چۆن لە هەر تەمەنێکدا عەقڵێکی چالاکمان هەبێت؟ لەم ڕۆژانەدا زۆرێک لە ئێمە گلەیی لە بیرچوونەوە و خاوبوونەوەی مێشکمان دەکەین. ئەم کێشەیە وەک زۆرێک لە کێشەکانی تر چارەسەری هەیە. هەروەک چۆن چالاکیی جەستەیی تەندروستی جەستە بەهێز دەکات، وەرزشکردنی دەروونیش یارمەتیدەرە بۆ زیادکردنی هێزی مێشک و بەهێزکردنی بیرەوەری.
گەیشتن بە عەقڵێکی چالاک:
هەرگیز درەنگ نییە بۆ وەرزشکردنی عەقڵ. لەم بابەتەدا ڕێگاکانی وەرزشی مێشک و گەیشتن بە عەقڵێکی چالاک دەخەینە ڕوو کە گرنگترین ماسولکەی جەستەیە.
1. وەرزشکردن و چالاکی جەستەیی بۆ گەیشتن به عەقڵێکی چالاک:
عەقڵێکی چالاک و تەندروست لە جەستەیەکی تەندروستدایە. ئەوەی بۆ جەستە باشە بۆ دەروونیش باشە. وەرزشی بەردەوام، تەنانەت بە کەمی پیاسەیەکی سادە، ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕێت لە بەهێزکردنی بیرەوەری و تواناکانی مەعریفی. بەپێی لێکۆڵینەوەکان لەکاتی ڕۆیشتندا قاچ شەپۆل دەنێرێت بۆ خوێنبەرەکان، ئەمەش ڕێڕەوی خوێن زیاد دەکات. ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ تەندروستی دەروونی.
یارمەتی زیادکردنی ڕۆیشتنی خوێن بۆ مێشک بده بە ئەنجامدانی چالاکییەکانی وەک گەشتکردن بە پێ لە سروشت یان شاخەکانی نزیک، تنیس، ڕۆیشتن بە سەگ، یۆگا یان تای چی، ئایرۆبیکی ئاو، لەشجوانی کارایی و بەرزکردنەوەی قورسایی.
2. خوێندنەوە و نووسین وە کۆمەڵایەتی بوون:

لە توێژینەوەیەکدا دەرکەوتووە کە خوێندنەوە و نووسینی ڕێکوپێک لە تەمەنی پیریدا نەخۆشی بیرچوونەوە بە ڕێژەی 32% کەمدەکاتەوە. بۆ زیادکردنی کاتی خوێندنەوەت، دەتوانیت بەشداری گروپەکانی خوێندنەوە بکەیت، بۆ نەوەکانت (یان منداڵەکانت) بخوێنیتەوە، بەشداری ڕۆژنامە یان گۆڤارەکان بکەیت، ڕۆژانە کاتێک بۆ خوێندنەوە تەرخان بکەیت و بێگومان ئەو شتانە بخوێنیتەوە کە خۆشت دەوێت.
نووسین توانای بیرەوەری و پەیوەندیکردن باشتر دەکات. گرنگ نییە لەسەر چی دەنووسیت؛ لێهاتوویی نووسین و وەسفکردن چالاکی مێشک زیاد دەکات و ڕێگایەکی باشه بۆ ئەوەی هەمیشە عەقڵێکی چالاکت هەبێت. دەتوانیت تواناکانت لە نووسینی چیرۆکی داهێنەرانە، شیعر، نامە، ئیمەیڵ و بلۆگکردن بەکاربهێنیت.
جگە لە خوێندنەوەی تاکەکەسی، بەشداریکردن لە گروپێکی خوێندنەوە یان گفتوگۆکردن لەسەر ئەوەی کە خوێندووتەتەوە لەگەڵ هاوڕێکانت مێشک ناچار دەکات زانیارییەکان شی بکاتەوە و پرۆسێس بکات. پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە چالاکەکان تۆڕە دەمارییە ئاڵۆزەکان دەگرێتەوە کە ڕێگری لە دابڕانی دەروونی و خەمۆکی دەکەن.
3. خواردنی تەندروست:
ڕەنگە کاریگەری نات و ماسی لەسەر تەندروستی مێشک بزانن. بۆ بەهێزکردنی مێشک ئەم خۆراکانە بخەرە ناو خۆراکەکەتەوە:
- ماسی سەلەمون دەوڵەمەندە بە ئۆمیگا3. و ئۆمیگا 3 مادەی سەرەکییە کە خانەکانی مێشک دروست دەکات.
- چای سەوز هۆشیاری و تەرکیز زیاد دەکات و دەوڵەمەندە بە ماددەی پۆلیفینۆل و دژە ئۆکسێنەر، کە کاریگەرن لە کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی ئەلزەهایمەر و پارکینسۆن.
- هێلکە دەوڵەمەندە بە ماددە خۆراکییە سودبەخشەکان بۆ مێشک. کۆلین لە هێلکەدا یارمەتی بەرهەمهێنانی جۆرێک لە گواستنەوەی دەمار دەدات کە پێی دەوترێت ئەسیتیلکۆلین. ئەسیتیلکۆلین کاریگەرە لە ڕێکخستنی باری دەروونی و بیرەوەری.
- بلوبێری دژە ئۆکسانی تێدایە کە پەیوەندی نێوان خانەکانی مێشک زیاد دەکات و لەدەستدانی بیرەوەری بۆ ماوەیەکی کورت دوادەخات و هەوکردن کەمدەکاتەوە.
4. یاری و نیگارکێشان:

گرنگ نییە شاکارێکی هونەری بێت؛ ئەنجامدانی هونەری داهێنەرانە بۆ مێشک باشە. هەروەها یاریکردن ڕێگەیەکی بەسوود و سادەیە بۆ بەهێزکردنی دەروون و بۆ ئەوەی هەمیشە عەقڵێکی چالاکت هەبێت. یارییە دەروونییەکانی وەک سودۆکو و شەترەنج و بیست پرسیار سوودی بۆ مێشک هەیە.
5. ئاگاداری دۆخی جەستە:
ئەگەر دایکت یان مامۆستاکەت بەردەوام جەختی لەسەرت دەکردەوە کە ڕاست دابنیشیت، ئەوا ڕاستیان دەکرد. جەستەیەکی ڕێکوپێک یارمەتی زیادکردنی سوڕی خوێن و ڕۆیشتنی خوێن دەدات لە مێشکدا. ئەم پێشنیارانەی خوارەوە یارمەتیت دەدەن بۆ باشترکردن و پاراستنی باری جەستەیی باش:
- خەوتن بەجۆرێک کە بڕبڕەی پشت ڕێک بێت. خەوتن لەسەر پشت یان لایەک فشارێکی کەمتر دەخاتە سەر بڕبڕەی پشت. ئەگەر بە لایەکدا خەوتی، سەرت لە دۆخێکی بێلایەندا بهێڵەرەوە و چەناگەت ڕووی لە پێشەوە بێت.
- گرنگیدان بە بەهێزکردنی هاوسەنگی. هاوسەنگی ئەگەری کەوتن کەمدەکاتەوە، ئەمەش بۆ بڕبڕەی پشت باشە. یەکێک لە ڕێگا کاریگەرەکان بۆ باشترکردنی هاوسەنگی بریتییە لە یۆگا.
- پاراستنی کێشێکی تەندروست. زیادبوونی کێش فشارێکی زیاتر دەخاتە سەر ماسولکەکان. ئەمەش وا دەکات پاراستنی دۆخی جەستەی باش قورستر بێت.
6. گوێگرتن لە مۆسیقا:

زۆر کەس چێژ لە گوێگرتن لە مۆسیقا یان ژەنینی ئامێرێک وەردەگرن؛ بەڵام ئەمە تاکە کاریگەری مۆسیقا نییە و بەهێزبوونی عەقڵێکی چالاکت بۆ زیاد دەکات. لەم ڕۆژانەدا بە تەکنەلۆجیا و پلاتفۆرمە جیاوازەکانەوە دۆزینەوەی مۆسیقای دڵخواز و فێربوونی ژەنینی ئامێرێک وەک جاران قورس نییە.
7. باش خەوتن:
تێکچوونی خەو دەبێتە هۆی خراپی بیرەوەری و تەرکیز و تێکچوونی تری مەعریفی. یادەوەری و لێهاتووییە تازە فێربووەکان لە کاتی خەوتندا دەگوازرێنەوە بۆ بەشە هەمیشەییەکان. ئەمەش وا دەکات وەبیرهینانیان ئاسانتر بێت. کاتێک کە بەشی پێویست ناخەویت، ئەم پرۆسەیە بە ڕادەی پێویست ڕوونادات.
بەپێی ئاماری دامەزراوەی نیشتمانی خەوتنی ئەمریکی، ئەو کەسانەی تەمەنیان لە 65 ساڵ و سەرووتردایە، پێویستە شەوانە 7 بۆ 8 کاتژمێر بخەون. بۆ کەسانی تەمەن 26 بۆ 64 ساڵ ئەم ماوەیە 7 بۆ 9 کاتژمێرە. بۆ خەوتنی باش و تەواو ئەم پێشنیارانە بەکاربهێنە:
- کاتێکی دیاریکراو بۆ خەوتن دابنێ. هەبوونی خشتەی ڕێکوپێک کوالێتی خەو زیاد دەکات.
- خواردنی قورس مەخۆ. خواردنی قورس لەوانەیە ببێتە هۆی کەمخەوی لەڕێگەی هاندانی گەدە. کاتێک شەوانە هەست بە برسێتی دەکەیت، خواردنی سووک وەک گوێز یان میوە بخۆ.
- سنووردارکردنی ماددە هاندەرەکان. هەوڵبدە 6 کاتژمێر پێش خەوتن قاوە و خواردنەوە گازییەکان و جگەرە نەخۆیت.
8. فێربوونی زمانێکی نوێ:
تەنانەت ئەگەر پلانت نییە گەشت بکەیت بۆ دەرەوەی وڵات، فێربوونی زمانێکی نوێ بەسوودە بۆ ئەوەی هەمیشە عەقڵێکی چالاکت هەبێت. فێربوونی زمان ئەرکە مەعریفیەکان باشتر دەکات.
9. مێدیتەیشن بکە بۆ گەیشتن به عەقڵێکی چالاک:

کاریگەری مێدیتەیشن لەسەر باشترکردنی کارکردنی مێشک ڕەنگە سەیر بێت. وردبینی لەلایەن زۆرێک لە دەروونناسەکان و بەڕێوەبەران و سەرکردەکان و پسپۆڕانی تەندروستی زۆر پێشنیار دەکرێت. توێژینەوەکان دەریانخستووە کە ڕاهێنانەکانی وردبینی ڕێڕەوی دەماری نوێ لەخۆدەگرێت. ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ بەهێزکردنی تواناکانی چاودێریکردنی خۆ و نەرمی دەروونی. بەپێی لێکۆڵینەوەکان مێدیتەیشن کاریگەرە لە بەهێزکردنی سەرنج و تەرکیز و هاوسۆزی و تەنانەت سیستەمی بەرگری لەش. هەروەها ڕەنگە مێدیتەیشن کاریگەر بێت لە زیادکردنی توانای بیرەوەری.
10. دۆزینەوەی خولیا یان کارامەیییەکی نوێ:
فێربوونی کارامەیی یان خولیایەکی نوێ، جگە لە بەهێزکردنی دەروون، زیندوویی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت. بەشداریکردن لە بەرنامە پەروەردەییە بێبەرامبەرەکان یان کەم تێچوونەکاندا سوودی هەیە بۆ گەورەکان، بەتایبەتی گەورەساڵانی بەتەمەن. جا چ چێشت لێنانی خواردنێکی نوێ بێت یان باشترکردنی تواناکانی کۆمپیوتەر، فێربوون ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە بەهێزکردنی دەروون. ئارەزووی چ چالاکیەک دەکەیت؟ خراپ نییە بیر لە فێربوونی دارتاشی و دورین و باخداری و چێشت لێنان و فۆتۆگرافی بکەیتەوە.
11. نەخشەی شارەکەت بکێشە:
ڕەنگە بتوانیت بە چاوی داخراوەوە شەقامەکانی دەوروبەرت ببینیت. باشە بزانیت کێشانی نەخشەی شارەکەت یان لانیکەم شوێنی نیشتەجێبوونت تەحەدای مێشک دەکات و دەروون بەهێز دەکات. دوای کێشانی نەخشەکە بەراوردی بکە لەگەڵ نەخشەی ڕاستەقینەی شوێنەکە. لەوانەیە سەرت سوڕمێ کە بزانیت چیت لەدەستداوە. ئەگەر ئەمە بۆ تۆ ئاسانە، هەوڵبدە نەخشەی شوێنە کەمتر ئاشناکان بکێشیت؛ بۆ نموونە کێشانی نەخشەی وڵاتەکەت بە دیاریکردنی شوێن و ناوی هەر پارێزگایەک. هەروەها دەتوانیت ڕێگای کارکردن، نووسینگەی پزیشک یان ماڵی هاوڕێکەت بکێشیت. وێنەکێشان و ناونانی شوێنە جیاوازەکان بەشە جیاوازەکانی مێشک سەرقاڵ دەکات.
ئەنجام:
هەبوونی عەقڵێکی چالاک و وریا لە تەمەنی ناوەڕاست و پیریدا بەڕێکەوت نییە؛ دەرئەنجامی هەڵبژاردنی ڕۆژانەمانە. وەک بینیمان هەبوونی یادەوەرییەکی بەهێز تەنها لە چارەسەرکردنی مەتەڵەکاندا سنووردار نییە، بەڵکو تێکەڵەیەکی زیرەکانەیە لە چالاکیی جەستەیی، خۆراکی سەرەتایی، خەوی گونجاو و لە هەمووی گرنگتر بەردەوامبوون لە فێربوون و پەیوەندی کۆمەڵایەتی لەگەڵ کەسانی دیکە.
لەبیرت نەچێت کە مێشکت پێویستی بە تەحەدای نوێ هەیە بۆ ئەوەی گەشە بکات. هەرگیز درەنگ نییە بۆ دەستپێکردنی خوویەکی تەندروست یان فێربوونی کارامەیییەکی نوێ. بە جێبەجێکردنی ئەم ستراتیژە سادە بەڵام زانستیانە دەتوانیت ڕێگری لە سووتانی دەروونی بکەیت و چێژ لە هەبوونی عەقڵێکی چالاک و داهێنەر و بەتوانا لە هەر تەمەنێکدا وەربگریت.










