
دڵەڕاوکێ ئەزموونێکە کە ڕەنگە هەموومان لە قۆناغەکانی ژیانماندا ڕووبەڕووی بووبینەوە؛ کاردانەوەیەکی کورتخایەنە بەرامبەر بە هۆکارە سترێسهێنەرەکان کە بە گشتی لەگەڵ نەهێشتنی سەرچاوەی ناڕەحەتییەکە، خۆبەخۆ کەمدەبێتەوە. بەڵام بۆ ئەو کەسانەی تووشی تێکچوونی دەروونی بوون، ئەم بابەتە لە نیگەرانییەکی سادە تێدەپەڕێت و بە شێوەی ترسێکی توند و بەردەوام دەربارەی بارودۆخە ڕۆژانەکان دەردەکەوێت.
ئەم دڵەڕاوکێیە درێژخایەنە هەندێک جار بە شێوەی هێرشی لەناکاو و ترسناک بە ناوی «پەنیک» دەردەکەوێت کە لە ماوەی چەند خولەکێکدا دەگاتە ئەوپەڕی خۆی. ئەم جۆرە هەستە سەختانە لەگەڵ مەترسییە ڕاستەقینەکاندا یەکناگرنەوە، کۆنترۆڵکردنیان گرانە و دەتوانن بە دروستکردنی ئاستەنگ لە چالاکییە ڕۆژانەکاندا، بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام بن.
کاریگەرییەکانی دڵەڕاوکێ لەسەر جەستە:
دڵەڕاوکێی درێژخایەن دەتوانێت کاریگەری جۆراوجۆری لەسەر تەندروستی جەستەیی هەبێت. لە خوارەوە زیاتر ئەم کاریگەریانە ڕوون دەکەینەوە.
1. سیستەمی دەمار:
کاتێک مێشک تووشی گرژی دەمار دەبێت، بە لافاوێکی هۆرمۆنەکانی «کۆرتیزۆڵ» و «ئەدرنالین» ڕووبەڕووی بەرگری و سیستەمی دەمار دەبێتەوە. ئەم هۆرمۆنانە لە ساتەکانی مەترسیدا زۆر گرنگن، بەڵام بوونی بەردەوامیان وەک ئەوە وایە بزوێنەری ئۆتۆمبێلەکە بەردەوام لە گێڕی سەرەوەدا بهێڵیتەوە؛ ئەنجامەکەی جگە لە سەرئێشە و سەرگێژخواردن و دواجار لاوازبوونی هێزی دەروونی (خەمۆکی) هیچی تر نابێت.
2. دڵ و خوێنبەرەکان:
دڵەڕاوکێ دەبێتە هۆی زیادبوونی لێدانی دڵ و ئازاری سنگ. فشاری بەردەوام لەسەر خوێنبەرەکان مەترسی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێنی درێژخایەن و کێشەی جددی بۆرییەکانی خوێن زیاد دەکات.
3. کۆئەندامی هەرس:
دڵەڕاوکێ دەبێتە هۆی دەرکەوتنی نیشانەکانی کۆئەندامی هەرس، لەوانە سکچوون، ڕشانەوە، ئازاری سک و نەمانی ئارەزووی خواردن. هەندێک لە لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە تەنانەت دەتوانێت ببێتە هۆی نەخۆشی ڕیخۆڵەی(IBS).
4. سیستەمی بەرگری لەش:
دڵەڕاوکێ دەتوانێت سیستەمی وەڵامدانەوەی ترسی جەستە هان بدات، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی بەرهەمهێنانی هەندێک ماددەی کیمیایی و هۆرمۆن، لەوانە ئەدرنالین. لە کورتخایەندا ئەم حاڵەتە لێدانی دڵ و لێدانی هەناسەدان زیاد دەکات، ئەمەش ڕێگە بە مێشک دەدات ئۆکسجینی زیاتر وەربگرێت و جەستە ئامادە دەکات بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بارودۆخە سترێسییەکان. دوای چارەسەربوونی دۆخەکە جەستە ئاسایی دەبێتەوە.
لە حاڵەتی دڵەڕاوکێی درێژخایەندا لەش پەیامی گەڕانەوە بۆ دۆخی ئاسایی وەرناگرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی لاوازبوونی سیستمی بەرگری لەش و بەرکەوتنی کەسێک بە هەوکردنی بەکتریا و ڤایرۆسی.
نیشانەکانی دڵەڕاوکێ بزانه:

نیشانەکانی ئەم نەخۆشیە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر بەپێی جۆرەکەی دەگۆڕێت. ئەم نیشانانە دابەش دەکرێن بەسەر نیشانەکانی جەستەیی و دەروونی و ڕەفتاریدا.
نیشانە جەستەییەکان:
- ئارەقکردنەوە و ساردی دەستەکان
- وشکبوونەوەی دەم
- لێدانی خێرای دڵ
- هێڵنج
- سڕبوون یان زەقبوونەوە لە دەست و قاچدا
- گرژبوونی ماسولکەکان
- هەناسە تەنگی
- گۆڕانی کێش
- ئازاری سک
نیشانە دەروونییەکان:
- هەستکردن بە ترس و ناڕەحەتی: بوونی دڵەخورپە و هەستێکی ناخۆش بەبێ هۆکارێکی دیار.
- ماندوێتی و کابووسی شەوانە: بینینی خەونی ناخۆش کە دەبێتە هۆی تێکچوونی ئارامیی خەو.
- بیرۆکە دووبارەبووەکان: گەڕانەوەی بەردەوامی یادەوەرییە ناخۆشەکانی ڕابردوو بۆ ناو مێشک.
- بیرکردنەوەی وسواسی: بوونی کۆمەڵێک بیرۆکەی کۆنترۆڵنەکراو کە مێشک سەرقاڵ دەکەن.
نیشانە ڕەفتارییەکان:
- تێکچوونی خەو: وەک کەمخەوی یان درەنگ خەو لێکەوتن.
- ڕەفتاری ناپێویست و وسواسی: بۆ نموونە دەستشوشتنی بەردەوام و لەڕادەبەدەر.
- بێقەراری و نائارامی: ناتوانی لە پاراستنی هێمنی و ناتوانی لە دانیشتن بە شێوەیەکی ئارام.
- تێکچوونی کارە ڕۆژانەکان: ئەنجامدانی ئەرکە ئاساییەکانی ژیان بە ئەستەم دەکرێت.
- کێشە لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان: دوورکەوتنەوە لە خەڵک یان دروستبوونی گرژی لەگەڵ دەوروبەر.
- پەنابردن بۆ ماددە زیانبەخشەکان: زیادبوونی بەکارهێنانی ئەلکحول یان ماددە هۆشبەرەکان بۆ ڕاکردن لە دۆخەکە.
بۆچی تووشی تێکچوونی دڵەڕاوکێ دەبین؟

هۆکاری وردی ئەم کێشەیە هێشتا بە تەواوی ڕوون نەکراوەتەوە، بەڵام پسپۆڕان پێیان وایە کۆمەڵێک هۆکار پێکەوە دەبنە هۆی دروستبوونی، لەوانە:
- بۆماوەیی (ژنتیک): ئەگەر لەناو بنەماڵەدا کەسێک ئەم کێشەیەی هەبێت، ئەگەری تووشبوونی ئەندامانی تریش زیاتر دەبێت.
- ئەزموونی ناخۆشی ژیان: ڕووداوە ناخۆش و دلتەزێنەکان (ترۆما) لە تەمەنی منداڵی یان گەورەییدا، دەتوانن ببنە سەرچاوەی دەستپێکردنی ئەم نەخۆشییە.
- گۆڕانکاری لە مێشکدا: تێکچوونی هاوسەنگی ئەو ماددە کیمیاییانەی مێشک کە بەرپرسن لە ڕێکخستنی مەزاج.
پەیوەندی دڵەڕاوکێ لەگەڵ نەخۆشییە جەستەیییەکان:
هەندێک جار دڵەڕاوکێ یەکەم نیشانەی نەخۆشییەکی جەستەیی شاردراوەیە. ئەگەر کەسەکە لە منداڵیدا ئەم نەخۆشییە نەبووبێت و بە شێوەیەکی لەناکاو تووشی بێت، پێویستە پزیشک بۆ ئەم ئەگەرانە پشکنین بکات:
- نەخۆشییەکانی دڵ و تێکچوونی ڕژێنی دەرەقی(غودە).
- نەخۆشی شەکرە یان کێشەی کۆئەندامی هەناسە وەک تەنگەنەفەسی.
- کاریگەریی لاوەکی هەندێک دەرمان یان وازهێنان لە ماددە هۆشبەرەکان و ئەلکحول.
ناسینی باوترین جۆرەکانی تێکچوونی دڵەڕاوکێ:
دڵەڕاوکێ تەنها یەک جۆری نییە، بەڵکوو بەپێی نیشانەکان و هۆکارەکەی بۆ چەند بەشێک دابەش دەبێت:
- تێکچوونی دڵەڕاوکێی گشتگیر(GAD): نیگەرانییەکی توند و بەردەوام دەربارەی کار و چالاکییە ڕۆژانەکان کە کۆنترۆڵکردنی ئەستەمە.
- تێکچوونی پەنیک(Panic Disorder): تووشبوون بە هێرشی لەناکاوی ترس و شەپۆلێکی توندی دڵەخورپە کە مرۆڤ هەست بە مردن یان تەنگەنەفەسییەکی زۆر دەکات.
- ئاگۆرافۆبیا(ترس لە شوێنی گشتی): ترس لە چوونە ناو شوێنە قەرەباڵغەکان یان ئەو جێگایانەی کە دەربازبوون لێیان ئەستەمە.
- دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی: ترسێکی زۆر لەوەی کە لەناو خەڵکدا شەرمەزار بیت یان لەلایەن کەسانی ترەوە هەڵسەنگاندنی خراپت بۆ بکرێت.
- فۆبیای دیاریکراو: ترسێکی بێمانا و زۆر لە شتێکی تایبەت(وەک بەرزی، ئاژەڵ، یان خوێن).
- دڵەڕاوکێی جیابوونەوە: ترسێکی لەڕادەبەدەر لە دوورکەوتنەوە لەو کەسانەی کە جێگای متمانەی مرۆڤن(وەک دایک و باوک).
چۆن دڵەڕاوکێ کۆنترۆڵ و چارەسەر بکەین؟

چارەسەرکردنی دڵەڕاوکێ پرۆسەیەکی هەمەلایەنەیە کە لە دەستنیشانکردنی وردەوە دەست پێدەکات و بە گۆڕینی شێوازی ژیان و چارەسەری پسپۆڕانە کۆتایی دێت.
هەنگاوی یەکەم: دەستنیشانکردنی ورد
ئەگەر دڵەڕاوکێ هۆکارێکی جەستەیی نەبێت، پزیشکی دەروونی لە ڕێگەی هەڵسەنگاندنی باری دەروونی و بەراوردکردنی نیشانەکانت لەگەڵ پێوەرە جیهانییەکان، جۆری کێشەکەت دیاری دەکات.
هەنگاوی دووەم: چاودێریکردنی خۆت و گۆڕینی شێوازی ژیان
گۆڕانکارییە بچووکەکان، ئەنجامی گەورەیان دەبێت:
- خواردن و خەو: کەمکردنەوەی کافایین (قاوە و چا) و هەبوونی خەوێکی ڕێک، سیستەمی دەمار ئارام دەکاتەوە.
- تەکنیکەکانی ئارامبوونەوە: مێدیتەیشن، هەناسەدانی قووڵ و یۆگا یارمەتیدەرن بۆ ڕێکخستنی لێدانی دڵ.
- پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان: قسەکردن لەگەڵ هاوڕێیەکی نزیک و دوورکەوتنەوە لە گۆشەگیری، ئاستی سترێس کەمدەکاتەوە.
هەنگاوی سێیەم: چارەسەرە پسپۆڕییەکان
- چارەسەری دەروونی(CBT): ئەم شێوازە فێرت دەکات چۆن بیرکردنەوە نەرێنییەکان بناسیتەوە و بیگۆڕیت بۆ بیرکردنەوەی ئەرێنی.
- چارەسەری بە دەرمان: ئەگەر پێویست بکات، پزیشک هەندێک دەرمان بۆ ڕێکخستنی کیمیای مێشک دەنووسێت تا نیشانە جەستەیییەکان کەم ببنەوە.
کەی پێویستە سەردانی پزیشک بکەیت؟
پێویستە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکەیت لەم حاڵەتانەی خوارەوە:
- کاتێک ئەم نەخۆشیە بە شێوەیەکی جددی دەستوەردان دەکات لە کارەکەت یان پەیوەندییەکانت.
- کاتێک بیری خۆکوشتن یان زیانگەیاندن بە خۆت دەکەیت.
- ئەگەر بۆ دەربازبوون لە دڵەڕاوکێ پەنات بۆ ماددە هۆشبەرەکان یان کحول بردووە.
ئەنجام:
دڵەڕاوکێ، سەرەڕای ئەو هەموو فشارە جەستەیی و دەروونیانەی کە دەیخاتە سەرمان، دوژمنێکی نەدۆڕاو نییە. تێگەیشتن لەوەی کە «گرژییەکانمان ڕەگ و ڕیشەی بایۆلۆژی و ژینگەیی هەیە» یەکەم هەنگاوە بۆ ڕزگارکردنی خۆمان لە تاوانباری و شەرمەزاری. ئەوەت لەبیر بێت کە ناسینەوەی نیشانەکان لە کاتی خۆیدا، چاککردنی خووە ڕۆژانەکان و لە کاتی پێویستدا، داواکردنی یارمەتی لە پسپۆڕان، ڕێگای گەڕانەوە بۆ ژیانێکی ئارام خۆش دەکات. تۆ ناچار نیت ئەم بارە قورسە بە تەنیا هەڵبگریت؛ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە یەکێکە لە ڕوونترین خاڵەکانی زانستی دەروونپزیشکیی مۆدێرن.









