
تێبینی: مەبەست لە «پاککەرەوەی سپی» ئەو ماددەیەیە کە بە زمانی فارسی بە «وایتکس» ناسراوە و بۆ سپیکردن و دژەعەفونی کردن بەکاردێت.
ئەگەر لە زۆربەی خەڵک بپرسیت بەهێزترین ماددەی پاککەرەوەی ناوماڵ چییە، زۆربەیان پاککەرەوەی سپی ناودەبەن. ئەم ماددەیە بۆ دژەعەفونی کردن و لابردنی هەندێک پەڵە کاریگەرییەکی باشی هەیە، بەڵام بۆ پاککردنەوەی هەموو شتەکانی ناوماڵ گونجاو نییە.
زۆر کەس بەبێ ئەوەی ئاگاداربن، پاککەرەوەی سپی بۆ پاککردنەوەی ڕووکار و کەلوپەلی جۆراوجۆر بەکاردەهێنن. ئەمەش لە هەندێک حاڵەتدا دەکرێت ببێتە هۆی گۆڕینی ڕەنگ، ژەنگگرتن، زیانگەیاندن بە پۆشینی پارێزەری شتەکان و تەنانەت بەرهەمهێنانی گازی مەترسیدار.
لەم بابەتەدا دەزانیت کام15 شتە هەرگیز نابێت بە پاککەرەوەی سپی پاک بکرێنەوە، هەروەها بۆ هەر یەکێکیان باشترین و سەلامەتترین بەدیل کامە.
پاککەرەوەی سپی چۆن زیان بە کەلوپەلی ناوماڵ دەگەیەنێت؟
پاککەرەوەی سپی ماددەیەکە کە هایپۆکلۆرایتی سۆدیۆم تێدایە؛ ئەم ماددەیە توانایەکی بەرزی هەیە لە لەناوبردنی میکرۆب، قارچ و هەندێک جۆر پەڵە. بەهۆی هەر ئەم هێزەوە، زۆرێک لە ڕووکارە هەستیارەکان لە بەرامبەریدا ئاسان زیان دەبینن.
لە ڕاستیدا، ئەم ماددەیە تەنها پیسی و میکرۆب لەناو نابات، بەڵکو دەکرێت زیان بە بۆیاخ، پۆشینی پارێزەر، ڕیشاڵی قوماش، کانزا و تەنانەت هەندێک جۆر پلاستیکیش بگەیەنێت. هەر بۆیە زۆرێک لە بەرهەمهێنەرانی کەلوپەلی ناوماڵ لە ڕێنمایی بەکارهێنانی بەرهەمەکانیاندا، بەکارهێنانی پاککەرەوە کلۆردار پێشنیار ناکەن.
خاڵێکی گرنگی دیکە ئەوەیە کە ئەم پاککەرەوەیە بۆ هەموو ڕووکارێک گونجاو نییە. بۆ هەر جۆرە ڕووکارێک، بەکارهێنانی ئەو پاککەرەوەیەی تایبەت بە هەمان ڕووکارە، هەم سەلامەتترە و هەم زۆرجار ئەنجامی باشتر دەدات.
15 شت کە هەرگیز نابێت بە پاککەرەوەی سپی پاک بکرێنەوە:

ئەم ماددەیە بۆ دژەعەفونی کردنی هەندێک ڕووکار سوودبەخشە، بەڵام بەکارهێنانی بۆ هەندێک لە کەلوپەلی ناوماڵ دەکرێت ببێتە هۆی زیانی هەمیشەیی. زۆربەی ئەم زیانانە لە یەکەم جاردا دیار نابن، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات دەبنە هۆی گۆڕینی ڕەنگ، ژەنگگرتن یان کەمبوونەوەی تەمەنی بەکارهێنانی کەلوپەل.
لە بەشی خوارەوە، 15 شت دەناسیت کە باشترە هەرگیز بە پاککەرەوەی سپی پاک نەکرێنەوە، هەروەها بۆ هەر یەکێکیان بەدیلێکی گونجاوتر و سەلامەتتر پێشنیار دەکەین.
1. قوماشی پشم و ئاوریشم:
قوماشی ناسک وەکو پشم و کشمیر و ئاوریشم ڕیشاڵی سروشتییان هەیە و زۆر هەستیارن بەرامبەر بە ماددە کیمیاییەکان. ئەم پاککەرەوەیە دەتوانێت ئەم ڕیشاڵانە لاواز بکات، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە شێوەی خۆیان لەدەست بدەن یان تەنانەت دوای چەند شۆردنێک بدڕێن. هەر بۆیە لەسەر پێناسی زۆرێک لەم جلوبەرگانە، نیشانەی قەدەغەبوونی بەکارهێنانی سپیکەرەوە یان ماددەی سپیکەر هەیە.
باشترین بەدیل:
پاککەرەوەی تایبەت بە جلوبەرگی ناسک بەکاربهێنن و ئەم جلوبەرگانە بە ئاوی گەرم یان بە ماددە سپیکەرەکان مەشۆن.
2. مەڕمەڕ و تراڤێرتین و بەردی سروشتی تر:
ئەگەر چێشتخانە یان گەرماوی ماڵەکەت لە بەردی سروشتی دروستکراوە، باشترە پاککەرەوەی سپی لێی دوور بگریت. هەرچەندە ڕەنگە یەک جار بەکارهێنانی زیانێکی دیاری نەبێت، بەڵام بەکارهێنانی بەردەوامی دەکرێت ببێتە هۆی ماتبوونی ڕووکەشی بەرد، کەمبوونەوەی بریسکەی و لەناوچوونی پۆشینی پارێزەری.
زۆر کەس پێیان وایه هەرچی ماددەی پاککەرەوە بەهێزتر بێت، بەردیش پاکتر دەبێت. بەڵام بەردە سروشتییەکان پێویستیان بە ماددەی کیمیاییی بەهێز نییە؛ بەڵکو پێویستیان بە چاودێری و پاککردنەوەی دروست هەیە.
باشترین بەدیل:
بەکارهێنانی پاککەرەوەی تایبەت بە بەرد یان گیراوەی ئاوی شلەتێن و چەند دڵۆپێک شلەی قاپشۆڕ هەم سەلامەتترە و هەم سیمای بەردەکە دەپارێزێت.
3. جل و بەرگی ڕەنگاوڕەنگ:
نزیکەی هەموو کەس دەزانێت پاککەرەوەی سپی جلوبەرگی سپی ڕوونتر دەکاتەوە، بەڵام هێشتا زۆر کەس بۆ لابردنی پەڵەی جلوبەرگی ڕەنگاوڕەنگیش بەکاری دەهێنن. ئەنجامی ئەم کارە زۆرجار تەنها دروستبوونی پەڵەی سپی یان گۆڕانی هەمیشەیی ڕەنگی جلوبەرگ دەبێت.
تەنانەت ئەگەر بڕێکی کەم بەکاربهێنرێت، ڕەنگە ڕەنگی قوماشەکە بە شێوەیەکی نایەکسان کاڵ بێتەوە و نەتوانرێت چاک بکرێتەوە. ئەگەر ئەو جلانەی باس دەکرێن بەهایەکی زۆریان هەبوو، باشتر وایە هەرگیز ئەم پاککەرەوەیە بەکارنەهێنرێت بۆ لابردنی پەڵە.
باشترین بەدیل:
لابەری پەڵە بە تایبەتی بۆ جل و بەرگی ڕەنگاوڕەنگ یان تەڕکردنی جلەکان لە ئاوی شلەتێن و پاککەرەوەی گونجاو بژاردەی سەلامەتترن.
4. کەلوپەلی دارین و مۆبیلیات:

دار یەکێکە لە جوانترین ماتریاڵەکانی بەکارهاتوو لە ناوماڵ، بەڵام لە هەمان کاتدا بەرامبەر ماددە کیمیایییە بەهێزەکان زۆر هەستیارە. پاککەرەوەی سپی دەکرێت ڕەنگی سروشتی دار بگۆڕێت، پۆشینی پارێزەری لەناوببات و ببێتە هۆی وشکبوونەوەی ڕیشاڵەکانی دار. ئەگەر ئەم کارە چەند جار دووبارە بکرێتەوە، ئەگەری دروستبوونی کەلێن یان ماتبوونی ڕووکەشی دار زیاتر دەبێت.
ئەمە تەنها پەیوەندیدار بە مێز و کورسی نییە؛ کابینێتی دارین، دەرگای دارین، ڕەفەکان و تەنانەت هەندێک جۆر لە کفپۆشی دارینیش نابێت بە پاککەرەوەی سپی پاک بکرێنەوە.
باشترین بەدیل:
بۆ پاککردنەوەی دار، بەکارهێنانی پارچەیەکی نەرم و کەمێک تەڕ لەگەڵ بڕێکی کەم لە پاککەرەوەی سووک بەسە. دوای تەواوبوونی پاککردنەوەش، ڕووکەشەکە بە پارچەیەکی وشک بسڕەوە تاکو شێ لەسەر دارەکە نەمایێت.
5. چەرمی سروشتی و دەستکرد:
جانتا و پێڵاو و قەنەفە و هەموو ئەو کەلوپەلانەی لە چەرم دروستکراون، لەگەڵ پاککەرەوەی سپی ناگونجێن. ئەم ماددەیە چەوری سروشتی چەرم لەناودەبات و دەبێتە هۆی وشکبوونەوە و درز و توێکڵکردنی. جگە لەوەش ڕەنگە چەرمەکە ڕەنگی بگۆڕێت و ڕواڵەتی شتەکە بۆ هەمیشە زیانی پێ بگات. ئەگەر پەڵەیەک لەسەر چەرمەکە هەبێت، بەکارهێنانی ئەم پاککەرەوەیە نەک تەنها چارەسەری ناکات، بەڵکو زۆرجار کێشەکە خراپتر دەکات.
باشترین بەدیل:
پاککەرەوەی تایبەت بە چەرم یان پارچەیەکی نەرم و کەمێک تەڕ بەکاربهێنن. دوای تەواوبوونی پاککردنەوەش، باشترە نەرمکەرەوەی تایبەت بە چەرم بەکاربهێنرێت تاکو نەرمی و شلەپێوی چەرمەکە بپارێزرێت.
6. قاپ و کەلوپەلی ئەڵۆمنیۆمی:
ئەلەمنیۆم کانزایەکی سووک و گشتگیرە، بەڵام بەرگرییەکی زۆری نییە بەرامبەر بە ماددە کیمیاییە بەهێزەکان. بەرکەوتنی پاککەرەوەی سپی لەگەڵ ئەڵۆمنیۆم دەکرێت ببێتە هۆی دروستبوونی پەڵە، گۆڕینی ڕەنگ و لە هەندێک حاڵەتدا خواردنی ڕووکەشی کانزاکە. ئەگەر ئەم کارە بە بەردەوامی دووبارە بکرێتەوە، دیمەنی قاپەکانیش بە تێپەڕبوونی کات دەگۆڕێت.هەر لەبەر ئەم هۆکارەش واباشە کە دەفر و سینی و کەلوپەلی ئەلەمنیۆمی تر بە پاککەرەوەی ئاسایی و ئیسفەنجێکی نەرم پاک بکرێتەوە.
باشترین بەدیل:
شلەی قاپشۆڕ و ئاوی گەرم و ئیسفەنجێکی نەرم باشترین هەڵبژاردنن بۆ پاککردنەوەی کەلوپەلی ئەلەمنیۆم.
7. قاپە مسییەکان:
کەلوپەلی چێشتلێنان مس لە زۆرێک لە چێشتخانەکان بەکاردێت بەهۆی دیمەنە جوانەکەی و گواستنەوەی گەرمی باش. بەڵام ئەم کەلوپەلی چێشتلێنانانە هەستیارن بە ماددە کیمیاییە بەهێزەکان وپاککەرەوەی سپی دەتوانێت ڕەنگی بگۆڕێت و ڕووی مات بکاتەوە و زیان بە پۆشینی پارێزەرەکە بگەیەنێت. هەندێک کەس بۆ لابردنی ڕەشبوونی قاپە مسییەکان پئەم مادەیە بەکاردەهێنن، لە کاتێکدا کە ئەم کارە نەک تەنها ئەنجامێکی باشی نییە، بەڵکو تەمەنی بەکارهێنانی قاپەکەش کەم دەکاتەوە.
باشترین بەدیل:
بۆ پاککردنەوەی قاپە مسییەکان، لە پاککەرەوەی تایبەت بە مس یان تێکەڵەی ئاوی لیمۆ و خوێ (بەپێی ڕێنمایی گونجاو بۆ قاپی مسی) بەکاربهێنن. دوای شۆردنیش، قاپەکە بە تەواوی وشک بکەرەوە.
8. قاپە نەلکێنەکان:
پۆشینی نەلکێی مەنجەڵ و تاوە زۆر ناسکترە لەوەی بیری لێدەکەیتەوە. بەرکەوتنی بەردەوامی لەگەڵ پاککەرەوەی سپی دەکرێت زیان بەو پۆشینە بگەیەنێت و بە تێپەڕبوونی کات، تایبەتمەندی نەلکێیی کەم بکاتەوە. ئەگەر پۆشینی ناوەوەی کەلوپەلی چێشت لێنانەکە زیان ببینێت، جگە لە کەمبوونەوەی کوالێتی چێشت لێنان، پاککردنەوەشی زۆر سەختتر دەبێت.
باشترین بەدیل:
بۆ شۆردنی قاپە نەلکێنەکان، لە ئاوی گەرم، مایعی قاپشۆڕ و ئیسفەنجێکی نەرم بەکاربهێنن. هەروەها لە بەکارهێنانی سیمی قاپشۆڕ و ماددە کیمیایییە بەهێزەکانیش خۆتان بپارێزن.
9. شاشەی تەلەفزیۆن و لاپتۆپ و تابلێت و مۆبایل:

شاشەی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان چینە پارێزەرێکی زۆر تەنکیان هەیە. ئەم چینانە ڕێگری لە ڕەنگدانەوەی ڕووناکی دەکەن و کوالیتی وێنە دەپارێزن. بەکارهێنانی پاککەرەوەی سپی یان هەر پاککەرەوەیەکی کیمیاییی بەهێزی دیکە دەکرێت ئەم پۆشینە لەناوببات و ببێتە هۆی دروستبوونی پەڵە، ماتبوونی شاشە یان تەنانەت زیانی هەمیشەیی.
ئەم هەڵەیە بەزۆری کاتێک ڕوودەدات کە مرۆڤەکان هەمان ئەو پاککەرەوە بەکاردەهێنن بۆ دژەعەفونی کردنی مۆبایل یان لاپتۆپەکانیان کە بۆ حەمام یان چێشتخانە بەکاریدەهێنن.
باشترین بەدیل:
قوماشی مایکرۆفایبەر و گیراوەی پاککەرەوەی شاشە بەکاربهێنە و هەرگیز گیراوەکە ڕاستەوخۆ لەسەر شاشەکە مەڕشێنە.
10. ئەو ڕووکارانەی کە ڕوپۆشی پارێزەریان هەیە:
زۆرێک لە کابینەکان و مێزی نانخواردن و سەر کەوانتەر و ئامێرەکانی چێشتخانە و تەنانەت هەندێک ئامێری ناوماڵیش ڕوپۆشێکی پارێزەریان هەیە. پاککەرەوەی سپی بە تێپەڕبوونی کات ئەم لایە پارێزەرە لەناودەبات و دەبێتە هۆی ئەوەی ڕووکەشی کەلوپەلەکە زووتر تووشی خەش، گۆڕانی ڕەنگ یان کۆنبوونەوە و خراپبوون ببێت.
باشترین بەدیل:
بەکارهێنانی پاککەرەوەیەک کە لەلایەن بەرهەمهێنەری ئامێرەکەوە پێشنیار کراوە هەمیشە سەلامەتترین هەڵبژاردنە.
11. ڕووەکی ناوماڵ:
هەندێک کەس بۆ لەناوبردنی مێروو یان قارچ، بڕێکی کەم لە پاککەرەوەی سپی لەسەر گەڵا یان ناو خاکی ڕووەک دەڕێژن؛ بەڵام ئەم کارە دەکرێت زیانێکی جدی بە ڕووەک بگەیەنێت. کلۆری ناو پاککەرەوە بافتی گەڵاکان دەسووتێنێت و ئەگەر بگاتە ناو خاک، لەوانەیە ڕیشەی ڕووەکیش زیان ببینێت.
باشترین بەدیل:
تەنها ئاو یان قوماشێکی شێدار بەکاربهێنە بۆ پاککردنەوەی گەڵاکانی ڕووەک و بەکارهێنانی بەرهەمی تایبەتی ڕووەکی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئافاتەکان.
12. ڕووکارە بۆیاخکراوەکان:
دیوارە بۆیاخکراوەکان، کابینێتەکان، مێزەکان و زۆرێک لە کەلوپەلی ناوماڵ، پۆشینێکی بۆیاخ یان لایەیەکی پارێزەریان هەیە. بەکارهێنانی پاککەرەوەی سپی دەکرێت ببێتە هۆی گۆڕینی ڕەنگ، توێکڵەکەی لێبکرێتەوە، یان لەناوچوونی ئەم پۆشینە؛ بە تایبەت ئەگەر ڕووکارەکە بە بۆیاخی مات یان بۆیاخی بنەمای ئاو بۆیاخکرابێت.
باشترین بەدیل:
بۆ ئەم ڕووکارانە پاککەرەوەی سووک باشترینە. هەمیشە پێش بەکارهێنانی هەر بەرهەمێکی پاککەرەوە لەسەر شوێنێکی بچووک تاقیبکەرەوە.
13. لاستیک و واشەری ئامێرەکانی ناوماڵ:
واشەری دەرگای سەلاجە، جلشۆر و قاپشۆڕ زۆرجار لە لاستیک دروستکراوە. هەرچەندە هەندێک کەس بۆ لابردنی قاڵب پاککەرەوەی سپی بەکاردەهێنن، بەڵام دووبارە بەرکەوتن لەگەڵ ئەم مادەیە دەبێتە هۆی وشکبوونەوەی لاستیکەکە و کەمتر نەرم و درزکردن. ئەمەش لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی دزەکردنی ئاو یان کارایی ئامێرەکە کەم بکاتەوە.
باشترین بەدیل:
بۆ پاککردنەوەی بەردەوام پاککەرەوەیەکی سووک بەکاربهێنە و دوای پاککردنەوەش، واشەرەکە بە تەواوی وشک بکەن تاکو شێ نەبێتە هۆی گەشەکردنی کپک.
14. فەرش و مۆکێت:

یەکێک لە هەڵە باوەکان بەکارهێنانی پاککەرەوەی سپی بۆ لابردنی پەڵە لەسەر فەرشەکانه. لەوانەیە لە یەکەم ساتدا وا هەست بکەیت پەڵەکە کەمرەنگتر بووە، بەڵام زۆرجار ڕەنگی ڕیشاڵی فەرشیش لەناودەچێت و شوێنێکی ڕوونتر لە پەڵەی سەرەکی جێدەمێنێت. لە فەرشی دەستیدا، ئەم زیانانە بەزۆری گەڕانەوەیان نییە.
باشترین بەدیل:
باشتر وایە سەرەتا جۆری پەڵەکە دەستنیشان بکرێت و پاککەرەوەی گونجاو بۆ پەڵەکە بەکاربهێنرێت. لە زۆر حاڵەتدا شامپۆی فەرش یان لابردنی پەڵەبەری تایبەت ئەنجامێکی زۆر باشتر دەدات.
15. زیوەڕات و کانزا هەستیارەکان
لەوانەیە وا بیر بکەیتەوە کە پاککەرەوەی سپی زیوەڕات بریقەدارتر دەکات، بەڵام لە ڕاستیدا هەندێک کانزا و بەردی زینەتی بەرامبەر ئەم ماددەیە بەرگرییەکی کەم هەیە. زیوەڕی زیو، هەندێک جۆر لە ئاڵیاژەکان و تەنانەت هەندێک بەردی سروشتی، لە ئەنجامی بەرکەوتن لەگەڵ ئەم ماددەیە دەکرێت ڕەنگیان بگۆڕێت یان زیان ببینن.
باشترین بەدیل:
بۆ پاککردنەوەی زیوەڕات، باشترە لە گیراوە تایبەتەکان یان ئەو ڕێگایانە بەکاربهێنیت کە گونجاو لەگەڵ جۆری ماددەی زیوەڕەکەن.
5 هەڵەی باو لە کاتی بەکارهێنانی پاککەرەوەی سپی:
تەنانەت ئەگەر ئەم ماددەیە بۆ ڕووکارێکی گونجاو بەکاربهێنیت، پەیڕەونەکردنی هەندێک ڕێنمایی سادە دەکرێت مەترسی دروست بکات.
1. تێکەڵکردنی پاککەرەوەی سپی لەگەڵ سەرکە:
ئەم تێکەڵە گازی کلۆر بەرهەم دەهێنێت کە هەڵمژینی بۆ سیستەمی هەناسەدان زۆر مەترسیدارە.
2. تێکەڵکردنی لەگەڵ تیژاو(جوهرنمک) یان پاککەرەوەی جرم:
ئەمە یەکێکە لە مەترسیدارترین هەڵەکانی ناوماڵ و دەکرێت بڕێکی زۆر لە گازی ژەهراوی بەرهەم بهێنێت.
3. بەکارهێنان بەبێ دەستکێش:
بەرکەوتنی بەردەوامی پاککەرەوەی سپی لەگەڵ پێست دەبێتە هۆی وشکبوون، سووربوونەوە و هەستیاربوونی پێست.
4. بەکارهێنان لە شوێنێکدا کە هەوا باش نەگۆڕدرێتەوە:
هەڵمی ئەم ماددەیە لە شوێنی داخراودا دەکرێت ببێتە هۆی سووتانی چاو، گەروو و کێشەی هەناسەدان.
5. بەکارهێنانی بڕێکی زۆر:
پێچەوانەی ئەوەی زۆر کەس پێیان وایە، بەکارهێنانی بڕێکی زیاتر لە پاککەرەوەی سپی بە واتای پاکتر بوونی ڕووکارەکانه لە زۆر حاڵەتدا، تەنها دەبێتە هۆی زیانی زیاتر بە کەلوپەلەکان.
کەی بەکارهێنانی پاککەرەوەی سپی گونجاوە؟
سەرەڕای هەموو ئەو ئاگادارییانەی باسمان کرد، پاککەرەوەی سپی ماددەیەکی بێسوود نییە. ئەگەر بەشێوەیەکی دروست و بەپێی ڕێنماییەکان بەکاربهێنرێت، دەکرێت بژاردەیەکی باش بێت بۆ دژەعەفونیکردنی حەمام و تەوالێت و هەندێک ڕووی سیرامیک و جلوبەرگی سپی (ئەگەر لەلایەن لیبێڵی جلوبەرگەوە ڕێگەی پێدرابێت). گرنگترین خاڵ ئەوەیە کە پێش بەکارهێنان، دڵنیابیتەوە ڕووکارەکە لەگەڵ ئەم ماددەیە گونجاوە و هیچ جۆرە ماددەیەکی پاککەرەوەی دیکە لەسەری نەماوە.
ئەگەر تەنها 5 خاڵ لەم بابەتە لەبیرت بمێنن:

ئەگەر کاتت نەبوو تەواوی بابەتەکە بخوێنیتەوە، ئەم پێنج خاڵە گرنگە لەبیر مەکە:
- پاککەرەوەی سپی بۆ هەموو ڕووکارێک گونجاو نییە و بەکارهێنانی نادروستی دەکرێت ببێتە هۆی زیانی هەمیشەیی بە کەلوپەلی ناوماڵ.
- هەرگیز ئەم پاککەرەوەیە لەگەڵ سەرکە، تیژاو (جوهرنمک)، ئەمۆنیاک یان پاککەرەوەی جرمی تر کە بنەمای تیژاویان هەیە تێکەڵ مەکە؛ چونکە دەکرێت گازی ژەهراوی بەرهەم بهێنێت.
- بۆ کەلوپەلی وەک دار، چەرم، بەردە سروشتییەکان، جلوبەرگی ڕەنگاوڕەنگ و قاپە نەلکێنەکان، پاککەرەوەی سووک هەڵبژاردەیەکی زۆر سەلامەتترە.
- لە کاتی بەکارهێنانی ئەم پاککەرەوەیە، دەستکێش لەدەست بکە و پەنجەرە یان هەواکێش کارا بکە تاکو هەوا باش بگۆڕدرێتەوە.
- پێش بەکارهێنانی هەر ماددەیەکی پاککەرەوە، پێناسی جلوبەرگ یان کتێبی ڕێنمایی ئامێرەکە بخوێنەوە. لە زۆر حاڵەتدا، باشترین شێوازی پاککردنەوە ئەوەیە کە بەرهەمهێنەر پێشنیاری کردووە.
ئەنجام:
پاککەرەوەی سپی یەکێکە لە کاریگەرترین ماددە دژەعەفونییەکانی ناوماڵ، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە بۆ پاککردنەوەی هەموو کەلوپەلێک گونجاو بێت. بەکارهێنانی نادروستی ئەم ماددەیە دەکرێت زیانی هەمیشەیی بە دار، چەرم، بەردە سروشتییەکان، جلوبەرگی ڕەنگاوڕەنگ، قاپە کانزاییەکان، شاشەی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان و زۆر ڕووکاری دیکە بگەیەنێت.
لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، بەکارهێنانی پاککەرەوەی تایبەت بە هەر ڕووکارێک، هەم ئەنجامێکی باشتر دەدات و هەم تەمەنی بەکارهێنانی کەلوپەلی ناوماڵ زیاد دەکات. هەمیشە پێش بەکارهێنانی هەر ماددەیەکی پاککەرەوە، ڕێنمایی بەرهەمهێنەر بخوێنەرەوە و لەبیرت بێت کە هەڵبژاردنی پاککەرەوەی گونجاو گرنگترە لە هەڵبژاردنی بەهێزترین پاککەرەوە.
پرسیارە باوەکان(FAQ):
1. ئایا پاککەرەوەی سپی بۆ پاککردنەوەی ستیل گونجاوە؟
نەخێر. بەرکەوتنی بەردەوام یان درێژخایەنی لەگەڵ ستیل دەکرێت زیان بە پۆشینی پارێزەری بگەیەنێت و ئەگەری ژەنگگرتن زیاد بکات. پاککەرەوەی تایبەت بە ستیل هەڵبژاردەیەکی باشترە.
2. ئایا دەتوانرێت پاککەرەوەی سپی لەگەڵ سەرکە تێکەڵ بکرێت؟
نەخێر. تێکەڵکردنی دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی گازی کلۆر کە بۆ چاو، سیستەمی هەناسەدان و سییەکان زۆر مەترسیدارە.
3. ئایا ئەم پاککەرەوەیە بۆ جلوبەرگی ڕەنگاوڕەنگ گونجاوە؟
نەخێر. زۆرجار دەبێتە هۆی لەناوچوونی ڕەنگی قوماش و دروستبوونی پەڵەی هەمیشەیی لەسەر جلوبەرگی ڕەنگاوڕەنگ.
4. باشترین بەدیل بۆ پاککەرەوەی سپی لە پاککردنەوەی ڕۆژانەدا چییە؟
بۆ زۆربەی شوێنەکانی ناوماڵ، ئاوی گەرم، پاککەرەوەی سووک و پاککەرەوەی تایبەت بە هەر ڕووکارێک، هەڵبژاردەیەکی سەلامەتتر و گونجاوترن.
5. ئایا بەکارهێنانی ئەم پاککەرەوەیە لەسەر دار دەبێتە هۆی زیان؟
بەڵێ. دەکرێت ڕەنگ و پۆشینی پارێزەری دار لەناوببات و لە ئەنجامی بەکارهێنانی بەردەوام، ببێتە هۆی وشکبوون یان کەلێنهەڵگرتنی.
6. ئایا بۆنی توندی ئەم پاککەرەوەیە نیشانەی پاکتر بوونی ڕووکارەکەیە؟
نەخێر. بۆنی توند تەنها نیشانەی بوونی هەڵمی ئەم ماددەیەیە و هیچ پەیوەندییەکی بە ئاستی پاکبوون یان دژەعەفونی بوونی ڕووکارەکەوە نییە.









