خۆراک ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە گەشەکردنی مێشکی منداڵان. هەر لەبەر ئەم هۆکارە پێویستە بزانیت چی باشترە بخۆیت بۆ بەهێزکردنی بیرەوەری منداڵ. وەرگرتنی ماددە خۆراکیەکان ڕۆڵێکی بەرچاوی هەیە لە گەشەکردنی سەرەتایی و تەرکیزکردن و توانای فێربووندا. لەم بەشەی خوارەوەدا ڕۆڵی خۆراک لە گەشەکردنی مێشکدا ڕوون دەکەینەوە و خۆراکە تەندروستەکانتان پێ ئاشنا دەکەین بۆ منداڵان. لەگەڵمان بمێنەرەوە بۆ ئەوەی زانیاریت هەبێت لەسەر ژەمەکان و نانی بەیانی و خواردنی بەسوود بۆ بەهێزکردنی بیرەوەری.
ڕۆڵی خۆراک لە گەشەکردنی مێشک و بەهێزکردنی بیرەوەری منداڵ:
گەورەترین گەشەی مێشک لە چەند ساڵی یەکەمی ژیانی منداڵدا ڕوودەدات. لە ڕاستیدا مێشکی منداڵ لە تەمەنی 2 ساڵیدا دەگاتە 80٪ کێشی گەورەساڵانی. هەموو ماددە خۆراکیەکان کاریگەرییان لەسەر گەشە و کارکردنی مێشک هەیە، بەڵام بەپێی توێژینەوەیەکی ساڵی 2017 ئەم ماددە خۆراکیانە بۆ زوو گەشەکردنی مێشک پێویستن:
- پرۆتین؛
- کاربۆهیدرات؛
- ترشە چەورییە تێرنەکراوەکانی زنجیرە درێژەکان؛
- کۆڵین؛
- ئاسن؛
- مس؛
- زینک؛
- ڤیتامین A؛
- گروپی ڤیتامین B؛
- ڤیتامین C؛
- ڤیتامین D؛
- یۆد؛
- سیلینیۆم
3 ساڵی یەکەمی ژیانی منداڵ بۆ گەشەکردنی مێشک زۆر گرنگە. ئەگەر مێشک لەم ماوەیەدا دەستی بە ماددە خۆراکییە پێویستەکان نەگات و گەشەی پێویست نەبێت، لەوانەیە ببێتە هۆی تێکچوونی درێژخایەن لە فێربوون، تەندروستی دەروونی لە تەمەنی گەورەییدا و ئەدای کار. خۆراک یەکێکە لە ڕێگا گرنگەکان بۆ بەهێزکردنی بیرەوەری منداڵ لە سەرەتای گەشەی مێشکدا، بەڵام پاڵپشتی کۆمەڵایەتی و وابەستەیی و کەمکردنەوەی ئازار و هەوکردنیش تا ڕادەیەک کاریگەری هەیە. بێگومان ڕێجیم دەتوانێت کاریگەری لەسەر ڕەفتار و تەرکیزکردنی منداڵیش هەبێت. بەپێی توێژینەوەکان، خۆراکی دەوڵەمەند بە شەکری سادە و چەوری تێر دەتوانێت ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی کەمی سەرنجدان (ADHD) زیاد بکات.
بۆ بەهێزکردنی بیرەوەری مندالان چی بخۆن؟
1. هێلکە، بۆ بەهێزکردنی بیرەوەری منداڵ:
هێلکە بە یەکێک لە خۆراکە بەسوودەکان دادەنرێت، کە خۆشبەختانە خواردنێکی بەناوبانگە بۆ زۆرێک لە منداڵان. ئەم خۆراکە دەوڵەمەندە بە ماددە خۆراکییە سەرەکییەکان بۆ گەشەکردنی مێشک، لەوانە:
- کۆڵین؛
- ڤیتامین B12؛
- پرۆتین؛
- سیلینیۆم
بەپێی لێکۆڵینەوەکان، خواردنی کۆلین لە 1000 ڕۆژی یەکەمی ژیانی منداڵدا دەبێتە هۆی گەشەکردنی مێشک و پاراستنی خانەکانی مێشک لە زیان. پێویستی زۆربەی خەڵک بۆ کۆلین بە خواردنی هێلکە دابین دەکرێت. هێلکەیەکی گەورە لەگەڵ زەردێنەکەیدا 125 میلیگرام کۆڵین لەخۆدەگرێت، کە نیوەی پێویستی ڕۆژانە بۆ منداڵانی تەمەن 4 بۆ 8 ساڵ دابین دەکات. باشترە منداڵەکەت بۆ نانی بەیانی هێلکەیەکی کوڵاو بخوات یان ئۆمێلێتێک لەگەڵ سەوزەوات بۆ ژەمی ئێوارە و نیوەڕۆ.
2. جۆرەکانی تووی دار، بۆبەهێزکردنی بیرەوەری منداڵ:
تووی دار پێکهاتەی ڕووەکی زۆر بەسوودی هەیە کە پێی دەوترێت ئەنتۆسیانین. ئەم تێکەڵەیە کاریگەری سودبەخشی جۆراوجۆری لەسەر مێشک هەیە. بەکارهێنانی توو دەبێتە هۆی زیادکردنی ڕۆیشتنی خوێن بۆ مێشک و کاریگەری دژە هەوکردنی هەێه و دروستکردنی خانە دەماری نوێیەکان و هەندێک پرۆتین کە ڕۆڵیان هەیە لە فێربوون و یادەوەریدا بەهێز دەکات.
چەندین توێژینەوەی جیاواز کاریگەری ئەرێنی تووی دار لەسەر کارکردنی مێشکی منداڵان دەرخستووە. بۆ نموونە لە توێژینەوەیەکدا کە 14 منداڵی تەمەن 7 بۆ 10 ساڵان لەخۆگرتبوو، ئەو منداڵانەی 200 گرام خواردنەوەی بلوبێریان خواردەوە، وشەکانیان بە شێوەیەکی بەرچاو باشتر لەبیرە. سەرەڕای ئەوەش، لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە کەم خواردنی تووی دار و سەوزە و میوەی تر دەبێتە هۆی خراپتربوونی ئەدای دەروونی لە منداڵانی تەمەن 6 بۆ 8 ساڵان.
3. خواردنی دەریایی، بۆ بەهێزکردنی بیرەوەری منداڵ:
خواردنە دەریاییەکان سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندە بە ماددە خۆراکیەکان و خاوەنی چەوری ئۆمیگا 3 و یۆد و زینکن، بۆ کارکردنی مێشک زۆر گرنگن. بۆ نموونە جەستە پێویستی بە زینک هەیە بۆ بەرهەمهێنان و گەشەکردنی خانە دەمارییەکان و چەوری ئۆمیگا 3 پێویستە بۆ کارکردنی ئاسایی مێشک. هەروەها جەستە پێویستی بە یۆد هەیە بۆ بەرهەمهێنانی هۆرمۆنەکانی غودەی دەرەقی کە هۆکاری گرنگن بۆ گەشەکردنی مێشک.
زۆرێک لە توێژینەوەکان پەیوەندی نێوان خواردنی خواردنە دەریاییەکان و باشترکردنی ئەدای دەروونی لە منداڵان و هەرزەکاراندا پشتڕاستکردووەتەوە. لە ڕاستیدا خواردنی ماسی دەبێتە هۆی باشتربوونی نمرەی ئاستی زیرەکی و هەروەها ئاستێکی باشتر لە قوتابخانەدا. جگە لەوەش کەمی چەوری ئۆمیگا 3 لە خوێندا کاریگەری نەرێنی لەسەر ئەدای دەروونی منداڵان دەبێت.
بەهۆی پیسکەرەکانی وەک جیوە کە لە هەندێک جۆری خواردنە دەریاییەکان کۆدەبنەوە، زۆر خواردنی ماسی کاریگەری نەرێنی لەسەر کارکردنی مێشک دەبێت. هەر لەبەر ئەم هۆکارە باشترە ئەو خواردنە دەریاییانەی کە جیوەیان کەم بێت، وەکو موسڵحە و ڕۆبیان و سەلەمون و ماسی ترۆت و هێرینگ بەکاربهێنرێت. دەتوانیت سەلەمون یان تونە لە خواردن و ساندویچی جۆراوجۆردا بەکاربهێنیت. هەروەها کبابی ماسی ڕێگەیەکی باشە بۆ زیادکردنی بۆ خۆراکی منداڵان.
4. پرتەقاڵ، بۆ بەهێزکردنی بیرەوەری منداڵ:
پرتەقاڵ یەکێکە لە میوە لیمۆیە بەناوبانگەکان و بەهۆی تامە شیرین و ترشەکەیەوە بە یەکێک لە میوە دڵخوازەکانی منداڵان دادەنرێت. زیادکردنی پرتەقاڵ بۆ خۆراکی منداڵەکەت نەک تەنها تەندروستی گشتی باشتر دەکات، بەڵکو ڕۆڵی هەیە لە بەهێزکردنی بیرەوەری و تەندروستی دەروونی.
بەپێی لێکۆڵینەوەکان، پرتەقاڵ و ئاوی پرتەقاڵ دەتوانن یارمەتی چالاکی خانە دەمارییەکان بدەن و ڕۆیشتنی خوێن بۆ مێشک زیاد بکەن. هەروەها پرتەقاڵ دەوڵەمەندە بە ڤیتامین سی کە ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە گەشەکردنی مێشک و بەرهەمهێنانی گواستەرە دەمارییەکان. ئەو گەورەساڵانەی کە ڤیتامین سی پێویست وەردەگرن دەتوانن باشتر کارەکانیان ئەنجام بدەن لەو چالاکییانەی کە پێویستیان بە تەرکیز و یادەوەری و سەرنجدان و بڕیاردانی خێرا و حوکمدان هەیە.
5. سەوزەی گەڵا سەوز، بۆ بەهێزکردنی بیرەوەری منداڵ:
ڕەنگە ڕازیکردنی منداڵەکەت بە خواردنی سەوزەی گەڵادار ئاسان نەبێت. ئەم سەوزە خۆراکیانە زۆر پێویستن بۆ تەندروستی مێشکی کۆرپەکەت. سەوزە گەڵادارەکانی وەک سپێناخ و کەلەرم و کاهوو پێکهاتەکانی وەک فۆلێت و فلاڤۆنۆید و کارۆتینۆید و ڤیتامین E و K1 لەخۆدەگرن کە مێشک دەپارێزن. بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکان، ئەو منداڵانەی کە بەشی پێویست فۆلێت دەخۆن، توانای دەرونیان باشترە لە چاو ئەو منداڵانەی کە لە فۆلاتی پێویست بێبەشن. جگە لە باشترکردنی چالاکییە دەروونییەکان، کارۆتینۆید لە تۆڕی چاودا کۆدەبێتەوە و بینین باشتر دەکات.
6. کاکاو، بۆ بەهێزکردنی بیرەوەری منداڵ:
کاکاو و بەرهەمەکانی کاکاو یەکێکە لە دەوڵەمەندترین سەرچاوەکانی دژە ئۆکسانی فلاڤۆنۆید. ئەم پێکهاتانە دەتوانن هەوکردن کەم بکەنەوە و مێشک بپارێزن، بەمەش یارمەتیدەر دەبن لە تەندروستی مێشکدا. کاکاو ڕۆیشتنی خوێن بۆ مێشک زیاد دەکات و پرۆسێسی بینین باشتر دەکات. ئەم مادەیە ئەدای دەروونی لە هەندێک چالاکییدا باشتر دەکات تەنانەت لە کەسانی گەورەشدا.
7. ماست، بۆ بەهێزکردنی بیرەوەری منداڵ:
هاندانی منداڵان بۆ خواردنی ماست بۆ نانی بەیانی یان خواردنێکی کەم ڕێگەیەکی زۆر باشە بۆ بەرزکردنەوەی بیرەوەرییان. بەرهەمە شیرەمەنیەکانی وەک ماست سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندن بۆ یۆد، کە لەش پێویستی پێیەتی بۆ گەشەکردنی مێشک و چالاکی دەروونی باش. ئەو منداڵانەی کە بڕێکی پێویست یۆدیان دەست ناکەوێت زیاتر تووشی تێکچوونی دەروونی دەبن. کەمی یۆد زیاتر لە ئافرەتانی دووگیان و منداڵدا دیارە، بەتایبەتی لە شوێنە هەژارەکاندا. جگە لە دابینکردنی یۆدی پێویست، ماست دەوڵەمەندە بە سەرچاوەی دیکەی وەک پرۆتین و زینک و ڤیتامین B12 و سیلینیۆم.
خواردنی نانی بەیانی ڕۆڵێکی زۆر گرنگی هەیە لە ئەدای دەروونی منداڵان. مێشکی منداڵان پێویستی بە گلوکۆزی زیاترە لە گەورەکان. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش خواردنی نانی بەیانی دەوڵەمەند بە مادەی بەهێز، وەک ماست لەگەڵ تووی دار، کاکاو، تۆو کولەکە، گوێز و مۆز، دەتوانێت ڕۆڵێکی بەرچاو لە تەندروستی مێشکی منداڵدا بگێڕێت.
8. ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە ئاسن، بۆ بەهێزکردنی بیرەوەری منداڵ:
کەمی ئاسن یەکێکە لە ئاڵۆزییە باوەکان لە جیهاندا، کە زیاتر لە نێو منداڵاندا هەیە. کەمبوونەوەی ڕێژەی ئاسن لە خوێندا کاریگەری لەسەر گەشەی دەروونی و فێربوونی منداڵ دەبێت. هەروەها کەمی ئاسن پەیوەندی بە تێکچوونی چالاکیی زۆری کەمی سەرنج یان ADHD هەیە. بۆ ڕێگریکردن لە کەمی ئاسن، پێویستە خۆراکی دەوڵەمەند بە ئاسن زیاد بکەیت بۆ خۆراکی منداڵەکەت. ئەم خواردنانە بریتین لە:
- گۆشتی سوور، گۆشتی مریشک، خواردنە دەریاییەکان؛
- جۆرەکانی فاسۆلیا؛
- سپێناغ
جەستە ئاسنی هیم کە لە خۆراکە گۆشتەکاندا هەیە باشتر هەڵدەمژێت لە چاو ئاسنی نا هیم کە لە خۆراکە ڕووەکییەکاندا هەیە. منداڵەکەت پێویستە خۆراکی تێکەڵاوی هەبێت کە هەردوو سەرچاوەی ئاسن و غەیرە ئاسنی تێدابێت. هەروەها زیادکردنی ڤیتامین سی بۆ خۆراکە دەوڵەمەندەکانی تری ئاسن دەتوانێت هەڵمژینی زیاد بکات. بۆ نموونە دەتوانیت ئاوی لیمۆ بخەیتە ناو زەڵاتەی سپێناخەوە.
9. نات و تۆو، بۆ بەهێزکردنی بیرەوەری منداڵ:
هەروەها نات و تۆو ڕێژەیەکی زۆر لە ئەو ماددە خۆراکیانەی تێدایە کە بۆ کارکردنی مێشک باشن، لەوانە:
- ڤیتامین E؛
- زینک؛
- فۆلێت؛
- ئاسن؛
- پرۆتین.
بەپێی لێکۆڵینەوەکان، ناتەکان چەوری و پرۆتین و ڕیشاڵی بەسوود بۆ خۆراکی منداڵان زیاد دەکات و کوالێتی خۆراک باشتر دەکات، ئەمەش پەیوەندییەکی گرنگی هەیە لەگەڵ فێربوون و بەهێزکردنی یادەوەری.
10. فاسۆلیا و عدس، بۆ بەهێزکردنی بیرەوەری منداڵ:
فاسۆلیا و عدس زینکیان تێدایە کە ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە گەشەکردنی مێشک و گەشەی ئاسایی منداڵان. 1 پەرداخ عدسی کوڵاو 2.52 میلیگرام زینکی تێدایە کە نیوەی پێویستی ڕۆژانەی منداڵانی تەمەن 4 بۆ 8 ساڵ. فاسۆلیا دەتوانرێت لە هەموو جۆرە شۆرباو و قیمەێکدا بەکاربهێنرێت. نەرمی فاسۆلیا سوور وای لێدەکات کە ئایدیاڵ بن بۆ منداڵانی بچووکتر.
دوا وشە:
ئەگەر دەتەوێت بزانیت چ خواردنێک بۆ بەهێزکردنی بیرەوەری منداڵ باشه، پێویستە ڕێجیمێکی هاوسەنگ و تەندروست پەیڕەو بکەیت بۆ ئەوەی تەندروستی منداڵەکە و گەشەکردنی دەروونی منداڵەکە مومکین بێت. بەپێی لێکۆڵینەوەکان ئەو خۆراکانەی لەم بابەتەدا ئاماژەیان پێکراوە دەتوانن ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕن لە کارکردنی مێشک و گەشەکردنی دەرونی. بەکارهێنانی ئەم پێکهاتانە لەبری خواردنی کەم و خواردنە شەکردارەکان یان چەورەکان کاریگەری گرنگ و درێژخایەن لەسەر مێشکی منداڵەکەت دەبێت.