ئایا بەڕاستی ڕێگەیەک هەیە بۆ بەهێزکردنی بیرکردنەوەی ئەرێنی لە منداڵدا؟ ئایا دەتوانرێت منداڵان فێری چەمکی گەشبینی و بیرکردنەوەی ئەرێنی بکرێن؟ ژینگەی ئێمە لە جیهانی ئەمڕۆدا، ڕۆژانە بەرەوڕووی بارودۆخی نەرێنی و تەحەدای جۆراوجۆرمان دەکاتەوە. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەم سەختییانە، دەتوانین بە دروستکردنی دیدێکی ئەرێنی و ڕشتنی ڕەنگی بەختەوەری بەسەر کاروباری ڕۆژانەدا، ژیان چێژبەخشتر و گونجاوتر بکەین. ئەم ڕاستییە بۆ پەروەردەکردنی منداڵیش دروستە؛ کاتێک گەشبینی لە منداڵدا دەچێنین، ئەو بە تێڕوانینێکی گەشەوە بەرامبەر بە ژیان گەورە دەبێت و گەشبینی دەبێتە بەشێکی دانەبڕاو لە کەسایەتیی.
بەهێزکردنی بیرکردنەوەی ئەرێنی لە منداڵدا:
یەکەم و گرنگترین هەنگاو بۆ دروستکردنی بیرکردنەوەی ئەرێنی لە منداڵدا ئەوەیە کە دایکان و باوکان یان سەرپەرشتیارانی منداڵەکە هەوڵ بدەن خۆیان ببنە نموونەی ئەو ڕەفتار و دیدگا ئەرێنییە. منداڵان ئارەزوویەکی زۆریان بۆ لاساییکردنەوەی گەورەکان هەیە؛ ئەوان تەنها گوێمان لێ ناگرن، بەڵکو بە وردی چاودێری ڕەفتارەکانمان دەکەن. ئەگەر دایکان و باوکان خاوەن دیدگایەکی گەش بن، ئەگەری چاندنی بیرکردنەوەی ئەرێنی لە منداڵدا زۆر زیاتر دەبێت.
بە هەمان شێوە، هەڵوێست و ڕەفتارە نەرێنییەکانی ئێمە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر دەروونی منداڵ هەیە و هەمان هەست لەواندا دروست دەکەن. لەم بابەتەدا، 5 ڕێگای کردەیی دەخەینە ڕوو کە یارمەتیت دەدەن ئەم ڕەفتارە ئەرێنییە بە جگەرگۆشەکەت فێر بکەیت:
1. خۆشەویستی و میهرەبانی:

یەکێک لە باشترین ڕێگاکانی فێرکردن و گەشەپێدانی بیرکردنەوەی ئەرێنی لە منداڵدا، دەربڕینی خۆشەویستیی بێمەرجە بۆیان. بۆ ئەوەی منداڵان لە ژیاندا خاوەنی دیدگایەکی گەش بن، پێویستە پەیوەندییەکی پتەو و متمانەپێکراویان لەگەڵ دروست بکەیت. وەرگرتنی سۆز و هەستکردن بە ئاسایش لە لایەن دایکان و باوکانەوە، یەکێکە لە پێداویستییە هەرە سەرەتاییەکانی مرۆڤ. کاتێک منداڵ دەبیستێت کە بەبێ مەرج خۆشەویستە، هەستێکی قووڵی بە ئارامی و سەقامگیری بۆ دروست دەبێت.
کاتێک ئەم بناغە سۆزدارییە لە خێزاندا دادەمەزرێت، زەمینە بۆ گەشەکردنی لایەنەکانی تری کەسایەتی منداڵ خۆش دەبێت و دایکان و باوکان دەبنە شایەتحاڵی گەشەکردنی دیدگای ئەرێنی منداڵ. هەوڵ بدەن بە وتنی وشەی شیرین، باوەشکردن و ماچکردن، بەردەوام سۆزی خۆتانیان بۆ دەرببڕن. جگە لەوەش، دەتوانن لە ڕێگەی سەیرکردنی فیلمی گونجاو، گێڕانەوەی نوکتە و چیرۆکی خۆش، کەشێکی پڕ لە شادی و ئەرێنی لە ماڵەوە دروست بکەن کە ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ڕۆحییەی منداڵەکانتان دەبێت.
2. ستایشکردن و هاندان:
منداڵان چێژێکی زۆر لەوە وەردەگرن کە بۆ کارێکی باش دەستخۆشییان لێ بکرێت. هاندان و ستایشکردنی ڕەفتارە چاکەکان، پاڵنەرێکی گەورە دەبێت بۆ بەهێزکردنی بیرکردنەوەی ئەرێنی لە منداڵدا؛ ئەمە وا دەکات هەست بە گرنگیی خۆیان بکەن و وەک ئەندامێکی کاریگەری خێزان دەربکەون.
خاڵێکی زۆر گرنگ لێرەدا ئەوەیە کە ستایشکردنەکە دەبێت «دیاریکراو» بێت نەک گشتی. ستایشی گشتی (وەک وتنی: دەست خۆش تۆ منداڵێکی باشیت) کاریگەرییەکی ئەوتۆی نییە و وردە وردە بایەخی لای منداڵەکە نامێنێت. بۆ نموونە، لەبری وتنی قسەیەکی گشتی، بە ڕوونی بە کچەکەت یان کوڕەکەت بڵێ: «زۆر سوپاس کە یارمەتی برا بچووکەکەت دا لە نووسینی وانەکانیدا، ئەم کارەت زۆر هاوکار بوو». ئەم جۆرە لە ستایشکردن متمانەبەخۆبوون زیاد دەکات و یارمەتیدەرە لە چاندنی گەشبینی لە منداڵدا.
3. کۆنتڕۆڵکردنی چرپەی ناوەوە:

پێویستە منداڵان فێری ئەوە بکرێن کە چۆن چرپەی ناوەوە یان کۆنتڕۆڵ بکەن. دووبارەکردنەوەی هەندێک بیرۆکە لە مێشکدا، تەنانەت ئەگەر لە سەرەتاشدا بە تەواوی باوەڕمان پێی نەبێت، وردە وردە دەبێتە بەشێک لە باوەڕی مرۆڤ. تکنیکەکانی پەیوەندیی NLP (بەرنامەداڕشتنی دەمارە-زمانی)، کە لە لایەن ڕیچارد باندلەر(Richard Bandler) پەرەی پێ دراوە، ڕێگەیەکی کاریگەرن بۆ بەڕێوەبردنی بیرکردنەوەکان لە ڕێگەی دروستکردنی فلتەری دەروونییەوە.
لە مێشکی منداڵاندا چەندین بیرکردنەوەی نەرێنی هەن کە لە شێوەی ڕستەدا دەردەکەون، بۆ نموونە: «من لە بیرکاریدا خراپم»، «کەس منی خۆش ناوێت»، یان «پاسکیلسواریم زۆر خراپە». هەوڵ بدە ئەم ئەدەبیاتە لە منداڵەکەتدا بگۆڕیت؛ بۆ نموونە فێری بکە بڵێت: «فێربوونی پاسکیلسواری کەمێک بۆ من قورسە و پێویستم بە یارمەتی و مەشقی زیاترە». بەکارهێنانی ئەم جۆرە ڕستە ئەرێنییانە کلیلی سەرەکییە بۆ گەشەپێدانی بیرکردنەوەی ئەرێنی لە منداڵدا.
4. دیدگا و ئامانجەکان:
هاندانی منداڵ بۆ ئەوەی لە ژیانیدا خاوەن ئامانج بێت، بایەخێکی زۆری هەیە. هەبوونی ئامانج، نەک هەر ئاراستەی ژیانی منداڵ دیاری دەکات، بەڵکو فێری دەکات چۆن بۆ گەیشتن بە ئەنجامەکان هەوڵ بدات. دانانی ئامانج، چوارچێوەیەکی ڕێکوپێک بە مێشکی منداڵ دەبەخشێت تا بە ستراتیژییەکی ڕوون کار بکات و بەیاننامەی ئامانجی خۆی دابڕێژێت.
دیاریکردنی دیدگای داهاتوو(Vision) پێش گەیشتن بە ئامانجەکان، زۆر بەسوود و کاریگەرە. بۆ پەرەپێدانی ئەم لێهاتووییە، دەتوانیت سوود لە ڕاهێنانەکانی NLP وەربگریت کە بۆ هەموو تەمەنەکان گونجاون. ئەم تەکنیکانە یارمەتی منداڵ دەدەن بە شێوەیەکی واتادار و شاد بۆ ئامانجەکانیان پلان دابنێن. ئەم جۆرە بەرنامەسازییە دەروونییە دەبێتە هۆی جێگیرکردنی دیدگای ئەرێنی له منداڵدا و وایان لێ دەکات بە گەشبینییەوە بەرەو داهاتوو هەنگاو بنێن.
5. بەهێزکردنی بەهرە و تواناکان:

یارمەتیدانی منداڵ بۆ ناسینەوەی بەهرە و خاڵە بەهێزەکانی، کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر بیرکردنەوەی ئەرێنی لە منداڵدا. هەر منداڵێک خاوەنی لێهاتووییەکی تایبەتە؛ دەکرێت وەرزشوانێکی لێهاتوو، هونەرمەندێکی داهێنەر، یان سەرکردەیەکی سەرکەوتوو بێت. بە ناسینی ئەم بەهرانە، دەتوانین متمانەبەخۆبوونی زیاد بکەین.
دوای ناسینەوەی بەهرەکان، پێویستە منداڵ فێر بکەین کە «هەوڵدان و کۆڵنەدان» کلیلی سەرکەوتنن. پێیان بڵێن کە لە ڕێگەی گەشەکردندا هەڵە و شکست ئاساییە، و ڕێگەیان پێ بدەن خۆیان هەندێک لە کێشەکانیان چارەسەر بکەن. کاتێک منداڵ تێدەگات کە «نرخی هەوڵدان» لە «ئەنجامەکە» گرنگترە، ئەمە گەورەترین هەنگاوە بۆ جێگیرکردنی بیرکردنەوەی ئەرێنی لە منداڵدا.
ئەنجام:
بە کورتی، تۆ دەتوانیت لە ڕێگەی کۆنتڕۆڵکردنی بیرکردنەوە نەرێنییەکان، پاڵپشتیکردنی بەردەوام و هاندانی منداڵەکەت، سەرکەوتوو بیت لە چاندنی گەشبینی لە منداڵدا. پێویستە منداڵان بۆ هەوڵ و دەستکەوتەکانیان ستایش بکرێن تا هەست بە سەرکەوتن بکەن. بۆ ئەوەی ئەم ڕۆڵە بە دروستی بگێڕیت، دەبێت سەرەتا لە پرۆسەی پەروەردەکردندا پێداچوونەوە بە هەندێک لە خوو و ڕەفتارەکانی خۆتدا بکەیت و هەوڵ بدەیت ببیتە دایک و باوکێکی کاریگەرتر.
لەبیرت بێت، تۆ وەک نموونەی باڵای منداڵەکەت، پێویستە شادی و گەشبینی لە ڕەفتارە ڕۆژانەکانتدا ڕەنگ بداتەوە، چونکە منداڵان پێش هەر شتێک لاسایی تۆ دەکەنەوە. بە هەبوونی دیدگایەکی گەش بۆ ژیان، تۆ متمانەبەخۆبوون و بیرکردنەوەی ئەرێنی لە منداڵدا جێگیر دەکەیت، کە ئەمەش باشترین دیارییە بۆ ئەوەی بە هێز و ورەیەکی بەرزەوە هەنگاو بنێنە ناو جیهانی گەورەساڵان.










