کاجو دانەوێڵەێکی خۆراکییە و شێوەی گورچیلەیە و لە چەندین خواردنی هیندستاندا بەناوبانگە و لەم دواییانەدا بۆ دروستکردنی جێگرەوەی شیرەمەنی بەکارهێنراوە. دانەکە لە درەختی کاجوی هەمیشە سەوز و گەرمەوە هاتووە و سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندە بە ماددە خۆراکیەکان و پێکهاتەی ڕووەکی سودبەخش. ڕەسەنی بەڕازیلە و لەلایەن کۆلۆنیالیستەکانەوە هێنرایە ئەفریقا و هیندستان.
بە درێژایی ساڵ بەردەستن و تەمەنی ڕەفەیان درێژە ئەگەر بە باشی هەڵبگیرێن. لەم بابەتەدا بەدواداچوون بۆ تایبەتمەندییەکانی کاجو و بەهای خۆراکی و ڕێکارەکانی خۆپارێزی پەیوەندیدار دەکەین بۆ ئەوەی بتوانیت سوودی لێ وەربگریت بە زانیاری تەواو لەسەر سوود و بەکارهێنانی.
بەهای خۆراکی کاجو:

کاجو یەکێکە لە خۆراکە بەسوودەکانی سەر هەسارەکە، سەرەڕای ئەوەی کالۆری زۆر و ڕیشاڵی کەمی تێدایە دەوڵەمەندە بەم ماددە خۆراکیانە:
- ترشە چەورییە بنەڕەتییەکان
- ڤیتامین E
- ڤیتامین K
- ڤیتامین B6
- کانزاکانی وەک کالیسیۆم، مس، پۆتاسیۆم، مەگنیسیۆم، زینک و فۆلات
- مەنگەنیز
- دژە ئۆکسێنەرەکان
- ڕیشاڵ
- پرۆتین
- کاربۆهیدرات
لێرەدا ڕاستییە خۆراکییەکان بۆ یەک ئۆنسە کاجوی خاو دەخەینەڕوو، بەپێی USDA: یەک ئۆنس، یان 28 گرام- نزیکەی مشتێک.
- 156 کالۆری
- 12 گرام چەوری
- 9 گرام کاربۆهیدرات
- 5 گرام پرۆتین
- 2 گرام شەکر
- یەک گرام ڕیشاڵ
بەڵام ئەم ژمارانە مانای چییە؟ بڕی پرۆتین لە یەک ئۆنسە کاجو دا یەکسانە بە بڕی پرۆتینی ناو ژەمێکی گۆشت بە قەبارەی هاوشێوە. هەروەها ڕێژەی کاربۆهیدرات و شەکری کەمی تێدایە. ئەم چەوریانە چەوری «باش»ن، یان ئەو چەوریانەی کە بۆ تەندروستی دڵت و ئاستی کۆلیسترۆڵت باشن.
سوودەکانی کاجو بۆ تەندروستی:

کاجو دەوڵەمەندە بە ماددە خۆراکیەکان و دەوڵەمەندە بە چەوری تەندروست و پرۆتین و ڤیتامین و کانزا پێویستەکان. هەروەها دەتوانه سوودی تەندروستی سەرسوڕهێنەری هەبێت ئەگەر بە ڕێژەیەکی مامناوەند بخوره.
1. کۆنترۆڵکردنی نەخۆشی شەکرە:
کاجو سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندە بۆ ڕیشاڵ. ڕیشاڵ ماددەیەکی خۆراکییە کە ڕێگری دەکات لە بەرزبوونەوەی شەکری خوێن. بۆیە، زیادکردنی ئەم دانەوێڵەێه بۆ خۆراکی ئەو کەسانەی کە نەخۆشی شەکرەی جۆری دوویان هەیە یارمەتی کۆنترۆڵکردنی ئاستی شەکری خوێنیان دەدات. سەرەڕای سوودەکانی لە کۆنترۆڵکردنی شەکری خوێندا، بەهۆی بەرزی ڕێژەی کالۆریەکەیەوە، باشتر ناکرێت ڕۆژانە لە 3-4 دانه زیاتر بخورێت.
2. دابەزاندنی پەستانی خوێن:
کاجو دەوڵەمەندە بە چەوری تەندروست و کانزا سەرەکییەکانی وەک مەگنیسیۆم و پۆتاسیۆم و L-arginine کە ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە تەندروستی دڵ و خوێنبەرەکان. ئەم پێکهاتانە یارمەتی فراوانکردنی خوێنبەرەکان دەدەن، کە لە بەرامبەردا یارمەتی دابەزاندنی پەستانی خوێنی سیستۆلیک دەدات.
خواردنی بەردەوام دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی دیواری خوێنبەرەکان بە شێوەیەکی سروشتی و باشترکردنی ڕۆیشتنی خوێن، ئەمەش ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ کەمدەکاتەوە. جگە لەوەش ئەم ناته بەتامانە دەتوانن بەدیلێکی تەندروست بن بۆ خواردنی کەم چەوری و ناتەندروست، بۆیە دەتوانیت هەم کۆنتڕۆڵی پەستانی خوێن بکەیت و هەم چێژ لە چارەسەرێکی بەتام وەربگریت.
3. کەمکردنەوەی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان:

بە پێچەوانەی باوەڕی باو، کاجو سوودێکی زۆری هەیە بۆ باشترکردنی تەندروستی دڵمان. دەوڵەمەنده بە فیتۆستیرۆل و پێکهاتەی فینۆلیک و ترشی ئۆلیک کە سوودی بۆ تەندروستی دڵ هەیە. بەبەراورد لەگەڵ ناتەکانی تری وەک گوێز و بادەم، دەکرێت بڵێین چەوری و کۆلیسترۆڵی کەمی تێدایە. یارمەتیدەره بۆ کەمکردنەوەی کۆلیسترۆڵی خراپ (LDL) و باشترکردنی کۆلیسترۆڵی باش (HDL) لە جەستەدا. هەروەها تایبەتمەندی دژە هەوکردنی هەیە و هەوکردنی ناوەوە کەمدەکاتەوە، ئەمەش لە بەرامبەردا ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان کەمدەکاتەوە.
4. بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری لەش:
کاجو دەوڵەمەندە بە زینک و ڤیتامینە جۆراوجۆرەکان کە جەستەت بە تەندروستی دەهێڵێتەوە. زینک بە پێکهاتەیەکی بەسوود دادەنرێت لە بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری لەش، بوونی زۆر گرنگە بۆ پرۆسە سەرەتاییەکانی جەستە. خواردنی بەردەوام و ڕۆژانەی ئەم ناتە دەتوانێت یارمەتیت بدات بۆ بەدەستهێنانی ئەو زینکە کە پێویستت پێیەتی و هەروەها سیستەمی بەرگری لەش بەهێز دەکات.
5. بەهێزکردنی ئێسک:
دەوڵەمەندە بە پرۆتین و کانزاکانی وەکو مس و کالیسیۆم کە ئێسکەکانمان بەهێزتر دەکەن. مس یارمەتی دروستکردنی جومگەکان و ئێسکەکان دەدات بە نەرم و نیان لە ڕێگەی دروستکردنی کۆلاجین. جگە لەوەش مس لەگەڵ مەگنیسیۆم کاریگەرە لە دروستبوونی ئێسکەکاندا.
6. کۆنترۆڵکردنی کێش:

کاجو دەوڵەمەندە بە کالۆری و پرۆتین و ڕیشاڵ کە برسێتی سنووردار دەکات و بۆ ماوەیەکی زیاتر تێرت دەهێڵێتەوە، ئەمەش لە بەرامبەردا یارمەتیدەرە بۆ ڕێگریکردن لە زیادەڕۆیی لە خواردن. هەروەها بەو پێیەی کالۆری زۆرە، ئەگەر بە ڕێژەیەکی مامناوەند نەخورێت، دەبێتە هۆی زیادبوونی کێش.
7. باشتر کارکردنی مێشک:
مێشک بە چالاکترین ئەندام لە جەستەمان دادەنرێت، کە پێویستی بە دابینکردنی بەردەوامی ترشە چەوریەکان هەیە لە ڕێگەی خۆراکەوە بۆ ئەوەی چالاک بمێنێتەوە. کاجو دەوڵەمەندە بە ماددە خۆراکیەکان کە یارمەتی بەرزکردنەوەی کارکردنی مێشکت و بەهێزکردنی بیرەوەری دەدات. بۆیە; خواردنی ڕۆژانەی کارکردنی مێشک باشتر دەکات.
8. تەندروستی پێست:
دەوڵەمەندە بە سیلینیۆم و زینک و ئاسن و دژە ئۆکسێنەر. دژە ئۆکسێنەرەکانی ناوی ماددە کیمیاییە زیانبەخشەکان لادەبەن و شانەکان چاک دەکەنەوە. ئەمەش لە بەرامبەردا یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی پێست بە گەنجی و تازەیی بمێنێتەوە. هەروەها ئەو مسەی لە ناویدا هەیە، بەرهەمهێنانی ئیلاستین و کۆلاجین باشتر دەکات. کۆلاجین جۆرێکە لە پرۆتینی پێکهاتەیی کە بەرپرسە لە لاستیکی پێست؛ بۆیە زیادکردنی ئەم دانەوێڵەێه بۆ خۆراکەکەت دەبێتە هۆی باشترکردنی تەندروستی پێستت.
9. تەندروستی قژ:

مسی ناو کاجو جگە لە تایبەتمەندی چاککردنەوەی شانەکان، هاوکات یارمەتیدەرە لە بەرهەمهێنانی میلانین لە قژدا. زیادکردنی بەرهەمهێنانی میلانین ڕەنگی قژ بەهێز دەکات. هەروەها ئەو ترشە چەورییە گرنگانەی، قژت بە بریقەدار و تەندروست دەهێڵێتەوە.
10. تەندروستی چاو:
دەوڵەمەندە بە دژە ئۆکسێنەر وەک زیاکسانتین و لوتین کە چاوەکانت لە تیشکی سەروو بنەوشەیی دەپارێزێت. ئەمەش مەترسییەکانی تێکچوونی چاوی پەیوەندیدار بە تەمەنەوە (AMD) و ئاوی سپی چاو کەمدەکاتەوە.
11. زیادکردنی توانای منداڵبوون لە پیاوان:
کاجو دەوڵەمەندە بە ماددەی زینک، ئەمەش ژمارەی سپێرم لە پیاواندا زیاد دەکات و ئەگەری منداڵبوونیان زیاد دەکات. هەروەها خواردنی بەردەوامی کاجو یارمەتی کۆنترۆڵکردنی کێش و ڕێگریکردن لە نەخۆشی شەکرەی جۆری دووەم دەدات کە ئەمەش لە بەرامبەردا توانای منداڵبوونی پیاو زیاد دەکات.
12. باشترکردنی تەندروستی کۆئەندامی دەمار:

کاجو دەوڵەمەندە بە ترشە چەورییە جۆراوجۆرەکان کە یارمەتیدەرە لە دروستبوونی دەمارەکان. جگە لەوەش دەوڵەمەندە بە مەگنیسیۆم کە یارمەتی پاراستنی کارکردنی کۆئەندامی دەمار دەدات.
13. کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە کەمخوێنی:
سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندە بە مس و ئاسن. کەمی مس لە لەشدا سەرچاوەی سەرەکی کەمی ئاسنە کە دەبێتە هۆی کەمخوێنی. یەکێک لە سوودەکانی خواردنی بەردەوامی ئەم ناته بە شێوەیەکی مامناوەند ئەوەیە کە ئاستی مس لە جەستەدا زیاد دەکات و ئەگەری تووشبوون بە کەمخوێنی کەم دەکاتەوە.
ئەنجام:
کاجو تەنها بەتام نییە، بەڵکو سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندە بە ماددە خۆراکیەکان و پێکهاتەی ڕووەکی کە سوودی بۆ جەستە هەیە. خواردنی بەردەوام دەتوانێت یارمەتی بەرزکردنەوەی سیستەمی بەرگری لەش بدات، تەندروستی دڵ باشتر بکات، تەندروستی ئێسکەکان بپارێزێت و تەنانەت یارمەتی کۆنترۆڵکردنی کێشیش بدات.
بەڵام وەک هەر خۆراکێک گرنگە ئاگاداری خواردنەکەت بیت و گرنگی بە بارودۆخی تاکەکەسی بدەیت (وەک هەستیاری و حەساسیەت). زیادکردنی ئەم ناته بۆ خۆراکی ڕۆژانەت، جا چ کاڵ بێت، چ برژاو بێت، یان لە شێوەی بەدیلەکانی شیرەمەنیدا، دەتوانێت هەڵبژاردەیەکی تەندروست و بە تام بێت بۆ پشتگیریکردنی تەندروستی گشتی.










