
تا ئێستا تووشی ئازاری سوڕی مانگانە بوویت؟ ئەم ئازارە کە زۆرێک لە خانمان هەموو مانگێک تووشی دەبن، دەتوانێت چالاکییەکانی ڕۆژانەت تێکبدات و هەست بە ماندوێتی یان بێهێزی بکەیت. بەڵام هەواڵە خۆشەکە ئەوەیە کە ڕێگا هەیە بۆ کەمکردنەوەی توندی گرژبوونی سوڕی مانگانە و یارمەتیت دەدات بە ئاسوودەیی زیاتر لە سوڕی مانگانەدا تێپەڕیت.
لەم بابەتەدا، هۆکارە سەرەکییەکانی ئازاری سوڕی مانگانە و چارەسەرە سەلامەت و ماڵییەکان بۆ ڕزگاربوون لی دەزانیت.
بۆچی گرژبوونی ماسولکەکان لە کاتی سوڕی مانگانەدا ئازاری هەیە؟
ئەم گرژبوونە کە پێی دەوترێت دیسمینۆریا یان سوڕی مانگانەی بە ئازار، بەزۆری بەهۆی ماددە کیمیاییە سروشتییەکانی لەشەوە دروست دەبێت کە پێیان دەوترێت پرۆستاگلاندین. هەموو مانگێک پێش دەستپێکردنی سوڕی مانگانە، ئاستی پرۆستاگلاندین لە ناوپۆشی منداڵدانتدا بەرز دەبێتەوە و لە یەکەم ڕۆژی سوڕی مانگانەدا دەگاتە لوتکە. هەر لەبەر ئەم هۆکارە بەزۆری گرژبوونی سوڕی مانگانە لەم ڕۆژانەدا زۆرترین توندی دەبێت.
لەگەڵ پێشکەوتنی سوڕی مانگانەت و ڕژانی ناوپۆشی منداڵدانت، ئاستی پرۆستاگلاندین کەم دەبێتەوە، ئەمەش وا دەکات ئازارەکە کەمتر توند بێت. تێگەیشتن لەم پرۆسەیە دەتوانێت یارمەتیت بدات لەوە تێبگەیت کە بۆچی گرژبوون ئاساییە و چۆن بە ئاسانی ڕووبەڕووی ببیتەوە.
چۆن بزانیت گرژبوونی سوڕی مانگانەت ئاساییە؟
بەزۆری هەموو کچێک یان ژنێک مانگ بە مانگ ئاستێکی هاوشێوەی گرژبوونی دەبێت. بۆ هەندێک لە خانمان ئازاری سوڕی مانگانە کەمە و بۆ هەندێکی تر دەتوانێت زۆر توند بێت. پێوەر بۆ پێوانەکردنی ڕێژەی ئازارەکە بریتییە لە توندییەکەی لە ماوەکانی پێشووی سوڕی مانگانەی هەر کەسێکدا.
ئایا گرژبوونی توندی سوڕی مانگانە دەتوانێت نیشانەی شتێکی تر بێت؟
لە زۆربەی حاڵەتەکاندا گرژبوونی سوڕی مانگانە بۆ خۆی ئاساییە و ئاماژە بە کێشەیەکی جددی ناکات. بەڵام لە هەندێک بارودۆخدا ئازاری توند و درێژخایەن ڕەنگە نیشانەی کێشەیەکی پزیشکی بێت. هەندێک لەو بارودۆخانە بریتین لە:
- ئێندۆمەتریۆز(Endometriosis): شانەکانی هاوشێوەی ناوپۆشی منداڵدان لە دەرەوەی منداڵدان گەشە دەکەن و لەوانەیە بە هێلکەدان، میزڵدان، یان ڕیخۆڵەکانەوە بلکێن.
- ڕیشاڵی منداڵدان(Uterine fibroids): گرێی نا شێرپەنجەیی کە لەناو دیواری منداڵدان گەشە دەکات و دەبێتە هۆی ئازار یان فشار.
- ئەدینۆمیۆز (Adenomyosis): ئەو شانانەی کە بە شێوەیەکی ئاسایی هێڵی ناوەوەی منداڵدان دەکەن، دەست دەکەن بە گەشەکردن لەناو دیواری ماسولکەکانی منداڵدان.
ئەگەر ئازارەکەت هاوشێوەی ئەمانە بێت، زیاتر لە ئاسایی بەردەوام بوو، یان توندتر بوو لەوەی لە ڕابردوودا تووشی بوویت، باشترە سەردانی پزیشکی منداڵبوون-ژنان بکەیت. ئەمەش دەتوانێت یارمەتیت بدات بۆ دیاریکردنی هۆکاری وردی ئازارەکەت و وەرگرتنی چارەسەری دروست.
ئایا دەتوانیت لە ماڵەوە چارەسەری ئازاری سوڕی مانگانە بکەیت؟
لە زۆر حاڵەتدا دەتوانرێت ئازاری سوڕی مانگانە بە چارەسەری سادەی ماڵەوە کەم بکرێتەوە. بەڵام ئەگەر ئازارەکەت زۆر بوو و چالاکییەکانی ڕۆژانەت تێکدەدات، مەترسە ڕاوێژ بە پزیشکەکەت بکەیت. هەندێک جار ڕەنگە کەمکردنەوەی ئازار پێویستی بە دەرمانی ڕەچەتە یان چارەسەری تر هەبێت کە پزیشکەکەت پێشنیاری دەکات.
بۆ یارمەتیدانی کەمکردنەوەی ئازاری سوڕی مانگانە، لێرەدا 8 چارەسەری ماڵەوەی سەلامەت و کاریگەر دەخەینەڕوو کە دەتوانێت ڕۆژانی سوڕی مانگانەت ئاسوودەتر بکات.
1. جوڵەکانی یۆگا بۆ کەمکردنەوەی ئازاری سوڕی مانگانە:

یۆگا دەتوانێت هەم ماسولکەکان بکێشێت و هەم ئارام بکاتەوە. ڕۆتینی بەردەوامی یۆگا دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی گرژبوونی ماسولکەکان. لە لێکۆڵینەوەیەکدا دەرکەوتووە، 20 ژن کە هەفتەی یەک کاتژمێر یۆگا دەکەن بۆ ماوەی سێ مانگ، ئازاری سوڕی مانگانەیان کەمتر بووە بە بەراورد بە 20 ژن کە یۆگایان نەکردووە. دەتوانیت لە کاتی سوڕی مانگانەدا یان لە نێوان سوڕی مانگانەدا مەشق بکەیت، بەڵام هەندێک لە ڕاهێنەران پێشنیاری ئەوە دەکەن کە لە کاتی سوڕی مانگانەدا خۆت لە پۆزی پێچەوانە(وەک وەستان لەسەر شان) بەدوور بگرێت.
2. خواردنی دەرمانی ئازارشکێن:
دەرمانی دژە هەوکردنی ناستیرۆید(NSAIDs) وەک ئیبوپڕۆفین یان ناپرۆکسین دەتوانن یارمەتیدەر بن لە کۆنترۆڵکردنی ئازار بە کەمکردنەوەی پرۆستاگلاندینەکان. باشترین کات بۆ خواردنی حەب ڕاست پێش دەستپێکردنی سوڕی مانگانە بۆ ڕێگریکردنه لە زیادبوونی ئازار. هەمیشە پێش خواردنی هەریەکەیان ڕاوێژ بە پزیشکەکەت بکە، بەتایبەتی ئەگەر پێشینەی خوێنبەربوونت هەبوو یان کێشەی گەدە یان گورچیلەت هەبوو.
3.چای گیایی:
چای گیایی یارمەتی ئارامکردنەوە و کەمکردنەوەی ئازار دەدات:
- چای دارچین
- چای زەنجەفیل
- چای نەعنا
- چای سەوز
- چای ئۆلۆنگ
هەرچەندە لێکۆڵینەوەیەکی کەم لەسەر ئەم بابەتە کراوە، بەڵام ئەزموونی هەزاران ژن دەرکەوتووە کە ئەم چایانە دەتوانن یارمەتیدەر بن.
4. باشترکردنی خۆراک:
ڕێجیمێکی ڕووەکی کەم چەوری یان کەمکردنەوەی چەورییە ناتەندروستەکان و گۆڕینی بە چەوری تەندروست وەک زەیتی زەیتون یان ئەو چەوریانەی لە ماسی و گوێزدا هەن، دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی گرژبوونی ماسولکەکان.
5. بوتڵی ئاوی گەرم:

منداڵدان ماسولکە، بۆیە هەر شتێک یارمەتی ئارامکردنەوەی ماسولکەکان بدات یارمەتیدەرە. دانانی بوتڵی ئاوی گەرم لەسەر سکت یارمەتیدەرە بۆ نەهێشتنی گرژبوون. توێژینەوەکان دەریدەخەن کە گەرمی ناوچەیی نزیکەی بەقەد ئیبوپڕۆفین کاریگەرە بۆ کەمکردنەوەی ئازار.
6. بە زەیت مەساج بکە:
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکان کە لە گۆڤاری توێژینەوەی منداڵبوون و ئافرەتان بڵاوکراوەتەوە، مەساجکردنی پێست بە هەندێک زەیتی بۆنخۆش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ئازار کە بەهۆی گرژبوونی سوڕی مانگانەوە دروست دەبێت. توێژەران داوایان لە 48 ئافرەت کردووە کە تووشی گرژبوونی سوڕی مانگانە و نیشانەکانی دیکە بوون، لە نێوان سوڕی مانگانەدا زەیتی سروشتی یان بۆنی دەستکرد مەساج بکەن بۆ بەشی خوارەوەی سکیان. دوای وەرگرتنی بەڵگە بۆیان دەرکەوت کە مەساجکردنی ڕۆن ئازاری سوڕی مانگانە کەمدەکاتەوە.
7. وەرزشکردن:
ئەندۆرفینی سروشتی دەتوانێت باری دەروونیت بەرز بکاتەوە. هەروەها ئەم پێکهاتانە کاریگەری کەمکردنەوەی ئازاریان هەیە. ڕێگەیەکی ناسراو بۆ بەرزکردنەوەی ئەندۆرفینەکان وەرزشی ئایرۆبیکە. بە وەرزشکردن، ئەندۆرفین لە جەستەتدا دەردەدەیت، ئەمەش ئازاری سوڕی مانگانە کەمدەکاتەوە.
8. زیادکردنی مەگنیسیۆم لە خۆراکدا:
پێدەچێت مەگنیسیۆمی خۆراک یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی ئازاری گرژبوون. مەگنیسیۆم لە زۆرێک لە خۆراکەکاندا هەیە، لەوانە بادەم، فاسۆلیا ڕەش، سپێناخ، ماست، کەرەی فستق. ئەگەر دەتەوێت تەواوکەری مەگنیسیۆم بخۆیت، باشترە لەگەڵ پزیشکەکەت قسە بکەیت، چونکە بڕی پێویست بەندە بە توندی گرژبوونەکەت و هۆکارەکانی دیکە.
ئەنجام:
ئازاری سوڕی مانگانە ئەزموونێکی باو و ئاساییە بەڵام دەتوانرێت بەڕێوەبچێت. زۆرێک لە خانمان دەتوانن ئازارەکانیان کەم بکەنەوە و ڕۆژانی سوڕی مانگانەیان ئاسوودەتر بکەن بە چارەسەری سادەی ماڵەوە وەک یۆگا و بوتڵی ئاوی گەرم و خۆراکی دروست و مەساج و وەرزشکردن.
بەڵام ئەگەر ئازارەکە زۆر یان نائاسایی بوو و ژیانی ڕۆژانەت تێکدا، گرنگە ڕاوێژ بە پزیشکی منداڵبوون- ئافرەتان بکەیت. زوو دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە و چارەسەری دروست دەتوانێت یارمەتیت بدات سوڕی مانگانە کەم ئازارت هەبێت و تەندروستی گشتیت بپارێزێت.











4 لێدوانەکان. Leave new
من 8 رۆژه دوکەوتوم لەسوری مانگانە تیستی حەملم کرد سک نەبوو بەلام 4 رۆژ لەمەو پیش دەردراوی وەک شیر بەلام وەک مەحەلەبی خەست بوو هەمبو وانەماوە بەلام ئەمرۆ وەک ئاو یەتە دەرەوە لەناوپۆشی رەحمم یەک حەفتەیە ئازاری سوری مانگانەم هەیە تکایە وەلامم بەنەوە ئەو دەردراوانە جین
سڵاو هاوڕێی ئازیز. ئەم بابەتە دەتوانێت هۆکاری جۆراوجۆری هەبێت. لەوانەش گۆڕانی هۆرمۆنەکان و هەوکردنی منداڵدان. بۆیە پێویستە سەردانی پزیشکی ئافرەتان بکەیت بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی دروست پشکنینی بۆ بکرێت.
سلاو بیزەحمەت ئەوخوێنەی کە لەسوری مانگانە لە ئافرەت ئەروات ئەو خوێنە چیە هۆکاری دروست بونی ئەوخوێنە چیە واتا خوێنی چیە
سڵاو هاوڕێی ئازیز. پێشنیار دەکەم لە ماڵپەڕی بۆزانین زانیاری دەربارەی هێلکەدابەزین (هەموو شتێک دەربارەی هێلکەدابەزین) و هێلکەدان (هێلکەدان چییە؟ هەموو شتێک دەربارەی هێلکەدان) بخوێنیتەوە بۆ ئەوەی بتوانیت بە دروستی و زانستیانە لە هەموو شتێک تێبگەیت.
سوڕی مانگانە دەرئەنجامی پرۆسەیەکی سروشتییە لە جەستەی مێینەدا کە بەهۆی ئامادەکردنی منداڵدان بۆ پیتاندن ڕوودەدات. ئەگەر دووگیانی ڕووی نەدا، ناوپۆشی منداڵدان لەگەڵ خوێن لە جەستە دەردەچێت. بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارەی “بۆچی ئافرەتان سوڕی مانگانەیان دەبێت؟”؛ دەبێت بڵێین هۆکارەکە سەرەتای پرۆسەی زاوزێ و گۆڕانکارییە هۆرمۆنییەکانی پەیوەست بە تەمەنی باڵغبوونە.