
پەیوەندی نێوان کەسەکان بەشێکی گەورە و گرنگی ژیانت پێکدەهێنن. ئەم تێکەڵبوون و هاوبەشیانە دەتوانن لە نزیک و ئینتیمیەوە تا دوور و تەحەدا بن. زۆربەمان دەزانین لە چ جۆرە پەیوەندیداربوونێکدا بەشدارین، بەڵام هەندێک جار لە هاوبەشییەکانماندا زۆر ڕاستگۆ نین لەگەڵ خۆمان و نامانەوێت دان بەوەدا بنێین کە ئەو گرێدراویە پەیوەندییەکی تەندروست نییە.
ڕەنگە بە ناسینی جۆرەکانی پەیوەندی و ئەو کاریگەرییەی کە هەریەکەیان لەسەر ژیانمان هەیەتی، بتوانین باشتر تێبگەین کە هاوبەشییەکەمان سەر بە کام پۆلە و بڕیارێکی دروست بۆ ژیانمان بدەین.
پەیوەندیی سۆزداری و هاوسەرگیری لە هەر نەتەوەیەکدا بناغەی ژیانی داهاتوو و تەندروستی دەروونی کۆمەڵگا پێکدەهێنن، بۆیە پێویستە لە هەڵبژاردنی ئەم جۆرە هاوبەشیانەدا زۆر وریا بین. لێرەدا 6 جۆر پەیوەندی دەناسێنین و هیوادارین سوودی هەبێت بۆ ئێوەی ئازیز.
پەیوەندی چییە؟
پەیوەندی بریتییە لە هەر جۆر تێکەڵبوونێک نێوان دوو کەس کە دەتوانێت ئەرێنی یان نەرێنی بێت. مرۆڤ دەتوانێت هاوبەشی و پەیوەندیداربوونی جۆراوجۆری هەبێت لەگەڵ کۆمەڵێک کەس، وەک خێزان و هاوڕێیان. دەستەواژەی «بوون لە پەیوەندیدا» زۆرجار پەیوەست دەکرێت بە پەیوەندییە سۆزدارییەکان، بەڵام لە ڕاستیدا ئاماژەیە بۆ هەر جۆرە هاوبەشییەک کە کەسێک لەگەڵ کەسێکی دیکەدا هەیەتی.
«لە پەیوەندیدا بوون» هەمیشە بەو مانایە نییە کە ئینتیمای جەستەیی، وابەستەیی سۆزداری یان پابەندبوونی فەرمی لە نێواندا هەبێت. مرۆڤەکان لە ژیانیاندا بەشداری جۆرە جیاوازەکانی گرێبەست و پەیوەندیداربوون دەکەن، کە هەریەکەیان تایبەتمەندی و شێوازی تایبەتی خۆیان هەیە.
لە چ پەیوەندییەکدایت؟ ناسینی 6 جۆری پەیوەندی
بەزۆری پەیوەندییەکان دەکەونە یەکێک لە چەند پۆلێکی جیاوازەوە:
- خێزان
- هاوڕێیەتی
- ناسیاوەکان
- ڕۆمانسی
- سێکس
- بازرگانی
- بارودۆخییەکان
ئەم فۆرمە جیاوازانەی پەیوەندییەکان دەتوانن لە نزیکایەتیدا زۆر جیاواز بن و هەروەها ژێر جۆری جیاوازەکانی هاوبەشی لەناو هەریەکێک لەم جۆرە بنەڕەتیانەدا هەن. هەندێک لەو جۆرە جیاوازانە کە ڕەنگە لە هەندێک کاتدا لە ژیانتدا ئەزموونی بکەیت بریتین لە:
1. پەیوەندی ئەفلاتونی (Platonic relationships):

پەیوەندی ئەفلاتونی جۆرێکە لە هاوڕێیەتی کە تێکەڵبوونێکی نزیک و ئینتیمی لەخۆدەگرێت، بەبێ سێکس و ڕۆمانسیەت. ئەم شێوازەی هاوبەشییە زۆرجار بەم تایبەتمەندیانە ناسراوە:
- نزیکی
- حەز
- تێگەیشتن
- سەرنج
- ئاگا لێ بوون
- پشتیوانی
- ڕاستگۆیی
- قبوڵکردن -قبوڵ بکرێت
ئەفلاتونی دەتوانێت لە بارودۆخێکی بەرفراواندا ڕوو بدات و هاوڕێیەتی نێوان هاوڕەگەز یان ڕەگەزی بەرامبەر لەخۆ بگرێت. لەوانەیە ئەم جۆرە هاوبەشییە لەگەڵ هاوپۆلێک یان هاوکارێکت پەرەپێبدەیت، یان پەیوەندیت لەگەڵ کەسێکدا هەبێت لە شوێنێکی تردا، وەک یانێک، چالاکییە وەرزشییەکان، یان ڕێکخراوێکی خۆبەخشی کە لەگەڵیدا بەشداریت.
ئەم جۆرە هاوڕێیەتییە دەتوانێت ڕۆڵێکی سەرەکی بگێڕێت لە پێشکەشکردنی ئەو پشتگیرییە کۆمەڵایەتییەی کە پێویستە بۆ تەندروستی و خۆشگوزەرانیت. توێژینەوەکان دەریدەخەن کە هاوڕێیەتی ئەفلاتونی دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی و کەمکردنەوەی مەترسی خەمۆکی یان دڵەڕاوکێ و بەرزکردنەوەی بەرگری لەش.
پەیوەندی ئەفلاتونییەکان ئەوانەن کە ئینتیما و هاوڕێیەتی بەبێ سێکس لەخۆدەگرێت. هەندێک جار دەتوانن بە تێپەڕبوونی کات بگۆڕدرێن بۆ پەیوەندییەکی سۆزداری یان سێکسی.
2. پەیوەندی ڕۆمانسی(Romantic relationships):

پەیوەندییە ڕۆمانسیەکان ئەوانەن کە هەستی خۆشەویستی و سەرنجڕاکێشان لەخۆدەگرێت و لەکاتێکدا خۆشەویستی ڕۆمانسی دەتوانێت جیاواز بێت، بەڵام زۆرجار هەستکردن بە سۆز و ئینتیما و پابەندبوون لەخۆدەگرێت. شارەزایان ڕێگەی جیاوازیان بۆ وەسفکردنی چۆنیەتی ئەزموون و دەربڕینی خۆشەویستی مرۆڤەکان هێناوەتە ئاراوە.
بۆ نموونە ڕۆبەرت ستێرنبێرگ، دەروونناس، سێ پێکهاتەی سەرەکی خۆشەویستی پێشنیار دەکات: سۆز، ئینتیما و پابەندبوون. ڕوونی دەکاتەوە کە خۆشەویستی ڕۆمانسی تێکەڵەیەک لە سۆز و ئینتیمایە. پەیوەندییە ڕۆمانسیەکان بە تێپەڕبوونی کات دەگۆڕدرێن. لە سەرەتادا، مرۆڤەکان بەزۆری هەست بە سۆزێکی بەهێزتر دەکەن. لەم ماوەیەی سەرەتاییدا، مێشک هەندێک گواستەرە دەمارییەکان (دۆپامین، ئۆکسیتۆسین و سیرۆتۆنین) ئازاد دەکات کە وا لە مرۆڤەکان دەکەن هەست بە خۆشحاڵی و «عاشقی» بکەن.
بە تێپەڕبوونی کات ئەم هەستانە دەست دەکەن بە کەمبوونەوە لە چڕیدا. لەگەڵ پەرەسەندنی پەیوەندییەکەدا، مرۆڤەکان ئاستی قووڵتری ئینتیما و تێگەیشتنی سۆزداری دەدۆزنەوە. زۆرجار پەیوەندییە ڕۆمانسیەکان لە سەرەتاوە سۆزدارن، لەکاتێکدا هەستە سەرەتاییەکانی سۆز بەگشتی بە تێپەڕبوونی کات کەمدەبێتەوە و هەستکردن بە متمانە و ئینتیمای سۆزداری و پابەندبوون بەهێزتر دەبێت.
3. پەیوەندی ژەهراوی(toxic relationships):
پەیوەندی ژەهراوی بریتییە لە هەر جۆرە پەیوەندییەکی نێوان کەسی کە تێیدا باشبوونی سۆزداری، جەستەیی، یان دەروونیت بە جۆرێک لە جۆرەکان تێکدەچێت یان مەترسی لەسەر دروست دەبێت. زۆرجار ئەم جۆرە هاوبەشیە هەست بە شەرمەزاری، زەلیلبوون، تێنەگەیشتن، یان بێ پشتیوانیکردنت دەکات. هەر جۆرە پەیوەندییەک دەتوانێت ژەهراوی بێت، لەوانە هاوڕێیەتی، خێزان، سۆزداری، یان لە شوێنی کار.
پەیوەندییە ژەهراویەکان بەم شێوەیە تایبەتمەندن:
- نەبوونی پشتیوانی
- لۆمەکردن
- توانای کێبڕکێ
- خۆ سانسۆرکردن
- بێ ڕێزی
- ناپاکی
- دوژمنایەتی
- ئیرەیی
- ڕەفتارە شەڕانگێزە پاسیڤەکان
- خراپی پەیوەندی
- فشار
هەندێک جار هەموو کەسەکان لە پەیوەندییەکدا ڕۆڵیان هەیە لە هۆکاری ئەم ژەهراویبوونە. بۆ نموونە ئەگەر بەردەوام بێ میهرەبان و ڕەخنەگر و نائەمنی و نەرێنی بیت، لەوانەیە بەشدار بیت لە ژەهراویبوون.
لە حاڵەتەکانی تردا ڕەنگە کەسێک بە شێوەیەک ڕەفتار بکات کە هەستی ژەهراوی دروست بکات. ڕەنگە ئەمە بە مەبەست بێت، بەڵام لە حاڵەتەکانی تردا، ڕەنگە مرۆڤەکان بە تەواوی تێنەگەن کە چۆن کاریگەرییان لەسەر کەسانی دیکە هەیە. بەهۆی ئەزموونەکانی ڕابردوویانەوە، زۆرجار لە ماڵەکەی خۆیاندا، ڕەنگە هیچ ڕێگەیەکی تر نەزانن بۆ ڕەفتارکردن و پەیوەندیکردن.
پەیوەندییە ژەهراویەکان زیانێکی زۆر بە تەندروستیت دەگەیەنن. بۆ نموونە بەپێی توێژینەوەیەک، فشاری دەروونی لە هاوبەشیە نەرێنییەکانەوە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر تەندروستی دڵ و خوێنبەرەکان هەیە. هەستکردن بە گۆشەگیری و هەڵە تێگەیشتن لە پەیوەندییەکدا دەتوانێت ببێتە هۆی تەنیایی، کە دەرکەوتووە کاریگەری زیانبەخشی لەسەر تەندروستی جەستەیی و دەروونی هەیە.
هەروەها دەتوانن سترێس و زیانبەخش و تەنانەت خراپەکاریش بن. ئەگەر پەیوەندییەکی ژەهراوی لەگەڵ کەسێک لە ژیانتدا هەیە، کار لەسەر دروستکردنی سنوورێکی بەهێز بکە بۆ پاراستنی خۆت. لەگەڵ پسپۆڕێکی تەندروستی دەروونی قسە بکە یان کۆتایی بە هاوبەشیەکە بهێنە ئەگەر ئازارت دەدات.
4. پەیوەندی وابەستە(Dependent relationships):

پەیوەندی وابەستە جۆرێکە لە پەیوەندی ناهاوسەنگ و ناکارامە کە تێیدا کەسێک وابەستەی سۆزداری، جەستەیی یان دەروونی بە لایەنی بەرامبەرەوە هەیە. جۆرێکی تری هەیە کە هەردوو لایەن وابەستەن و لە هەڵاوسان و یەک لە دوای یەکدا کەسێک دەبێتە چاودێر و ئەوی تریان دەبێتە وەرگر و ئەم خولە بەردەوام دەبێت.
تایبەتمەندیەکانی پەیوەندی وابەستە بریتین لە:
- تۆ وەک بەخشەر مامەڵە دەکەیت لە کاتێکدا کەسی بەرامبەر وەک وەرگر مامەڵە دەکات.
- هەموو هەوڵێک دەدەیت کە لەگەڵ هاوبەشی ژیانت تێکەڵ نەبیت و دڵخۆشی بهێڵیتەوە.
- هەست دەکەیت پێویستت بە مۆڵەتە بۆ ئەنجامدانی کارەکان.
- بە توندی هەست دەکەیت کە بەرپرسیاریت لە پاراستنی ئەو کەسەی لەبەردەمتدایە.
- بۆ دڵخۆشکردنی بەرامبەرەکەت هەر کارێک دەکەیت، تەنانەت ئەگەر خۆتیش دڵتەنگ بوویت.
- هەست دەکەیت نازانیت شوناس و ڕۆڵی تۆ چییە لە هاوبەشیەکەدا.
- بەرزکردنەوەی کەسی بەرامبەر تەنانەت ئەگەر هیچی نەکردبێت بۆ بەدەستهێنانی نیازپاکی و سەرسامی تۆ.
بەڵام هەموو پەیوەندییە هاووابەستەکان وەک یەک دروست ناکرێت. دەتوانن لە چڕیدا جیاواز بن. ئالوودەبوون دەتوانێت کاریگەری لەسەر چەندین جۆری جیاوازی پەیوەندی هەبێت، لەوانە له نێوان هاوسەرەکان، دایک و باوک و منداڵەکان، هاوڕێیان، ئەندامانی تری خێزان و تەنانەت هاوکارەکانیش.
پەیوەندییە وابەستەکراوەکان لە کارلێککردندا بنیات دەنرێن. لە کاتێکدا ڕەنگە هاوبەشێک زیاتر «پێویست» دەرکەوێت، هاوبەشەکەی دیکە ڕەنگە هەست بە ئاسوودەیی زیاتر بکات. بۆ نموونە کەسێک کە هەست بە ئاسوودەیی زیاتر دەکات، ڕەنگە خۆی لە گرنگیدان بە پێداویستییەکانی خۆی بەدوور بگرێت بە هەڵبژاردنی هاوبەشێک کە بەردەوام داوای پشتگیری دەکات.
5. پەیوەندی یەک شەو (Casual Relationships):

ئەم جۆرە هاوبەشیانه زیاتر لە هەندێک کولتوور و کۆمەڵگادا باون و مەبەست لە ئاماژەکردنیان تەنیا بۆ ناساندن و هۆشیارکردنەوەی خەڵکە نەک پێشنیارکردن.
بەزۆری یەک شەو دانیشتن، پەیوەندییەکی دۆستانە یان ئینتیمی لەخۆدەگرێت. ئەمە بەبێ پابەندبوونی سۆزداری یان ڕۆمانسی دەبێت. ڕەنگە هەر کەسێک ئەزموون یان پێناسەی تایبەتی خۆی هەبێت بۆ ئەم پەیوەندیانە و تایبەتمەندیەکانیان بەپێی بارودۆخ و کەسەکە جیاوازە.
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکان، ئەم جۆرە پەیوەندییانە دەتوانن چەندین شێوە بگرنەبەر و زۆرترینیان لەنێو گەنجانی پێگەیشتوودا هەیە. هەروەها لە هەندێک کولتووردا ناو یان پێناسەی جیاواز بۆ ئەو پەیوەندییانە هەیە.
6. پەیوەندی کراوە(Open relationships):

ئەم جۆرە پەیوەندیانە لە هەندێک کولتوور و کۆمەڵگادا بەدی دەکرێن و مەبەست لە باسکردنیان تەنیا بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵکە نەک پێشنیارکردن یان هاندان.
پەیوەندی کراوە جۆرێکە لە پەیوەندی سۆزداری کە تێیدا هاوبەشەکان لەسەر ئەوە کۆک دەبن کە دەتوانن پەیوەندی لەگەڵ کەسانی تردا هەبێت. بەزۆری هەردوو هاوبەشەکە ئاگاداری ئەم ڕێککەوتنەن، هەرچەندە هەندێک سنووردارکردن و مەرج هەیە.ئەم جۆرە پەیوەندییە دەتوانێت لە هەر جۆرەکی سۆزداریدا ڕووبدات، لەوانە پەیوەندی کورتخایەن، خۆشەویستی، یان هاوسەرگیری.
هێشتا پەیوەندی فرەژنی لە زۆرێک لە کۆمەڵگاکاندا پەیوەستە بە چەواشەکارییەکی کۆمەڵایەتییەوە. بەڵام لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کە ڕەنگە بەشێک لە گەورەکان لە خاڵە جیاوازەکانی ژیانیاندا بەشداری ئەم جۆرە پەیوەندییە بکەن. شێواز و ڕادەی بەشداریکردن لەم جۆرە پەیوەندیانەدا دەتوانێت جیاواز بێت بەپێی ڕەگەز و ئارەزووەکانی کەسی.
ئەنجام:
گرنگ نییە پەیوەندی چ جۆرە، گرنگ ئەوەیە کە تەندروست بێت. پەیوەندی تەندروست بە متمانە و ڕێزگرتن لە یەکتر و کراوەیی و ڕاستگۆیی و سۆزەوە تایبەتمەندە و هاوبەشی باش و تێکەڵبوونی سالم له نیشانەکانێتی. هەبوونی پەیوەندی تەندروست و ڕێزگرتن لە خۆت و کەسانی تر و دانانی سنووری گونجاو، کلیلی ژیانێکی سۆزداری و کۆمەڵایەتی باشترن.
بەڵام ئەگەر پەیوەندییەک زیانبەخشه یان دەبێته هۆی فشاری دەروونی و ژەهراویبوونت، بەدوای ڕێگایەکدا بگەڕێ بۆ ئەوەی سنوورێکی ڕوون دابنێیت، لەگەڵ چارەسەرکەرێک قسە بکەیت، یان تەنانەت کۆتایی بە پەیوەندییەکە بهێنیت ئەگەر زۆر ناتەندروست بوو.










