
چاودێریکردنی پرۆسەی هێلکەدابەزین و خولی سوڕی مانگانە دەتوانێت یارمەتیت بدات باشتر لە کارەکانی جەستەت تێبگەیت وەک کاتێک هێلکەدابەزین دەکەیت و گۆڕانکارییە گرنگەکانی وەک لەدەستدانی سوڕی مانگانە یان خوێنبەربوونی پێشبینی نەکراو. لە کاتێکدا کە سوڕی مانگانەی ناڕێک بەزۆری جددی یان مەترسیدار نییە، بەڵام هەندێک جار دەتوانێت ئاماژە بێت بۆ کێشەی تەندروستی.
خولی سوڕی مانگانە بەشێکە لە پرۆسەی ئامادەکردنی جەستە بۆ ئەگەری دووگیانی هەموو مانگێک. تێگەیشتن لە چۆنیەتی کارکردنی ئەم پرۆسەیە گرنگە چونکە دەتوانیت ئەم زانیاریانە بەکاربهێنیت بۆ ئەوەی یارمەتیت بدات لە دووگیانبوون، ڕێگریکردن لە دووگیانی، یان بۆ باشتر بەڕێوەبردنی نیشانەکانی سوڕی مانگانەت و بزانیت کەی لەوانەیە کێشەیەک هەبێت.
لەم بابەتەدا وەڵامی ئەو پرسیارە دەدەینەوە کە هێلکەدابەزین چییە و دواتر بەدواداچوون بۆ ئەو ڕووداوانە دەکەین کە لەم پرۆسەیەدا ڕوودەدەن.
هێلکەدابەزین چییە؟
بەزۆری دابەزینی هێلکە نزیکەی 14 ڕۆژ پێش دەستپێکردنی سوڕی مانگانەی داهاتوو ڕوودەدات، کاتێک یەکێک لە هێلکەدانەکانت هێلکەیەکی پێگەیشتوو دەردەدات. کە لە ڕێگەی بۆری فالۆپەوە(Fallopian tube) دەڕوات بۆ منداڵدان، ئەم پرۆسەیە پێی دەوترێت هێلکەدابەزین. گۆڕانی هۆرمۆن لەگەڵ دابەزینی هێلکە لە هەمان کاتدا ڕوودەدات کە منداڵدان ئامادە دەکات بۆ دووگیانی. ئەگەر هێلکەدابەزین ڕوویدا و هێلکە پیتێن نەکرا، ئەوا ناوپۆشی ناوەوەی منداڵدان لە ڕێگەی زێیەوە دەڕژێت و دەردەچێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەمە هەموو مانگێک ڕوودەدات، پێی دەوترێت سوڕی مانگانە.
مانگانە نزیکەی جارێک ئەو ژنانەی کە تەمەنی باڵغبوونیان تێپەڕاندووە، تووشی خوێنبەربوونی سوڕی مانگانە دەبن. بەزۆری خوێنبەربوون 3 بۆ 10 ڕۆژ دەخایەنێت. بۆ زۆربەی ژنان، سوڕی مانگانە بە شێوەیەکی تاڕادەیەک ڕێکوپێک و پێشبینیکراو ڕوودەدات. ماوەی خولی سوڕی مانگانە لە یەکەم ڕۆژی دەستپێکردنی سوڕی مانگانە تا یەکەم ڕۆژی سوڕی مانگانەی داهاتووە و ئەم خولە بەزۆری لە نێوان 21 بۆ 38 ڕۆژدا دەگۆڕێت.
چاوخشاندنێک بە قۆناغەکانی خولی سوڕی مانگانە:

خولی سوڕی مانگانە لەلایەن کۆمەڵێک هۆرمۆنەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێت، کە لەلایەن دوو بەش لە مێشکەوە بەرهەم دەهێنرێت، کە بریتین لە هیپۆفیزیس(Hypophysis) و هایپۆتالاموس(Hypothalamus) . خولی سوڕی مانگانە زیاترە لە خودی سوڕی مانگانە. لە ڕاستیدا خوێنبەربوونی سوڕی مانگانە یەکێکە لە قۆناغەکانی ئەم خولە. مێشک و هێلکەدان و منداڵدان پێکەوە کاردەکەن و لە ڕێگەی هۆرمۆنەکانەوە(سیگناڵە کیمیاییەکان کە لە بەشێکی جەستەوە دەنێردرێت بۆ بەشێکی دیکە لە ڕێگەی خوێنەوە) پەیوەندی دەکەن بۆ ئەوەی سوڕەکە بەردەوام بێت.
سوڕی مانگانە لە چەند قۆناغێک پێکدێت. کاتی وردی قۆناغەکانی خول بۆ هەموو ژنێک جیاوازە و دەتوانێت بە تێپەڕبوونی کات بگۆڕێت و بەگشتی سێ قۆناغی هەیە:
قۆناغی یەکەم: قۆناغی فۆلیکۆلار
ئەم قۆناغەی خولی سوڕی مانگانە بە نزیکەیی لە ڕۆژی یەکەم تا 14 ڕوودەدات، کە تێیدا ناوپۆشی ناوەوەی منداڵدان وردە وردە ئەستوور دەبێت. ڕۆژی یەکەم، یەکەم ڕۆژی خوێنبەربوونە(بەزۆری خوێنی سووری گەشاوە) و بە هێلکەدابەزین کۆتایی دێت. لە کاتێکدا خوێنبەربوونی سوڕی مانگانە لە سەرەتای ئەم قۆناغەدا ڕوودەدات، هێلکەدانەکان لە هەمان کاتدا خۆیان ئامادە دەکەن بۆ دووبارە دابەزینی هێلکە. هەروەها هیپۆفیزیس هۆرمۆنێک دەردەدات کە پێی دەوترێت FSH یان Follicle-stimulating hormone کە فۆلیکۆل هان دەدات.
ئەم هۆرمۆنە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی چەند فۆلیکۆلێک لەسەر ڕووی هێلکەدان. فۆلیکۆلی هێلکەدان کیسەیەکی گۆشەیی پڕکراوە لە شلە، کە هێلکە لەخۆدەگرێت. دوای ئەوەی فۆلیکۆلێک پێدەگات، فۆلیکۆلەکانی تر بچووک دەبنەوە. لە کۆتاییدا یەکێک لەم فۆلیکۆلانە دەبێتە زاڵ و هێلکە لەناوەوە گەشە دەکات. ئەگەر زیاتر لە فۆلیکۆلێک پێبگات، ئەوا دەبێتە هۆی دروستبوونی دوانە یان چەندین منداڵ.
فۆلیکۆلی پێگەیشتوو ئیسترۆجین بەرهەم دەهێنێت کە لە قۆناغی فۆلیکۆلیدا زیاد دەکات و ڕۆژێک یان دوو ڕۆژ پێش هێلکەدابەزین دەگاتە لوتکە. لە درەنگانی قۆناغی فۆلیکۆلدا، زیادبوونی لەناکاوی هۆرمۆنی LH(کە پێی دەوترێت LH surge) دەبێتە هۆی دەردانی هێلکە لە فۆلیکۆلەکە. هەروەها زیادبوونی LH دەبێتە هۆی زیادبوونی کورتخایەنی هۆرمۆنی تێستۆستیرۆن، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی ئارەزووی سێکسی کە بە باشترین کاتی دووگیان بوون لە خولی سوڕی مانگانەدا ناسراوە.
قۆناغی دووەم: هێلکەدابەزین
دەردانی هێلکەیەکی پێگەیشتوو بەزۆری نزیکەی 14 ڕۆژ پێش دەستپێکردنی سوڕی مانگانەی داهاتوو ڕوودەدات، لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی هۆرمۆنی LH. دوای ئازادکردنی هێلکەکە دەچێتە ناو بۆری فالۆپ. ئەگەر هێلکە پیتێن نەکرێت دوای نزیکەی 24 کاتژمێر شی دەبێتەوە. دوای هێلکەدابەزین ، هۆرمۆنی LH دەبێتە هۆی گەشەکردنی تاکە خانەکانی ناوەوە(Theca interna) و ئەو خانە فۆلیکۆلارانەی کە ماونەتەوە کە دڕاون و بارستەیەک دروست بکەن کە پێی دەوترێت corpus luteum.
قۆناغی سێیەم: قۆناغی لوتیال
دوای دەردانی هێلکە ئاستی FSH و LH کەم دەبێتەوە و کۆرپوس لوتیۆم پرۆجسترۆن بەرهەم دەهێنێت. ئەگەر پیتاندن ڕوویدابێت، ئەوا کۆرپوس لوتیۆم بەردەوام دەبێت لە بەرهەمهێنانی پرۆجسترۆن بۆ ڕێگریکردن لە ڕشتنی چینە ناوپۆشی منداڵدان. چینی ناوپۆشی منداڵدان بریتییە لە ناوپۆشی منداڵدان، یان بە واتایەکی تر دیواری ناوەوەی منداڵدان. ئەگەر پیتاندن ڕووی نەدابێت، ئەوا کۆئەندامی زاوزێ هەڵدەوەشێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ئاستی پرۆجسترۆن و چینە ناوەوەی ناوپۆشی منداڵدان دەست دەکات بە ڕژان.
حیسابکردنی وردی کاتی هێلکەدابەزین :
بەدواداچوون بۆ سوڕی مانگانەت لە ساڵنامەدا یارمەتیت دەدات بۆ حیسابکردنی کەی هێلکەدابەزینت و بەدواداچوونی هەندێک لە وردەکارییەکانی خوێنبەربوون و نیشانەکانت. بۆ ئەم مەبەستە تۆمار بکە کەی سوڕی مانگانە دەست پێدەکات و کۆتایی دێت، هەروەها هەر ئازارێک یان نیشانەیەکی تر کە تووشی دەبیت، وەک ئاوسانی مەمک و ئازاری مەمک و گۆڕانی باری دەروونی یان ڕەفتار. بە پشکنینی چەند خولێک، دەتوانیت نەخشەکان لە خولەکەتدا یان ناڕێکییەکانی بدۆزیتەوە کە ڕوودەدەن. ئەگەر سوڕی مانگانەت بە بەردەوامی هەر 21 بۆ 38 ڕۆژ جارێک ڕووبدات، ئەگەری هێلکەدابەزینت زۆرە.
شێوازە جیاوازەکانی حیسابکردنی کاتی هێلکەدابەزین:

جگە لە چاودێریکردنی سوڕی مانگانەت بە ساڵنامە یان ئەپڵیکەیشنێک، چەند ڕێگەیەکی تر هەیە کە دەتوانن یارمەتیت بدەن بۆ ئەوەی بزانیت کەی هێلکەدابەزین دەکەیت، کە لە خوارەوە دەیناسێنین.
1. پشکنینی بەڵغەمی ملی ڕەحم:
چاودێریکردنی گۆڕانکاری لە بڕی و یەکگرتوویی بەڵغەمی ملی ڕەحم دەتوانێت یارمەتیت بدات لە سوڕی مانگانەت تێبگەیت. لەم شێوازەدا پێویستە دەردراوەکانی زێی خۆت بپشکنیت پێش میزکردن و دوای میزکردن بە سڕینەوەی. ڕێگایەکی تر ئەوەیە پەنجەیەکی پاک بخەیتە ناو زێتەوە بۆ دەرهێنانی نمونەی بەڵغەم. چاودێری یەکدەنگی بەڵغەم بکە و تۆماری بکە و ئەم هێڵکارییە بەکاربهێنە بۆ تێگەیشتن لە خولی سوڕی مانگانەت. بەڵغەمی ملی ڕەحمت دەتوانێت هەور بێت، سپی، زەرد، یان ڕوون بێت.
هەروەها لەوانەیە چەسپاو یان کشاویش بێت. بۆ دەستنیشانکردنی ئەم کێشەیە دەتوانیت پەنجەی گەورە و پەنجەی بچووک بەکاربهێنیت بۆ ئەوەی بزانیت بەڵغەمەکە کشاوە یان نا. ئەو ڕۆژانەی کە بەڵغەمی زۆر و شەفاف وەک سپێنەی هێلکە و کشاویشه، ڕۆژانی بەپیتن یان ئەوەی پێی دەوترێت پەنجەرەی بەپیت(هێلکەدابەزین). بێگومان ئەمە ڕێگەیەکی ورد و بێ هەڵە نییە بۆ ڕێگریکردن لە دووگیانی.
2. چاودێریکردنی پلەی گەرمی جەستە:
ئەم شێوازە پێویستی بە چەند مانگێک دەبێت ڕۆژانە بەدواداچوون بۆ دیاریکردنی ئەو شێوازە تایبەتانەی کە لە جەستەتدا ڕوودەدەن. پلەی گەرمی لەش کەمێک دەگۆڕێت لە وەڵامی گۆڕانکاری هۆرمۆنەکانی پەیوەست بە هێلکەدابەزین. بەزۆری پێش دابەزینی هێلکە، پلەی گەرمی جەستەت لە نێوان 2.36 بۆ 36.5 پلەی سەدیدایە. ڕۆژێک دوای دەرچوونی هێلکە لە هێلکدان، بەزۆری پلەی گەرمی جەستەت نزیکەی 0.3 بۆ 0.5 پلەی سەدی بەرز دەبێتەوە. و تا سوڕی مانگانە لەم پلەیەدا دەمێنێتەوە.
بۆ بەکارهێنانی ئەم شێوازە، هەر کە لە خەو هەڵدەستیت و پێش ئەوەی لە جێگاکەت هەڵبستیت و نانی بەیانی بخۆیت، دوای لانیکەم 6 کاتژمێر خەوتن پلەی گەرمی جەستەت بپێو و تۆماری بکە. پێویستە بە گەرمییپێوەرێکی تایبەت پلەی گەرمی جەستەت بپێویت لە کاتێکی دیاریکراودا هەموو ڕۆژێک. ئەم شێوازە یارمەتیت دەدات بزانیت هێلکەدابەزینت هەیە یان نا. هەروەها یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی تێبگەیت کە سوڕی مانگانەت چەندە ڕێک و پێکە و چەند ڕۆژ دەخایەنێت. ئەگەر پلەی گەرمی جەستەت بە درێژایی سووڕەکەت نەگۆڕێت و سوڕی مانگانەت ناڕێک بوو، لەوانەیە هێلکەدابەزینت نەکردبێت.
3. بەکارهێنانی کیتی هێلکەدابەزین :
کیتی پێشبینیکردنی هێلکەدابەزین چڕیی هۆرمۆنی لوتینیزەکرد (LH) لە میزدا دەپێون. ئەم هۆرمۆنە هەمیشە بە ڕێژەیەکی کەم لە میزدا هەیە، بەڵام لە 24 بۆ 48 کاتژمێر پێش دابەزینی هێلکە زیاد دەکات. هەروەها کیتی پێشکەوتووتر چڕیی هۆرمۆنی ئیسترادیۆل دەپێون. ئەم هۆرمۆنە جۆرێکە لە ئیسترۆجین کە لە ڕۆژی دەرچوونی هێلکە لە هێلکدان دەگاتە لوتکە. ڕێنماییەکان لە کیتێکەوە بۆ کیتێکی تر جیاوازن؛ بۆیە پێش بەکارهێنانی کیتەکه ، زانیارییەکانی سەر بەرهەمەکە بە وردی بخوێنەرەوە.
هێلکەدابەزین چەند ڕۆژ دەخایەنێت؟
هێلکەدابەزین تەنها یەک جار لە سوڕی مانگانەدا ڕوودەدات و بە گشتی لە نێوان 12 بۆ 24 کاتژمێردا دەخایەنێت. هەر هێلکەیەک دەتوانرێت لە نێوان 12 بۆ 24 کاتژمێر دوای دەردانی پیتێنرێت. بێگومان بۆ ئەوەی دووگیان بیت پێویست ناکات لە ڕۆژی وردی هێلکەدابەزین دا سێکس بکەیت چونکە سپێرم دەتوانێت بۆ ماوەی 5 ڕۆژ لە جەستەی خانماندا بژی.
کەواتە دەتوانرێت بڵێین کە سێکسکردن لە پەنجەرەی بەپیتدا(لەوانەش ئەو پێنج ڕۆژەی کە بەرەو دابەزینی هێلکە و ڕۆژی هێلکەدابەزین) ئەگەری دووگیانی زیاد دەکات. لەم شەش ڕۆژەدا زۆرترین بەپیت دەبیت لە دوو سێ ڕۆژ پێش دەرچوونی هێلکە لە هێلکدان و ڕۆژی هێلکەدابەزین. وەک وتمان هێلکە بۆ زیاتر لە 24 کاتژمێر دوای دابەزینی ناتوانێت بژی، و بەزۆری ناتوانیت دووگیان بیت تا خولی داهاتووی سوڕی مانگانە.
نیشانەکانی سەرکەوتنی هێلکەدابەزین چین؟

بەگشتی پرسیارێک هەیە کە ئایا دەتوانرێت هەست بە هێلکەدابەزین بکرێت لە جەستەدا و بەڕاستی هەستت چۆنە؟ ئەمەش لە ژنێکەوە بۆ ژنێکی تر جیاوازە، بەڵام چەند نیشانەیەکی باوی سەرکەوتوویی دابەزینی هێلکە هەیە کە لە خوارەوە باسی دەکەین. پێش و لە کاتی دەرچوونی هێلکە لە هێلکدان، گۆڕانی هۆرمۆنەکان کاریگەری لەسەر هەموو جەستە دەبێت و نیشانەی جۆراوجۆری لێدەکەوێتەوە. ئەم نیشانانە دەتوانن ڕێگەیەک بن بۆ دیاریکردنی کاتی هێلکەدابەزین.
زۆرێک لە خانمان تا پێنج ڕۆژ پێش و لە یەکەم ڕۆژدا تووشی نیشانەکانی هێلکەدابەزین دەبن و ئەم نیشانانە تەنانەت تا ڕۆژێک دوای دابەزینی هێلکەش ڕەنگە بەردەوام بن. بەڵام نیگەران مەبە ئەگەر هیچ نیشانەیەکی هێلکەدابەزینت نەبینی، مانای ئەوە نییە لە جەستەتدا ڕوونادات. لەوانەیە تۆ یەکێک بیت لەو کەسانەی کە هیچ نیشانەیەکت بۆ دەرناکەوێت. بەڵام ئەزموونکردنی هەندێک نیشانەی سەرکەوتووی هێلکەدابەزین یارمەتیدەرە بۆ پێشبینیکردنی ئەگەری دابەزینی هێلکە . نیشانەکانی وەک:
- گۆڕانی بەڵغەمی ملی ڕەحم
- ئازاری مەمک
- ئازارێکی کەم لە حەوز یان خوارەوەی سک
- پەڵەکردن یان دەردانی ڕووناکی
- زیادبوونی ئارەزووی سێکسی
- سکچوون و سەرئێشە
- گۆڕانکاری لە پلەی گەرمی بنەڕەتی جەستەدا
ئەنجام:
بەدواداچوون بۆ نیشانەکانی هێلکەدابەزین بە درێژایی خولەکەت دەتوانێت یارمەتیت بدات بۆ دەستنیشانکردنی شێوازەکان و پێشبینی گۆڕانکارییەکان. لەبیرت بێت تۆ لە هەموو کەسێک باشتر جەستەت دەناسیت. بۆیە ئەگەر شتێک بەڕای تۆ ڕاست نەبوو سەردانی پزیشک بکە بۆ ڕێگریکردن لە هەر نەخۆشی و کێشەیەک. ئەو زانیاریانەی لەم بابەتەدا ئاماژەیان پێکراوە، زانیاریتان پێدەبەخشێت دەربارەی هێلکەدابەزین، ئەمەش دەرفەتێکی زۆر باشە بۆ ئێوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هەر گۆڕانکارییەک لە خولی سوڕی مانگانە و جەستەتدا کاتێک سەردانی پزیشکی پسپۆڕ دەکەیت.












6 لێدوانەکان. Leave new
هوکاری خوین بینن لەکاتی هێلکەدابەزین چیە؟
خوێنبەربوون لەکاتی هێلکەدابەزین (هەندێکجار پێی دەوترێت پەڵەی هێلکەدابەزین) بەهۆی هەڵاوسانی هۆرمۆنەکانەوە لە کاتی سوڕی مانگانەدا دروست دەبێت. بە تایبەتی دابەزینی لەناکاوی ئاستی ئیسترۆجین دوای دەردانی هێلکەیەک لە فۆلیکۆلەوە دەبێتە هۆی تەنکبوونەوەی ناوپۆشی منداڵدان (ئەندۆمیتێریۆم) و لە ئەنجامدا خوێنبەربوونی سووک دروست دەبێت.
ئایا ئەکرێت لە دوو رۆژی کۆتایی سوری مانگانەدا دوگیان بون(پیتاندن روو بدات)؟؟ وە ئەگەر روو بدات ئایا دوای دوو سێ رۆژ ئەکرێ خوێن هاتنی سوڕی مانگانە رووبدات؟؟
بەگشتی ئەگەری دووگیانی لە کۆتا ڕۆژەکانی سوڕی مانگانەدا زۆر کەمە، بەڵام سفر نییە. هۆکارەکەی ئەوەیە: سپێرم دەتوانێت تا 5 ڕۆژ لە کۆئەندامی زاوزێی مێینەدا بمێنێتەوە. ئەگەر سوڕی مانگانە کورت بوو (بۆ نموونە 21-24 ڕۆژ)، ڕەنگە زووتر لە ئاسایی (ڕۆژی 9-11ی سوڕی مانگانە) هێلکەدابەزین ڕووبدات. کەواتە ئەگەر لە کۆتا ڕۆژەکانی سوڕی مانگانەدا جووتبوون ڕووبدات، لەوانەیە سپێرم تا هێلکەدابەزین بمێنێتەوە و ببێتە هۆی دووگیانی.
ئەگەر دووگیانی ڕووبدات ئەگەری هەیە خوێنبەربوونی هاوشێوەی سوڕی مانگانە هەبێت؟
ئەگەر بەڕاستی پیتاندن ڕوویدا و کۆرپەلە لە منداڵداندا چێنرا ئیتر سوڕی مانگانەی ڕاستەقینە ڕوونادات، چونکە هۆرمۆنەکانی دووگیانی ڕێگری دەکەن لە ڕشتنی ناوپۆشی منداڵدان. بەڵام، خوێنبەربوونی چاندن لەوانەیە نزیکەی 6بۆ 12 ڕۆژ دوای پیتاندن ڕووبدات – بەزۆری کەمتر لە سوڕی مانگانە (چەند دڵۆپێک یان پەڵەی پەمەیی سووک یان قاوەیی). بۆیە ئەگەر دوو یان سێ ڕۆژ دوای سێکس خوێنبەربوونی هاوشێوەی سوڕی مانگانەت هەبێت، ئەوە سوڕی مانگانەیەکی ڕاستەقینە نەک دووگیانی، چونکە زۆر زووە بۆ چاندن.
سڵاو ئایا کە سوڕ تەواو بوو و دوای 12 کاتژمێر جووت ڕوو بدات ئەگەری دووگیانی هەیە؟ ئایا لەو کاتەدا هێلکە حازر بووە؟ وە ئەگەر لە کاتی ئەو جوتبوونە خوێن هەبوو چ ئاماژەیەک ئەبەخشێ؟
بەڵێ، دەکرێت، بەڵام بەزۆری دەگمەنە. لە زۆربەی خانماندا هێلکەدابەزین نزیکەی 10 بۆ 14 ڕۆژ دوای دەستپێکردنی سوڕی مانگانە ڕوودەدات نەک ڕاستەوخۆ دوای کۆتایی هاتنی. کەواتە لە حاڵەتی ئاساییدا هێلکەکە ڕاستەوخۆ دوای سوڕی مانگانە دەرنەچووە. بەڵام لێرەدا چەند خاڵێکی گرنگ دەخەینەڕوو:
سپێرم دەتوانێت لە جەستەی ئافرەتدا بۆ ماوەی 3 بۆ 5 ڕۆژ بمێنێتەوە. ئەگەر سوڕی مانگانە کورت بێت یان هێلکەدابەزین زووتر لە ئاسایی ڕووبدات، ئەگەری دووگیانی زیاد دەکات. کەواتە چانسەکە کەمە، بەڵام سفر نییە.
2- ئایا لەو کاتەدا هێلکە ئامادە بووه؟
لە زۆربەی حاڵەتەکاندا نەخێر. بەزۆری هێلکە تا ئێستا دەرنەچووە، بەڵام جەستەی هەموو کەسێک بە وردی بەپێی ساڵنامە کارناکات. زوو هێلکەدابەزین دەبێتە هۆی هاوکاتی سپێرم.
3. خوێنبەربوون لە کاتی جووتبووندا ئاماژەیە بۆ چی؟
ئەگەر جووتبوون زۆر نزیک بوو لە کۆتایی سوڕی مانگانە، باوترین هۆکار: پاشماوەی خوێنی سوڕی مانگانەیه، وە بەزۆری مەترسیدار نییە. هۆکارەکانی تر دەتوانن بریتی بن لە: هەستیاری یان وشکبوونەوەی زێ، هەوکردن یان ئازاری ملی ڕەحم
، هەوکردنی زێ، و بە دەگمەن، پۆلیپ یان کێشەی ملی ڕەحم
ئەگەر خوێنبەربوونەکە: زۆر بوو، ئازار، سووتانەوە، خوران، یان بۆنێکی ناخۆشی لەگەڵدا بوو، یان لە دەرەوەی سوڕی مانگانەت ڕوویدا، ئەوا بە دڵنیاییەوە پێویستە سەردانی پزیشک بکەیت.
پوختە:
لەم دۆخەدا ئەگەری دووگیانی نییە بەڵام مەحاڵیش نییە. زۆرجار خوێنبەربوون هیچ زیانێکی نییە، بەڵام ئەگەر نەخشەیەک دروست بوو یان دووبارە بووەوە، جەستەت ئاگادارکردنەوەت پێدەدات و نابێت پشتگوێ بخرێت.