەیوەندیت لەگەڵ کەسێ خۆ بە هەموو شتێکزان سنووردار بکە. بانگهێشتی ئەو جۆرە کەسانە مەکەن بۆ دەرەوە، سەردانی شوێنە دڵخوازەکانیان مکەن و وەڵامی پەیوەندییە تەلەفۆنییە ناپێویستەکانیان مەدەنەوە. لەوانەیە تۆ ئەم ڕەفتارە دڕندانە و بێ ئەدەبانە بزانیت، بەڵام لەبیرت نەچێت کە تەندروستی دەروونیت لە هەموو شتێک گرنگترە.
ئەگەر هاوکارێکت هەبێت کە وەک کەسێ خۆ بە هەموو شتێکزان بیربکاتەوە، ئەوا تۆ لە دۆخێکی سەختتردایت، چونکە ناتوانیت بە ئاسانی خۆت لە کۆبوونەوە لەگەڵیدا بپارێزیت. لەم حاڵەتەدا دەتوانیت وا نیشان بدەیت کە گوێت لێیان نییە یان بە ئەدەبەوە زەردەخەنە بکەیت و بێدەنگ بیت. جگە لەوەش دەتوانیت بە ڕستەی کورت بابەتەکە بگۆڕیت یان نەهێڵیت زۆر قسە بکەن.
دوا وشە:
پەیوەندیکردن لەگەڵ کەسێ خۆ بە هەموو شتێکزان وزەیەکی زۆرت لێ وەردەگرێت و ڕەنگە ڕەفتارە خراپەکانیان بۆ ماوەیەکی زۆر بێزارت بکات. لەبیرت نەچێت کە تەندروستی دەروونیت لە هەموو پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی گرنگترە و پێویستە بە شێوەیەکی دروست لەگەڵ ئەو کەسانە قسە بکەیت بۆ ئەوەی نەکەویتە داوی ئەوانەوە.
ڕای ئێوە چییە؟ ئایا هیچ ئەزموونێکتان هەیە لەم بارەیەوە؟