دیواری گەورەی چین:
دیواری گەورەی چین بە درێژایی نزیکەی 21 هەزار و 196 کیلۆمەتر درێژترین پێکهاتەیە لەسەر زەوی و بۆ بەرگریکردن لە هێرشەکانی دوژمن لە ناوچەکانی باکوورەوە دروستکراوە کە هەڕەشەیان لە ئیمپراتۆریەتەکانی چین دەکرد.
ئەوەی جێگای سەرنجە، هەندێک لە مێژوونووسان باسیان لەوە کردووە کە ئامانجی سەرەکی دروستکردنی دیواری گەورە ڕێگریکردن بووە لە چوونە ژوورەوەی بیانییەکان؛ ئەمڕۆ بە پێچەوانەوە ڕوویدا و چین ساڵانە پێشوازی لە ملیۆنان گەشتیاری بیانی دەکات.
بێ گومان پڕۆژەی دیواری گەورەی چین یەکێک بوو لەو بڕیارە گەورە مەبەستانەی کە ئیمپراتۆر چین هوانگ یەکێک لە کاریگەرترین کەسەکان لە مێژوودا لە سەردەمی حوکمڕانیدا داوە. وە هەروەها فەرمانی دا کە هەموو دیوارەکانی نێوان شارە گەورەکان لاببرێن و تەنها دیوارە سنوورییەکانی باکوور لە شوێنی خۆیان بمێننەوە.
دیواری گەورەی چین چۆن دروستکرا؟
دیواری گەورەی چین لە ماوەی دوو هەزار ساڵدا لەلایەن خانەدانی جیاوازەوە دروستکراوە و بەدرێژایی سەدەکان، تەکنیکەکانی دروستکردنی وردە وردە باشتر بووە.
بەشە سەرەتاییەکانی دیوارەکە 2000 ساڵ لەمەوبەر دروستکراون و لە ئەنجامدا تەکنیک و هێزی کەمتریان هەبووە. زۆربەی ئەم بەشانە دوای چەندین سەدە لە وەرینی زەوی لەدەستچوون؛ بەڵام بەشێکی هێشتا ماونەتەوە دوای هەزاران ساڵ لە کەشوهەوا.
بەهۆی بەردەستبوونی خاکی ناوخۆیی، زۆربەی دیواری گەورەی چین بە خاکی دەوڵەمەند بە گڵ بە بەکارهێنانی تەکنیکی “هانگتو” دروستکراوە. بۆ ئەم مەبەستەش خاکە وردکراوەکەیان لەسەر چینەکانی دارەکان دەڕژاند و دواتر لێیان دەدا و هەمان شێواز بۆ باقی چینەکان دووبارە دەکردەوە.
هەر چینێک بەرزییەکەی 18 سم بوو، کە کاتێک لێدەدرا دەگەیشتە 13 سم. ئەوەی جێگای سەرنجە ئەم دیوارە پێکهاتەیەکی بەردەوام نییە و کۆمەڵێک دیوار و قەڵا لەخۆدەگرێت کە بەدرێژایی سەدان ساڵ دروستبوون.
یەکەم ئیمپراتۆری شانشینی چین فەرمانی بە 300 هەزار سەرباز کرد دەست بە دروستکردنی دیواری گەورە بکەن و لەم نێوەندەدا خەڵکی گوند و جووتیاران بۆ تەواوکردنی هێزی کار بەکارهێنران. دروستکەرانی دیوارەکە هەمیشە هەوڵیان دەدا سەرچاوە ناوخۆییەکان بەکاربهێنن.
بۆیە دیوارەکانی بەناو شاخەکاندا تێدەپەڕین لە بەرد دروستکرابوون و دیوارەکانیش کە بە دەشتەکاندا تێدەپەڕین بە زەوی چەقێندرابوون.
دروستکردنی دیواری گەورەی چین لە بیابانەکاندا کۆمەڵێک تەحەدای لەگەڵدا بوو؛ چونکە ئەو کەرەستەی لەبەردەستی بیناکاراندا تەنها خۆڵ بوو، هەر بۆیەش دەستپێشخەرییان کرد و تێکەڵکردنی خۆڵ و ڕووەکی ڕەسەنی بیابانەکەیان بەکارهێنا.
دوای شانشینی کین، شانشینی هان هات کە زیاتر لە چوار سەدە حوکمڕانی کرد و وەبەرهێنانێکی زۆری کرد لە بەهێزکردنی دیواری گەورەی چین بە دروستکردنی تاوەر و کەرەستەی بەرگری.
لەم ماوەیەدا ئەو دیوارەی کە باسمان کرد تا بیابانی گۆبی درێژ بووەوە، هۆکاری سەرەکی بۆی بوونی ڕێگای ئاوریشم و پاراستنی بازرگانەکان بوو لە باندەکان.
بە درێژایی مێژووی دیواری گەورە، کاتێک پەیوەندی چین لەگەڵ وڵاتانی دیکە ئاشتیانە بوو، دیوارەکە وەک بازاڕێکی بازرگانی بۆ کولتوورە جیاوازەکان بەکاردەهێنرا بۆ یەکتربینین و بازرگانیکردن بە کاڵاکان.
دوای چەندین ساڵ لە ئاڵوگۆڕی ئابووری و کولتووری بەدرێژایی ڕێڕەوی جۆراوجۆر بەدرێژایی دیوارەکە، چەندین شار دروستبوون، لەوانە ژانگجیاکۆ، گوبیکۆ و هتد.
لە سەردەمی شانشینی سۆنگ (1127-1279 ز)، چین سەرهەڵدانی جۆرێکی نوێی جەنگاوەرانی مەغۆلی بەخۆیەوە بینی، بە سەرکردایەتی جەنگیزخان، کە سوپایەکی بەهێز و دیسپلینیان پێکهێنا و بە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر تەواوی ئیمپراتۆریەتی چین دادەنران.
سەرەڕای قەڵای بەرچاو، دیواری گەورەی چین لەو سەردەمەدا هێشتا لە دیوارە زەوییە سەدە سەدییەکان دروستکرابوو کە تێپەڕاندنی قورس نەبوو.
بۆیە لە دەیەکانی دواتردا مەغۆلەکان بەردەوام ڕێگای دزەکردنیان لە دەوروبەر یان ناو دیوارەکەدا دۆزیەوە تا لە ساڵی 1279 دا شکستیان بە شانشینی سۆنگ هێنا و بۆ ماوەی 100 ساڵ فەرمانڕەوایی هەموو چینیان کرد.
وەک چاوەڕوان دەکرا، دیواری گەورەی چین لەم ماوەیەدا پارێزگاری لێ نەکرا و نەپارێزرا؛ چونکە ئیتر هیچ دوژمنێک هەڕەشەی لەم حکومەتە نەکرد.
دوای پاڵنانی مەغۆلەکان بۆ باکوور، چینییەکان لە ساڵی 1368ی زایینی دەسەڵاتیان وەرگرتەوە و بناغەی دەستپێکردنی شانشینی مینگیان دانا. لەم قۆناغەدا سەرەڕای زیادبوونی فشار و هەڕەشەکانی مەغۆلەکان، ئاوەدانکردنەوەی دیواری گەورەی چین دەستیپێکرد و ٢٥ هەزار تاوەری پاسەوانی دروستکرا.
لە سەردەمی شانشینی مینگدا بە بەکارهێنانی خشت و بەرد و هاوەن زیاتر دیوارێکی بەهێزتریان دروستکرد. بەم شێوەیە کارگەی خشت لە نزیک دیواری گەورەی چین دامەزران.
بە تێپەڕبوونی کات نزیکەی 100 ملیۆن تۆن خشت و بەرد و قوڕ بۆ دروستکردنی بەکارهێنراوە، ئەمەش بیناسازییەکی مۆدێرن بووە پێش بەرهەمهێنانی ئامێری مۆدێرن و بەم مانایەش بە شاکارێکی سەرنجڕاکێش دادەنرێت.
کەرەستەی دروستکردنی دیوارەکە بە شێوازی جیاواز دەگوازرایەوە، وەک بە دەست و شان و کەمەر و پەتی چەرخ و چەرخ و ئاژەڵەکانی وەک وشتر و ئەسپ و تەنانەت بزنیش.
تەواوبوونی دیوارەکانی سەردەمی مینگ زیاتر لە 100 ساڵی خایاند، ئەمەش بەهۆی ململانێ سیاسییە ناوخۆییەکانەوە بەردەوام نەبوو. تا کۆتایی سەدەی 16 دیواری گەورەی چین بە تەواوی تەواو بوو.
جێگای سەرنجە کە بزانین ئیدارەی میراتی کولتووری و ئیدارەی نیشتمانی نەخشەسازی چین ڕایانگەیاندووە کە 8 هەزار و 851.8 کیلۆمەتر دیواری گەورەی چین لە سەردەمی شانشینی مینگ دروستکراوە.
لە ساڵانی 1930 بوو کە دیواری گەورەی چین ڕۆڵێکی گرنگی لە مێژووی ئەم وڵاتەدا هەبوو. پێش شەڕی دووەمی چین و ژاپۆن و لە کاتی جەنگی یەکگرتوودا، دیواری گەورەی وەک بەربەستێکی فیزیکی بەکارهێنا بۆ بەرگریکردن لە داگیرکارییەکانی باکوور.
ئەمڕۆ بە درێژایی دیوارەکە هەزاران کونی فیشەک دەبینرێن، کە لە شەڕی ژاپۆنییەکان بەجێماون، بۆ ماوەی سێ سەدە دوای ڕووخانی شانشینی مینگ، ڕۆشنبیرانی چینی دیواری گەورەیان وەک هێمای هەڵەکانی وڵات دەبینی و زۆرجار وایان دەگوت ئەوە بەفیڕۆدانی ژیان و سەرچاوەکانی مرۆڤ بوو
هەر لەبەر ئەم هۆکارە، دیواری گەورەی چین تەنیا وەک گەنجینەی کولتووری لە مێژووی تاڕادەیەک مۆدێرن لە وڵاتەکەدا دادەنرێت. جگە لەوەش دیواری گەورەی چین وەک زۆرێک لە پەرستگاکان و بەرهەمە کۆنەکان و هونەرەکانی چین بەیەکێک لە هێما کۆنەکانی فیۆدالیزم دادەنرا کە ئەمەش ڕێگری لە پێشکەوتنی وڵاتەکەی کردبوو.
لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا پاسەوانی سووری ماو بەشێک لە شوێنەوارە فیۆداڵیەکانی دیوارەکەیان لەناوبرد. تەنانەت پێش شۆڕشی ڕۆشنبیری و پاسەوانی سوور، ماو هانی جووتیارانی دەدا کە بەرد و خشتی دیواری گەورە وەک کەرەستەی بیناسازی ئازاد بەکاربهێنن.
خۆشبەختانە دێنگ شیاوپینگ کە شوێنی ماو گرتەوە، لە بەهای ڕەمزی دیواری گەورە تێگەیشت و لە ساڵی 1984 دا ڕایگەیاند: چینتان خۆش بوێت، دیواری گەورە بنیات بنێنەوە.
بەم شێوەیە نۆژەنکردنەوەی دیواری گەورەی چین دەستی پێکرد، بەتایبەتی ئەو بەشانەی لە نزیک پەکینن و دیواری بادالینگ یەکەم شوێن بوو کە نۆژەنکردنەوەی بۆ ئەنجامدرا.
سەرەڕای هەوڵەکانی دێنگ شیاوپینگ، دیواری گەورەی چین هێشتا لەژێر هێرشی مرۆڤ و سروشتدایە، بەتایبەتی لە ناوچە پیسەکاندا.
بەشەکانی دیواری گەورەی چین:
دیواری گەورەی چین زۆر درێژە و چەندین شوێنی هەیە کە دەتوانیت سەردانی بکەیت. بەناوبانگترین بەشی دیواری گەورەی چین بۆ پیاسەکردن لە نێوان سیماتای و جینشانلینگدایە کە نزیکەی چوار کاتژمێری دەوێت تا مەودای 10 کیلۆمەتر دەبڕێت.
هەندێک بەشی ئەم دیوارە بەرزە و ماوەیەکی دەوێت تا تێیاندا تێدەپەڕێت. لەم بەشەی خوارەوەدا باس لە بەناوبانگترین بەشەکانی دیواری گەورەی چین دەکەین.
بەدالینگ:
بادالینگ بەناوبانگترین و قەرەباڵغترین بەشی دیواری گەورەیە، کە بە وردی نۆژەن کراوەتەوە. لە ڕاستیدا ئەمە بازرگانیترین بەشی دیوارەکەیە کە زۆربەی گەشتیاران سەردانی دەکەن. جیمی کارتەر، ڕۆناڵد ڕیگان، جۆرج بوش و ئۆباما لەو کەسایەتییە بەناوبانگانەن کە سەردانی ئەم دیوارەیان کردووە.
جیۆنگوان:
جویۆنگوان دەکەوێتە نزیک دیواری بادالینگ و بە کارێکی سەردەمی مینگ دادەنرێت، کە بە شێوەیەکی بەرفراوان نۆژەن کراوەتەوە. ئەم بەشە بە دووری 50 کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژئاوای پەکین هەڵکەوتووە و بە نزیکترین بەشی دیوارەکە لە پەکین دادەنرێت.
لەم شوێنەدا قەڵایەک دەبینیت کە دەکەوێتە نێوان تاوەرە بەرزەکان و بۆ چەندین سەدە کۆنترۆڵی چوونە ژوورەوەی بۆ پەکین دەکرد.
مۆتیانیۆ:
موتیانیو بە درێژترین بەشی دیواری گەورەی چین دادەنرێت، زۆرترین نۆژەن کراوەتەوە و نەک هەر ئاسانە بۆ گەیشتن، بەڵکو گونجاوە بۆ ڕۆیشتن.
ئەم بەشە هەزاران مەتر لە سەرووی شاخەوە درێژ دەبێتەوە و سێگۆشەیەکی هاوشێوەی قۆچی مانگا دروست دەکات کە بە “دیواری قۆچی مانگا”یش ناسراوە.
ئەگەر لە ڕووی کاتەوە سنووردار نەبوویت، باشترە لە بینینی بەشەکانی سەرەوەی دیوارەکە دوور بکەویتەوە و لەبری ئەوە بچیتە بەشی موتیانیۆ کە 50 کم لە ڕۆژهەڵاتی بادالینگەوە دوورە.
سیماتای:
سیماتای زۆر لە بەشەکانی تری دیواری گەورەی چین جیاوازترە؛ بەڵام بە گوێرەی زۆرێک لە گەشتیاران دیمەنێکی زۆر جوانتری هەیە لە بەشەکانی سەرەوە.
سیماتای 5.5 کیلۆمەتر درێژ بووەتەوە و بەو پێیەی لێوارێکی زۆر بەرزی هەیە، بۆ گەشتیارانی بەساڵاچوو و گەشتیارانی منداڵی بچووک یان سنووردارکردنی جەستەیی گونجاو نییە.
جینشانلینگ:
جینشانلینگ دەکەوێتە دووری 150 کیلۆمەتر لە پەکین و ڕۆژئاوای سیماتای و بۆ ئەو کەسانە گونجاوە کە دەیانەوێت بەشە تاڕادەیەک گەشەنەکردووەکانی دیواری گەورەی چین ببینن.
سەرەڕای ئەوەی کە جینشانلینگ بە شێوەیەکی بەرچاو نۆژەن نەکراوەتەوە، بەڵام دووەم بەشی تەواوترین دیواری گەورەی چینە لە دوای بادالینگ.
ئەم بەشە 10 کیلۆمەترییە چەندین پێکهاتەی وەستاوی وەک تاوەری چاودێری و دیوارەکانی تێدایە کە شێوازی تەلارسازی تاوەرەکانی مینگ پیشان دەدەن. لەم شوێنەدا تا 67 تاوەر هەیە، زۆربەیان دوو نهۆمن و بە شێوەی جیاوازی چوارگۆشە و گۆڕ و تەنانەت گۆشەی سەیر و سەمەرە.
جیانکۆ:
بۆ ئەوەی بەڕاستی دیواری گەورەی چین ئەزموون بکەیت، سەردانی جیانکۆ بکە، کە بە شێوەیەکی بەرچاو لە ڕاداری گەشتیاری دوورە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە موتیانیۆ نزیکە و لە پەکینەوە بە ئاسانی دەتوانرێت بگاتە ئەو شوێنە.
ئەم بەشە ناڕێک دەردەکەوێت و ئەگەری مەترسیدارە، هەربۆیە پێشنیار ناکرێت بۆ ئەو کەسەی کە پێڵاوی نەگونجاوی هەیە. لە ڕاستیدا بابەتێکی مانگی یەکی ساڵی 2011 لە ڕۆژنامەی چاینا دەیلی بڵاویکردەوە کە جیانکۆ مەترسیدارترین ناوچەی کات بەسەربردن لە دەرەوە بووە لە پەکین لە ساڵی 2010 دا.
هوانگواچێنگ:
هوانگواچێنگ دەکەوێتە نێوان بادالینگ و موتیانیۆ و شێوەی مانگی هیلالی هەیە. دەریاچەی هوامینگ ئەم دیوارە دەکاتە سێ بەش؛ بەجۆرێک کە بەشە سەرەکییەکانی دیوارەکە لەناو ئاوەکەدا دابنرێن.
ئەم ناوچەیە زۆر جوان دەبێت بە تایبەت لە مانگەکانی بەهاردا لەگەڵ گوڵکردنی گوڵی زەرد. هەرچەندە هوانگواچێنگ شوێنێکی ناوازەی هەیە، بەڵام یەکێکە لەو ناوچانەی کەمتر سەردانی دەکرێت لە دیوارەکەدا و هەڵبژاردەیەکی زۆر باشە ئەگەر بەدوای ئەوەدا دەگەڕێیت لە قەرەباڵغی دوور بکەویتەوە.
دەروازەی شانهای:
دەروازەی شانهای کە دەکەوێتە پارێزگای هێبی، لە ساڵی 2001 دروستکراوە و لە ساڵی 1961 بووەتە شوێنێکی ڕۆشنبیری نیشتمانی لە چین.
ئەم پەڕینەوە دەکەوێتە دووری 300 کیلۆمەتر لە ڕۆژهەڵاتی پەکین، لە مێژوودا وەک هێڵی پێشەوەی بەرگری لە دژی نەتەوەکان کاری کردووە. ڕێڕەوی شانهای کە شێوەی چوارگۆشەیە، دیوارەکانی بەرزی 14 مەتر و ئەستووری 7 مەتر و زەنگۆڵەیەکی بەرز لە ناوەڕاستیدا هەڵکەوتووە.
دەروازەی یانمێن:
دەروازەی یانمێن دەروازەیەکی شاخاوییە و سێ دەروازەی قەڵادارە کە لە چینی کۆن وەک خاڵی پشکنین و کۆنترۆڵکردنی جوڵە لە نێوان دۆڵی چەمی ئۆراسیا و ناوەڕاستی شانشی بەکاردەهێنرا.
لەم شوێنەدا چەندین شەڕی گرنگ ڕوویاندا، کە بووە هۆی جەنگی جیهانی دووەم. ئەمڕۆ ئەم بڕگەیە بە یەکێک لە شوێنە گەشتیارییەکانی دیواری گەورەی چین دادەنرێت.
گۆبیکۆ:
گوبێکۆ یەکێکە لە بەشە سەرنجڕاکێشەکانی دیواری گەورەی چین؛ چونکە نۆژەن نەکراوەتەوە و دەتوانیت بەبێ هیچ دەستوەردانێک سەیری پارچەیەکی ڕاستەقینەی ئەم شاکارە بکەیت. زیاتر لە 130 شەڕ لێرە ڕوویداوە.
گۆبیکۆ چەندین تاوەری هەیە بە تەلارسازی ناوازە و دیمەنی ناڕێک و شاخاوی. ئەم ڕێگایە بە گشتی بۆ ڕۆیشتن گونجاوە.
ماوەی دروستکردنی دیواری گەورەی چین:
دیواری گەورەی چین لە ماوەی 2000 ساڵدا لەلایەن 19 خانەدانی جیاوازەوە لە سەدەی حەوتەمی پێش زایین تا سەدەی 16ی زایینی دروستکراوە.
چوار کەس ڕۆڵی گرنگیان لە دروستکردنیدا بینی: دوکێک لە شانشینی ژۆو، ئیمپراتۆری یەکەمی شانشینی چین، ئیمپراتۆر وو لە شانشینی هان و ژەنەڕاڵ چی جیگوانگ لە شانشینی مینگ.
لە کاتی دروستکردنی دیواری گەورەدا لە سەردەمی شانشینی چین و هان و مینگ تەنانەت سزایەکی تایبەت بۆ تاوانباران هەبوو کە کارکردن لەسەر دیواری گەورە لەخۆدەگرت.
ئەو زانایانەی لێکۆڵینەوەیان لەم دیوارە کردووە، بەڵگەنامەیان دۆزیوەتەوە کە دەریدەخات ئەگەر تاوانبارێک پێش تەواوبوونی سزاکەی بمرێت، ئەوا ئەندامێکی خێزانەکەی جێگەی دەگرێتەوە.
جگە لە زیندانییەکان، کۆڵبەرانیش بۆ ساڵانێک کاری قورس لەسەر دیواری گەورەی چین بانگهێشت دەکران. بە درێژایی مێژووی دوور و درێژی چین، کۆڵبەرە بێشومارەکان لە پێدانی باج بۆ چەندین ساڵ ماندووبوونیان بەخشراون.
بەشێوەیەکی گشتی بەپێی بەڵگەنامە مێژووییەکان بەشێکی زۆر لە کرێکاران بەهۆی برسێتی و ماندوێتی گیانیان لەدەستداوە یان لەلایەن فەرماندەکانەوە کوژراون. پێدەچێت زیاتر لە ملیۆنێک کەس لە کاتی دروستکردنی دیواری گەورەی چیندا گیانیان لەدەستدابێت.
ڕاستە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا تەرمی کرێکارە مردووەکان نەگەڕێندرانەوە گوندەکانیان بۆ ناشتن. چینییەکان باوەڕیان وابوو و ئێستاش پێیان وایە ئەگەر ئەو لاشە مردووە لەو گوندەی کە لەگەڵ باوباپیرانی تێیدا دەژی، نەنێژرێت، ڕۆحی ون دەبێت و وەک جنۆکەیەکی برسی سەرگەردان دەبێت.
یەکێک لەو ئەفسانەیە باس لە مێنگ جیانگنۆ دەکات، کە ژنێکە کە دوای چەند ڕۆژێک لە هاوسەرگیرییەکەی هاوسەرەکەی ڕەوانەی کارکردنی دیواری گەورە کراوە. بە نیگەرانی زستانی داهاتوو، گەشتێکی دوور و درێژ دەبڕێت بۆ ئەوەی هەندێک جلی گەرم بۆ هاوسەرەکەی ببا.
بەڵام کاتێک دەگاتە شوێنی مەبەست، بۆی دەردەکەوێت کە بەهۆی برسێتی و زیادەڕۆیی لە کارکردن مردووە. پیرە پیاوێک پێی دەڵێت کە زۆرێک لە کرێکاران بە مێردەکەیەوە لە چاڵێکی ژێر دیوارەکەدا نێژراون.
دەست دەکات بە لێدانی دیوارەکە و خەمەکەی بە شێوەیەکی نهێنی دەبێتە هۆی درزکردنی دیواری گەورەی چین و ئێسکی سەدان کرێکاری مردوو ئاشکرا دەکات. ئێسک و پروسکی مێردەکەی دەردێنێت و دەیانباتە گوندەکەی خۆی بۆ بەخاک سپاردنێکی دروست.
دیواری گەورەی چین تا چەند دوورە؟
دیواری گەورەی چین پێکهاتەیەکی گەورەیە کە چەندین پارێزگا لە باکووری چین دەگرێتەوە. بەڵام بەناوبانگترین بەشەکەی کە نۆژەن کراوەتەوە دەکەوێتە باکووری پەکین.
دیواری گەورەی چین لە نزیک سنووری کۆریا و دەریای بۆهای دەست پێدەکات و درێژدەبێتەوە بۆ بیابانی گۆبی لە یانگ کوان و بە نۆ پارێزگا و ناوچەی ئۆتۆنۆمی باکووری چیندا تێدەپەڕێت وەک هیبی، پەکین، شانشی، مەنگۆلیا ناوەوە، نینگشیا و گانسو.
لەبەر ئەوەی دیواری گەورەی چین یەک دیوار نییە و لە ماوەی چەند سەدەیەکدا دروستکراوە، هیچ وەڵامێکی ئاسان و یەکلاکەرەوە بۆ درێژییەکەی نییە. بەداخەوە هیچ تۆمارێکی مێژوویی نییە لەسەر درێژیی وردی دیوارە سەرەکییەکانی سەردەمی شانشینی چین کە بۆ یەکەمجار دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر دروستکراون.
بەشێوەیەکی سروشتی زۆربەی دیوارە دێرینەکانی، بەتایبەتی لە شاخ و بیابانە دوورەکان و بیابانە بەرفراوانەکانی چین، بەدرێژایی سەدەکان وەرگەڕاوە و وێران بوون و تا ئێستاش بەشێکی زۆر کەمیان ماونەتەوە.
جگە لە سەختی دیاریکردنی درێژی وردی دیواری گەورەی چین، مێژوونووسان هێشتا بەشێک لە دیوارەکە دەدۆزنەوە. بۆ نموونە لە ئۆکتۆبەری 2002 بەشێکی نوێی دیواری گەورە بە درێژایی 80 کم لە باکووری ڕۆژئاوای چین دۆزرایەوە.
چەند مانگێک پێش ئەوە شوێنەوارناسانی چینی توانیان بەشێک لەو دیوارە 2000 ساڵە بدۆزنەوە کە سەر بە شانشینی هان بووە.
لە هەر حاڵەتێکدا ئەگەر تەنیا مەودای نێوان دوو بەشی دوورترین خاڵەکانی دیواری گەورەی چین لەبەرچاو بگیرێت، نزیکەی 6700 کیلۆمەتر دەبێت؛ بەڵام زۆربەی حیساباتەکان درێژییەکەی لە نێوان 6276 بۆ 7242 کیلۆمەتر خەمڵاندووە.
هەندێک لە خەمڵاندنەکان درێژی کۆی ئەو دیوارە جۆراوجۆرانەی کە لە هەموو خانەدانەکانی چین دروستکراون، کە نزیکەی 50 هەزار کیلۆمەترە.
لە کتێبی گینسدا درێژی هێڵی سەرەکی دیوارەکە بە 3460 کم تۆمار دەکات، جگە لە 3532 کم زیادەی لقەکانی.
هەرچەندە درێژی دیواری گەورەی چین تا ئێستا لەلایەن زۆر کەسەوە مشتومڕی لەسەرە، بەڵام ئیدارەی میراتی ڕۆشنبیری چین و نووسینگەی نەخشەسازی دەوڵەتی لەم دواییانەدا گشتگیرترین ڕووپێوی شوێنەوارییان لەسەر دیوارەکە ئەنجامدا و گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە کۆی درێژی دیوارەکە 8851 کیلۆمەترە.
دیواری گەورەی چین لە بۆشایی ئاسمانەوە:
لەوانەیە بیستبێتتان دیواری گەورەی چین تاکە پێکهاتەی دروستکراوی مرۆڤە کە لە بۆشایی ئاسمانەوە بە چاوی ڕووت ببینرێت. ئەمە ڕاست نییە و ناتوانرێت لە مانگەوە دیواری گەورەی چین ببینرێت.
لە ڕاستیدا ڕەگ و ڕیشەی ئەم ئەفسانەیە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1932؛ جارێک لە کارتۆنێکدا ئیدیعای کرد، دیواری گەورەی چین بە بەهێزترین بەرهەمی دروستکراوی مرۆڤ دادەنرێت و تاکە پێکهاتە کە لە مانگەوە ببینرێت.
جگە لەو کێشەیەی کە دیواری گەورەی چین تەنها حەوت مەتر پان دەبێتەوە، بەدڵنیاییەوە پیسبوونی هەوای ئەو وڵاتە بەربەستێکی گەورەیە لەبەردەم بینینی لە بۆشایی ئاسمانەوە. تەنانەت ئەگەر دیواری گەورەی چین لە خولگەی نزیک زەویەوە ببینرێت، ئەوە ڕاست نییە کە ئەو دیوارەی باسکراوە تاکە پێکهاتەی دروستکراوی مرۆڤە کە لە بۆشایی ئاسمانەوە ببینرێت.
کەشتیوانانی ناسا نەک هەر دەتوانن شارەکان لە شەودا ببینن، بەڵکو لە ڕۆژدا پێکهاتەی گەورەیان بینیوە کە بریتین لە فڕۆکەخانە و پرد و بەنداو و زۆر شتی تر.
چینییەکان بەهۆی ئەوەی نەیانویستووە ئەم تایبەتمەندییەی شانازی نەتەوەیی خۆیان لەدەست بدەن، هیوایان خواست کە ئاسمانیەکەیان یانگ لیوی (یەکەم کەسی چینی لە بۆشایی ئاسمان) دوای ئەرکەکەی لە ساڵی 2003 دا مژدە بە پەیامنێرانی بە تامەزرۆییەوە بدات.
یانگ لیوی دانی بەوەدانا کە دیواری گەورەی چین نابینێت. لە کۆتاییدا وەزارەتی پەروەردەی چین ناچار بوو ئەم هەڵەیە لە کتێبی خوێندن لاببات.
سەرنجڕاکێشەکانی دیواری گەورەی چین:
پیاسەکردن بەناوبانگترین چالاکییە کە دەتوانیت لەکاتی سەردانیکردنی دیواری گەورەی چین ئەنجامی بدەیت. جگە لەوەش، گەشتکردن بە پێ شەوانە، ماراسۆن، کەمپکردن لەسەر دیوار و سەیرکردنی دیمەنە نایابەکەی شاخەکان بژاردەی دیکەن کە لەبەردەمتدایە.
پیاسەی شەوانە:
سیماتای تاکە بەشی دیواری گەورەی چینە کە شەوانە ڕووناک دەکرێتەوە. لە نێوان تاوەری چاودێری 5 و 6 شەوانە ڕووناک دەکرێتەوە و بەهۆی ڕێڕەوی قیرتاوەکانەوە دەتوانرێت بە ئاسانی سەرکەویت.
شەوانە، دەتوانیت دیمەنێکی جوانی سەیرانگای گۆبی بلو سیتی ببینیت کە دەکەوێتە بنی شاخەکە. دوای سەردانی شەوانەت بۆ دیواری گەورەی چین سەردانی ئەم هاوینەهەواریە بکە کە میوانداری گەشتیاران دەکات کە کانیاوی گەرمی لە تەنیشت هۆتێلە پێنج ئەستێرەکانەوە هەیە.
ماراسۆن:
ماراسۆنی دیواری گەورە کە بەزۆری لە مانگی ئایاردا بەڕێوەدەچێت، بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1999 بەڕێوەچوو و بەهۆی ڕێڕەوی چالاک و دیمەنە سەرسوڕهێنەرەکانی دیواری گەورە و گوندە ئارامەکانییەوە بەناوبانگە.
ئەم ماراسۆنە یەکێکە لە 10 ڕێڕەوی ماراسۆن لە جیهاندا، کە چەندین ڕاکەر لە هەموو جیهانەوە بۆ چین ڕادەکێشێت. جگە لە ڕاکردن، بەشداربووان هەندێک جار ناچارن بە دەست و قاچیانەوە بە لێواری دیوارەکەدا بڕۆن.
کەمپکردن:
بێ گومان بە سەیرکردنی ڕیزبەندی دیواری گەورە و گوێگرتن لە دەنگی ژینگە لە شەودا، دەتوانیت بیهێنیتە بەرچاوت کە پاسەوانەکانی باکووری چین چەند سەدەیەک لەمەوبەر چۆن چاودێری وڵاتەکەیان دەکرد.
باشترین وەرز بۆ کەمپکردن سەرەتای پایزە، کاتێک ئەگەر بەختت باش بێت، ڕەنگە بتوانیت شەوانە ڕێڕەوی شیری ببینیت.
تێلیکابین:
دیواری گەورەی چین لەسەر شاخی بەرز دروستکراوە، هەربۆیە، بۆ سەرکەوتن بەسەریدا، بەزۆری دەبێت نزیکەی کاتژمێرێک بەپێ لەسەر ڕێڕەوی شاخەکان بڕۆن و بەهەمان ڕێگای گەڕانەوەدا بڕۆن.
خۆشبەختانە هەندێک شوێنی دیوارەکە تەلەفریک بۆ گەشتیاران تەیار کراوە بۆ ئەوەی چیتر پێویستیان بە ڕۆیشتن نەبێت.
لە بەشی Mutianio ڕێگەیەکی تری سەرنجڕاکێش هەیە کە پێی دەوترێت ئۆتۆمبێلی ڕۆلەر کواستەر بۆ ئەوەی بە دیوارەکەدا بچیتە خوارەوە، تەنها دەبێت لەسەر ئەم ئۆتۆمبێلانە دابنیشیت و بە ئاسانی بچیتە خوارەوە لە دۆڵەکەدا.
پاراگلایدەر:
پاراگلایدەر لە هەموو ئەو شوێنانەی دیوارەکەدا دەکرێت کە کراوەن بەڕووی خەڵکدا. دوای ئەوەی بە فڕین بەناو دۆڵیدا، زۆر کەس چێژ لە گەشتکردن بە پێ لە ڕێگەی گەڕانەوەدا وەردەگرن.
باشترین کات بۆ سەردانی دیواری گەورەی چین:
دیواری گەورەی چین بە درێژایی ساڵ چەندین شوێنی سەرنجڕاکێشی هەیە؛ بەڵام بارودۆخی کەش و هەوا و قەرەباڵغی گەشتیاران کاریگەری لەسەر ئەزموونەکەت دەبێت.
بەو پێیەی زۆربەی خەڵک سەردانی بەشەکانی دیواری گەورە دەکەن لە نزیک پەکین، گرنگی بە کەشوهەوای ئەم ناوچەیە دەدەن، باشترین کات بۆ سەردانکردن بەهار و پایزە.
لە وەرزی پایزدا بەهۆی کەمی باران و پلەی گەرمی هەوا لەبار و ڕۆژانی خۆرگیرتر، دەتوانیت چێژ لە پیاسەکردن و وێنەگرتنی دیمەنەکان وەربگریت. بەهار و پاییز باشترین کاتەکانن بۆ سەردانی دیواری گەورەی چین. کەش و هەوای پەکین لە بەهاردا خۆشە.
هەرچەندە مانگی ئادار هێشتا زۆر ساردە بۆ ئەوەی بە پێ بەسەر دیواری گەورەی چیندا بڕۆن. مانگەکانی ئاوریل و گولان بە تێکڕای پلەی گەرمی 11 بۆ 24 پلەی سەدی لە ڕۆژدا پێشنیار دەکرێت بۆ سەردانی دیواری گەورەی چین.
لە هاویندا کە گەرما دەگاتە لوتکە، بەشە بەناوبانگەکانی دیوارەکە زۆر قەرەباڵغ دەبن و لە زستانی سارددا نزیکە گەشتیار نەمێنێت؛ هەرچەندە بەفرەکە شاخ و دیوارەکان دادەپۆشێت و دیمەنی بەفری زۆر سەرنجڕاکێش دروست دەکات.