1. ماڵه‌وه‌
  2. navigate_before
  3. تەندروستی
  4. navigate_before
  5. دەروونزانی
  6. navigate_before
  7. تێکچوونی کەسایەتی نێرگسی چییە؟

تێکچوونی کەسایەتی نێرگسی چییە؟

تێکچوونی کەسایەتی نێرگسی

تێکچوونی کەسایەتی نێرگسی(NPD) یەکێکە لە تێکچوونە ناسراوەکانی کەسایەتی کە کاریگەری لە شێوازی بیرکردنەوە، هەستکردن و مامەڵەی مرۆڤ لەگەڵ خەڵکی تر دەهێنێت. ئەو کەسانەی کە ئەم تێکچوونەیان هەیە، زۆرجار وێنایەکی گەورە و هەڵئاوساو لە خۆیان دەبینن و پێویستیان بە گرنگیدان و سەرنجی زۆری کەسانی دیکە هەیە. خۆپەرستی لە ئاستێکی کەمدا شتێکی ئاساییە لە ژیانی مرۆڤدا، بەڵام لە کەسانی نێرگسیدا زۆر جار ئەم سیفەتە دەگاتە لوتکە. ئەوان زۆرجار گرنگی به هەست و بیرۆکەی کەسانی تر نادەن و پێداویستییەکانیان پشتگوێ دەخەن.

لە هەمان کاتدا، زۆر جار ئەو کەسانەی کە نێرگسییان هەیە، ڕێزگرتنی خود ی بەهێزیان نییە. ئەم دۆخە لەگەڵ هەستی لاوازی ناوەوە و نائاسایییەکی دەروونی پەیوەندیدارە کە بە شێوەی هەستکردن بە ماف و باڵادەست‌بوون دەشاردرێت. بۆیە، ئەو کەسانەی کە تێکچوونی کەسایەتی نێرگسییان هەیە، زۆرجار وەک کەسانێکی خۆسەنتەر، کەم‌هاوسۆز و پێویست‌دار بە ناسینەوە و گرنگیدانی بەردەوام ناسراون. ئەم شێوازی هەڵسوکەوتە دەتوانێت پەیوەندییەکان قورس بکات و تێگەیشتنی ئارام لەگەڵ کەسانی دیکە کەم بکات.

تێکچوونی کەسایەتی نێرگسی چییە؟

نێرگسی زاراوەیەکی باوه و بۆ وەسفکردنی ئەو کەسانە بەکاردێت کە خۆپەرستانە ڕەفتار دەکەن. بەڵام ئەوەی زۆر کەس درکی پێناکەن ئەوەیە کە نێرگسی، یان تێکچوونی کەسایەتی نێرگسی(Narcissistic Personality Disorder یا NPD)، لە ڕاستیدا تێکچوونەکی دەروونی جددی و دەستنیشانکراوە. ڕەنگە زۆربەمان لە هەندێک کات لە ژیانماندا هەندێک سیفەتی نێرگسیمان پیشان بدەین، بەڵام ئەم سیفەتانە لە بنەڕەتدا جیاوازن لە ڕووی توندی و بەردەوامی و کاریگەری لەسەر ژیانمان وەک لە تێکچوونی کەسایەتی.

ئەو کەسانەی کە تووشی ئەم تێکچوونە بوون بە شێوەیەکی گشتی هەستێکی زیادەڕەوییان لە گرنگی و بەهای خۆیان هەیە و بەردەوام پێویستیان بە سەرسامی و سەرنج و ڕەزامەندی کەسانی دیکە هەیە. لەوانەیە ناڕەزایی دەرببڕن، توڕە بن، یان بێزار بن کاتێک ئەو سەرنجە یان ئیمتیازاتانە وەرناگرن کە هەست دەکەن مافی خۆیانە. زۆرجار خەڵکی دەوروبەریان وەک خۆبەزلزان یان خۆگرنگ دەیانبینن، و بەزەحمەت دەتوانن لە دەوروبەریان بن. خەمڵاندنەکان ئەوە دەردەخەن کە تێکچوونی کەسایەتی نێرگسی ڕەنگە کاریگەری لەسەر تا 6.2%ی دانیشتووان هەبێت و ڕێژەی تووشبوونەکەی کەمێک لە پیاواندا زیاترە لە ژنان.

نیشانەکانی تێکچوونی کەسایەتی نێرگسی:

نیشانەکانی تێکچوونی کەسایەتی نێرگسی

ئەم وشەیە لە ئەفسانەیەکی یۆنانی وەرگیراوە کە تیایدا گەنجێکی قۆز بە ناوی نێرگس لە حەوزێکی ئاودا ڕەنگدانەوەی خۆی دەبینێت و عاشقی دەبێت. کەسێک کە تووشی ئەم تێکچوونە بووە لەوانەیە:

  • زۆرجار دەبێتە هۆی ئەوەی کەسانی تر هەست بە ئازار یان ناڕەحەتی بکەن
  • کێشەی هەیە لە پاراستنی پەیوەندییە سۆزداری و کۆمەڵایەتییە جێگیرەکان
  • بەزۆری خۆی لە پێش هەموو شتێکەوە دادەنه
  • پێ وایە هەمیشە ڕێگەی «دروست» دەزانه
  • زۆربەی کات بیر لە خۆی دەکاتەوە و زۆر باسی خۆی دەکات
  • ئارەزووی سەرنجدان و سەرسامبوونی هیه
  • زیادەڕەوی لە بەهرە و دەستکەوتەکاندا
  • باوەڕی وایه، تایبەتە
  • ئامانجی ناڕاستەقینە بۆ خۆی دادەنه
  • گۆڕانی باری دەروونی فراوان و خێرای هەیه
  • بۆ ئەوەی هەستی کەسانی تر بە جددی وەربگره کێشەی هەیە
  • خەیاڵی سەرکەوتن و پارە و دەسەڵاتی بێسنووری هەیە
  • پێداگری دەکات لەسەر ئەوە ی باشترینی هەموو شتێکی هەبێت

لە هەمان کاتدا ئەو کەسانەی کە تێکچوونی کەسایەتی نێرگسییان هەیە، بە ئاستەم مامەڵە لەگەڵ هەر شتێکدا دەکەن کە وەک ڕەخنە هەستیان پێدەکرێت. ئەوان:

  • کاتێک نەناسرێنەوە یان گرنگییەکی تایبەتیان پێنادرێت، بێ تاقەت دەبن یان توڕە دەبن.
  • کێشەی گەورەیان هەیە لە کارلێککردن لەگەڵ کەسانی تر و بە ئاسانی هەست بە کەمتەرخەمی دەکەن.
  • بە توڕەیی یان سووکایەتیەوە کاردانەوەیان هەێه و هەوڵ ددەن کەسانی تر زەلیل بکەن بۆ ئەوەی خۆیان باڵاتر دەربکەون.
  • لە بەڕێوەبردنی هەست و ڕەفتارەکانیاندا کێشەیان هەیە.
  • تووشی کێشەی گەورە دەبن لە ڕووبەڕووبوونەوەی فشار و گونجاندن لەگەڵ گۆڕانکارییەکان.
  • کشانەوە یان دوورکەوتنەوە لەو بارودۆخانە کە لەوانەیە شکست بهێنن.
  • هەست بە خەمۆکی دەکەن بە تایبەت کاتێک کە بە «تەواوی» دڵخوازی خۆیان بەدەست ناهێنن.
  • هەستی شاراوەی نائەمنی و شەرمەزاری و زەلیلبوون و ترسی ئاشکرابوونیان وەک شکستخواردوو هەیە.

هەروەها پسپۆڕان، ئەم تێکچوونە کاتێک دەستنیشان دەکەن کە لانیکەم پێنج لەم تایبەتمەندیانەی خوارەوەت هەبێت:

  • هەستکردن بە گەورەیی
  • بیرکردنەوەیەکی بەردەوام سەبارەت بە سەرکەوتووتر، بەهێزتر، زیرەکتر، بەناوبانگتر، یان سەرنجڕاکێشتر لەوانی تر
  • هەستکردن بە باڵادەستی و ئارەزووی پەیوەندیکردن تەنها لەگەڵ کەسانی پلە بەرز
  • پێویستی بە ستایشی زۆر
  • هەستکردن بە ڕاستودروستی
  • ئامادەیی بۆ بەکارهێنانی ئەوانی تر بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان
  • تێنەگەیشتن و گرنگی نەدان بە هەست و پێویستیی کەسانی تر
  • ڕەفتار و هەڵوێستی خۆبەزلزانانە

جۆرەکانی تێکچوونی کەسایەتی نێرگسی:

جۆرەکانی تێکچوونی کەسایەتی نێرگسی

ئێستا قبوڵکراوە کە ئەم تێکچوونە ئاست و جۆری جیاوازی هەیە. بە شێوەیەکی سەرەکی شارەزایان سەرنجیان لەسەر دوو جۆری جیاوازی (NPD)هەیه.

1. تێکچوونی کەسایەتی نێرگسی ئاشکرا:

ئەم ژێر جۆرە کە پێی دەوترێت نێرگسیزمی گەورە، ناسراوترینە. بە شێوەیەکی سەرەکی بە هەڵوێست و ڕەفتارەکان تایبەتمەندە کە بریتین لە:

  • شانازی
  • خۆنمایشکردن
  • باڵادەستی
  • پر ئیدیعا
  • دووژمنکارانە
  • دڵنیا لە خۆ

2. تێکچوونی کەسایەتی نێرگسی شاراوە:

ئەم ژێر گروپەی تری نێرگسی ئاماژەیە بۆ ئەو کەسانەی کە هەڵوێست و ڕەفتارەکانیان زیاتر بەم شێوەیەن:

  • پەرۆش
  • زۆر هەستیار بە تایبەت کاتێک ڕەخنەی لێدەگیرێت
  • بێ ئاسایش
  • بەرگری
  • خەمۆک

تەنانەت ئەگەر ئەم جۆرە نێرگسییە کەمتر دیار بێت، ئەو کەسەی کە نێرگسی شاراوەی هەیە، هێشتا ڕەفتاری نێرگسی پیشان دەدات و بە نهێنی پێی وایە کە ئەوان لە کەسانی دیکە باڵاترن و توانای کەمتریان هەیە بۆ ئەوەی خۆیان بخەنە پێڵاوی کەسانی دیکە و هاوسۆزی بکەن.

هۆکاری تێکچوونی کەسایەتی نێرگسی:

هۆکاری تێکچوونی کەسایەتی نێرگسی

هۆکاری وردی ئەو تێکچوونه بە تەواوی ڕوون نییە، بەڵام لێکۆڵینەوەکان باس لەوە دەکەن کە تێکەڵەیەک لە هۆکارە بۆماوەییەکان و هۆکارە ژینگەییەکان ڕۆڵ دەگێڕن. پێدەچێت مەیلی پەرەپێدانی سیفەتی نێرگسی هۆکارە بۆماوەیی بێت، هەرچەندە ئەوان تاکە هۆکاری دیاریکەر نین.

جگە لە هۆکارە بۆماوەییەکان، ئەزموونە ژینگەییەکان بە تایبەت لە کاتی منداڵیدا گرنگن. هەندێک لە هۆکارە ژینگەییەکانی ناسراو بریتین لە:

  • ئازاردانی سۆزداری یان پشتگوێخستن لە منداڵیدا
  • زیادەڕەوی لە ستایش و نازکردنی دایک و باوک
  • چاوەڕوانی ناڕاستەقینە یان فشاری زۆر لەلایەن دایک و باوکەوە

توێژینەوەکان دەریدەخەن ئەو منداڵانەی کە بەردەوام و بێ سنوور لەلایەن دایک و باوکیانەوە ستایش دەکرێن، لەوانەیە لە داهاتوودا مەترسی زیاتریان لەسەر بێت کە تووشی نەخۆشی کەسایەتی نێرگسی ببن. لە کۆتاییەکەی تری سپێکترۆمەکەدا، ئەو منداڵانەی کە پشتگوێ دەخرێن یان ئازار دەدرێن، ڕەنگە پەرە بە نێرگسیزمیش بدەن وەک ستراتیژییەکی دەروونی مانەوە. لەوانەیە ئەم منداڵانە بگەنە ئەو باوەڕەی کە تاکە ڕێگە بۆ پاراستنی خۆیان ئەوەیە کە زۆر پشت بە خۆیان ببەستن چونکە هەست دەکەن کەس نییە ئاگاداریان بێت.

تێکچوونی کەسایەتی نێرگسی له پیاواندا زیاترە لە ژنان و بەزۆری لە کۆتایی هەرزەکاری یان سەرەتای گەورەییدا دەردەکەوێت. بەڵام گرنگە ئاماژە بەوە بکەین کە منداڵان و تەنانەت گەورەساڵانی تەندروستیش ڕەنگە هەندێک جار ڕەفتارێک پیشان بدەن کە بە شێوەیەکی نێرگسی دەردەکەون. ڕوودانی ئەم جۆرە ڕەفتارانە بە تەنیا بەو مانایە نییە کە ئەوان تووشی ئەو تێکچوونه بوون و مەرج نییە ئاماژە بەوە بکات کە لە داهاتوودا تووشی ئەوه دەبن.

ئاڵۆزییەکانی تێکچوونی کەسایەتی نێرگسی:

باو و ئاساییە کە ئەو کەسانەی کە تێکچوونی کەسایەتی نێرگسییان هەیە تووشی تێکچوونی کەسایەتی دیکە بن. ئەو کەسانەی کە ئەم تێکچوونەیان هەیە لەوانەیە مەترسی زیاتریان لەسەر بێت بۆ خۆکوشتنی تەواو لە چاو تێکچوونەکانی تری کەسایەتی. هەروەها ئەم تێکچوونە ڕەنگە ببێتە هۆی کێشە لە شوێنی کار، قوتابخانە، یان لە ژیانی ڕۆژانەدا. هەروەها هەستکردن بە تەنیایی دەبێتە هۆی خەمۆکی قووڵ و بیرکردنەوەی خۆکوژی.

دەستنیشانکردنی تێکچوونی کەسایەتی نێرگسی:

دەستنیشانکردنی ئەم تێکچوونە تەنها پێویستە بۆ کەسێکی پسپۆڕی تەندروستی دەروونی جێبهێڵرێت. ڕەنگە وەسوەسە بێت کە لەسەر بنەمای ئەم زانیاریانە حوکم لەسەر کەسێک بدەیت کە دەیناسیت، بەڵام لە ڕاستیدا نێرگسی زۆر زیاترە لە چەند ڕەفتارێک یان هەڵوێستێک. مەحاڵە کەسێک کە بە شێوەیەکی فەرمی ڕاهێنانی نەکراوە، دەستنیشانکردنی دروست بکات. پزیشکی دەروونی، دەروونناس، یان پسپۆڕێکی دیکەی تەندروستی دەروونی بەزۆری دوای ئەوەی ڕاستەوخۆ دەستی بە کەسەکە و مێژووی پزیشکی بگات، دەستنیشانکردنی تێکچوونی کەسایەتی نێرگسی دەکات.

چارەسەری تێکچوونی کەسایەتی نێرگسی:

چارەسەری تێکچوونی کەسایەتی نێرگسی

چارەسەری توانای ئەوەی هەیە یارمەتی کەسێک بدات کە تووشی تێکچوونی کەسایەتی نێرگسی بووە بۆ پەرەپێدانی کارامەیی و ستراتیژییەکان کە دەتوانێت یارمەتیان بدات شێوازی پەیوەندییەکانی لەگەڵ کەسانی دیکە و خۆیدا بگۆڕێت. تەحەداکە ئەوەیە کە زۆرێک لەو کەسانەی کە تووشی تێکچوونی کەسایەتی بوون زۆرجار بەدوای چارەسەردا ناگەڕێن تا ئەو کاتەی کە تێکچوونەکە بە شێوەیەکی بەرچاو دەستوەردان لە ژیانیان دەکات یان بە شێوەیەکی تر کاریگەری لەسەر ژیانیان دەبێت.

ئەو کەسانەی کە تووشی NPD بوون هەندێک جار زیاتر تووشی تێکچوونە دەروونییەکانی دیکە دەبن، وەک:

  • دڵەڕاوکێ
  • خەمۆکی
  • تێکچوونی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان

لە زۆر حاڵەتدا، لەوانەیە داوای یارمەتی بکەن بۆ چارەسەرکردنی ئەم حاڵەتانە نەک خودی تێکچوونەکە. هەندێک جار، کەسێک کە تووشی نێرگسی بووە، ڕەنگە بە هۆکاری تر داوای چارەسەر بکات جگە لەوەی باوەڕی وایە کێشەیەکی هەیە. بۆ نموونە کاتێک هەست بە ناکۆکی دەکەن چونکە پەیوەندی یان شێوازی ژیانیان لەگەڵ ستانداردە بەرزەکانیاندا ناگونجێت. یان کاتێک هەست دەکەن سەرسامی یان بەرژەوەندی کەسی لەدەست دەدەن. ئەگەر تێکچوونەکە لەگەڵ نەخۆشییەکی دیکەدا ڕووبدات، وەک خەمۆکی یان دڵەڕاوکێ، دەرمانەکان ڕەنگە یارمەتیدەر بن لە بەڕێوەبردنی نیشانەکان.

کاتێک کەسێک بەم تێکچوونە دەچێتە چارەسەرکردن لەبەر ئەم هۆکارانە، نازانێت کە ئەم کێشانە ڕەنگە سیفەتی کەسایەتی خۆی بێت. لەوانەیە ئەوان کەسانی دیکە تاوانبار بکەن بۆ کێشەکانیان و لەوانەیە چارەسەرکردن وەک شوێنێک بۆ دەرچوون سەیر بکەن و نەیانەوێت بەرپرسیارێتی قبوڵ بکەن.

سەرچاوەی متمانەپێکراو توێژینەوەکانی کەیسی کلینیکی نیشان دەدەن کە نێرگسیەکان کێشەیان هەیە لە مانەوە لە چارەسەرکردندا بۆ ئەوەی گۆڕانکاری درێژخایەن لە ڕەفتارەکاندا بکەن. هەندێک جار کاتێک کەسێکی تووشبوو لە چارەسەرکردندا دەمێنێتەوە، لەوانەیە تووشی دوودڵی گۆڕانکاری بکات بەهۆی تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی کەسایەتی تێکچوونەکە. لە هەر حاڵەتێکدا، پێدەچێت چارەسەری دەروونی درێژخایەن کاریگەرترین چارەسەر بێت بۆ تێکچوونی کەسایەتی نێرگسی.

ئەنجام:

کەسایەتی مرۆڤ ئاڵۆزە و بەهۆی ژینگە و ئەزموونەکان و بارودۆخی ژیانەوە لە قاڵب دەدرێت. لە هەندێک حاڵەتدا ئەم ئاڵۆزییە دەتوانێت ببێتە هۆی تێکچوونی کەسایەتی، یەکێک لەوانە تێکچوونی کەسایەتی نەرگسییە. بە ئاشنابوون بە زمانی جەستەی کەسانی نەرگسی دەتوانین باشتر لە ڕەفتار و شێوازی کەسایەتیان تێبگەین. بەڵام گرنگە لەسەر بنەمای ئەم زانیاریانە حوکم لەسەر کەسانی تر نەدرێت؛ ئەم بابەتە تەنها مەبەست لێی هۆشیارکردنەوە و ئاگادارکردنەوەیە، و بە هیچ شێوەیەک جێگرەوەی دەستنیشانکردنی پیشەیی نییە لەلایەن پزیشکی دەروونناس یان پزیشکی دەروونی.

2 لێدوانەکان. Leave new

  • باخان رسول
    2025-06-28 11:32 pm

    دەستنیشانکردنی تێکچونی کەسایەتی نێرگسی زۆر ئاسانەو پێویستی بە پسپۆر نییە، بەتایبەت کەسێک کە زۆر بەتوندی توش بوبێت زۆر بەئاسانی ئەناسرێتەوە بەڕاستی ژیانکردن لەگەڵ ئەم جۆرە کەسانە سەڕەتانە رێک مردنێکی لەسەرخۆیە..

    وەڵامدانەوە
  • باخان رسول
    2025-06-28 11:40 pm

    تاکە هیوای ژیانم ئەوەیە ڕۆژێک بێت ببیستم کە چارەسەری خێرای ئەو نەخۆشیە دۆزراوەتەوەو کەسەکە ئەبێتەوە کەسێکی ئاسایی و سادەو خاکەرایی..
    ئەترسم من بمرم و ئەویش بەو هەموو خۆبەزلزانیەوە بگات بە ئاواتی دڵی و ببێتە کەسێکی گەورەی ناو ئەم کۆمەڵگایەو خەڵکیش وا بزانن پیاوێکی زۆر چاک و سادەیە، جا عادەتێکیان هەیە کە بڕیاریاندا شتێک بکەن هەر ئەیکەن و هیچ کات وازی لێناهێنن

    وەڵامدانەوە

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Fill out this field
Fill out this field
تکایە پۆستێکی ئەلکترۆنی درووست بنووسە.
You need to agree with the terms to proceed

ناوەڕۆکی پێشنیار کراو