شادن فرۆیده (schadenfreude)، ئەزموونی سۆزداری چێژ لە وەڵامی بەدبەختی کەسێکی تردا. وشەیەکی ئەڵمانییە کە تێکەڵەیەک لە Schaden بە واتای “زیان” و Freude بە واتای “خۆشی”. ئەم چەمکە بۆ مرۆڤەکان لە سەرانسەری کولتوورەکاندا باو و ئاساییە، بەڵام هەندێک زمان وشەی بەراوردکارییان هەیە.
ڕەنگە تا ئێستا بەسەرتدا هاتبێت کە بو هاوڕێکەت باسی کێشەکانت دەکەیت، ئەوانیش وەک ئەوەی لە تۆ بەدبەختتر بن، باسی کێشەکانیان دەکەن! لەوانەیە باوەڕت پێی نەبێت، بەڵام ئەو هاوڕێیە بەبێ مەبەست کارێکی کاریگەر دەکات و دەبێتە هۆی ئەوەی هەست بە باشتر بوون بکەیت! با لە گۆشەیەکی ترەوە سەیری ئەمە بکەین. تا ئێستا هەستت بە باشی کردووە کاتێک کێشە و شکستی کەسانی ترت بینیوە؟ نیگەران مەبە! تۆ تەنیا نیت. بەسەر هەموو کەسێکدا دێت و ئەوەندە شەرمەزارکەر نییە. لەم بەشەی خوارەوەدا بەنیازین لێکۆڵینەوەیەکی زانستیمان هەبێت سەبارەت بەم دیاردەیە.
دۆخێکی ئاشنا قسەکردنە لە پشتی ئەوانی ترەوە. کەم کەس هەیە بتوانێت بانگەشەی ئەوە بکات کە ئەم جۆرە بارودۆخانە تەنانەت نابنە هۆی دەرکەوتنی زەردەخەنەیەکی نهێنی و کاڵ لەسەر ڕووخساری. ئەم دیاردەیە بە “schadenfreude” ناسراوە.
شادن فرۆیده چییە؟
شادن فرویدە ئەزموونێکی سۆزداری بنەڕەتییە لە مرۆڤدا کە چێژ لە شکست و مامەڵەی خراپ لەگەڵ کەسانی دیکە وەردەگرێت. زۆربەی کاتەکان، ئێمە بە نائاگایی هەست بەم جۆرە دەکەین، بەبێ ئەوەی بۆ ساتێک بیری لێ بکەینەوە یان بتوانین خۆمان بوەستێنین. دەروونناسەکان بە پشتبەستن بە دوو فاکتەری دۆخ و هاندەر، شادن فرویدە بۆ جۆرە جیاوازەکان پۆلێن دەکەن. بۆ نموونە هەندێک لە دەروونناسەکان پێیان وایە کە شادن فرویدە لە سێ بارودۆخی دادپەروەری و کێبڕکێ و شەڕانگێزیدا دەردەکەوێت و ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە سێ بزوێنەری دادپەروەری کۆمەڵایەتی و هەڵسەنگاندنی تاک و شوناسی کۆمەڵایەتییەوە هەیە. لە دۆخی دادپەروەریدا ڕەچاوکردنی سزای تاوانبار هەستێکی خۆشی دروست دەکات.
لە دۆخێکی کێبڕکێدا، بەراوردکردنی خۆت بەو کەسەی بەدبەختی هێناوە، هەستکردن بە خۆشی دروست دەکات. لە دۆخێکی شەڕانگێزیدا، ڕووبەڕووبوونەوەی کەسێک لە دەرەوەی گروپ (بۆ نموونە ئەندامی تیپێکی وەرزشی یان حزبێکی سیاسی دژبەر) لەگەڵ ڕووداوێکی نەرێنی کە شوناسی کۆمەڵایەتی ئەندامانی گروپی تاکەکەس بەهێزتر دەکات، هەستێکی خۆشی لە ناویدا دروست دەکات.
هەندێک لە دەروونناسانی دیکە پێیان وایە کە شادن فرۆیده لە چوار بارودۆخدا دەردەکەوێت کە بریتین لە ڕق و کینە، نادادپەروەری، خۆناسین و تۆڵەسەندنەوە. لە دۆخی ڕق و کینەدا یەکەم هەستمان بەرامبەر بە لایەنی بەرامبەر ڕق و کینەیه. کاتێک ئەم کەسە بەختی ناخۆشی دەهێنێت ئێمە دڵخۆش دەبین. لە دۆخێکی نادادپەروەریدا دڵخۆشین بە بینینی سزای کەسێک کە تاوانێکی ئەنجامداوە. لە دۆخی خۆناسیندا، لەدەستدانی نەیار بە باشتربوونی پێگەی کۆمەڵایەتی گروپەکەمانەوە دەبەستینەوە. لە دۆخی قەرەبووکردنەوەدا، هەست بە خۆشی دەکەین کاتێک ڕووداوێکی خراپ بەسەر کەسێکی تردا ڕوویدا.
توێژەران لێکۆڵینەوە لە پەیوەندی نێوان شادن فرۆیده و هاوسۆزی دەکەن. دەروونناسەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە بەختەوەری لە ئازار و سەختی کەسانی دیکە کاتێک دەردەکەوێت کە هاوسۆزی نەبێت. کاتێک هاوسۆزی هەبێت، بەزەیی بە کەسانی دیکەدا دێتەوە، بەڵام کاتێک هەستی مرۆڤایەتیمان بۆ کەسانی دیکە نەبێت، هاوسۆزی کاڵ دەبێتەوە و چێژ لە ناخۆشی کەسانی دیکە وەردەگرین.
ڕۆڵی میکانیزمە دەمارییەکان لە شادن فرۆیده:
زانایانی دەمار ئەو ناوچانەی مێشکیان دەستنیشان کردووە کە بەرپرسن لە دروستکردنی شادن فرۆیده و ئەم هەستە لە هەستەکانی تری هاوشێوە جیا دەکەنەوە. وێنەکانی MRI کارایی (fMRI) دەریدەخەن کە قۆڵۆنی پێشەوەی (ACC) کە لە ئاستە نێوانەکانی نێوان نیوەگۆیەکانی مێشکدا هەڵکەوتووە و سیستەمی لیمبیک بە قۆڵۆنی پێشەوە دەبەستێتەوە، کاتێک هەست بە ئیرەیی وروژێنراوە چالاک دەبێت. هەروەها ئەم بوارە پەیوەندی بە ململانێ و ئازاری کۆمەڵایەتییەوە هەیە و لە بارودۆخەکانی وەک لەدەستدانی تیپی وەرزشی مرۆڤدا چالاک دەبێت. ئەوەی جێگای سەرنجە، ستریاتۆمی ناوپۆشی لە مێشکدا کاتێک چالاک دەبێت کە تیپی بەرامبەر دەدۆڕێت یان کاتێک شتێکی خراپ بەسەر کەسێکدا دێت کە ئیرەیی پێدەبەین. ئەم ناوچەیە تەنها لە پشت گوێچکەکانەوەیە و پەیوەندی بە هەستکردن بە پاداشتەوە هەیە.
لە توێژینەوەیەکی تردا دەرکەوت ئەو بەشانەی مێشک کە پەیوەندییان بە ناسینی کۆمەڵایەتییەوە هەیە، لە کاتی هاوسۆزی و دڵخۆشیدا بە هەمان شێوە چالاک دەبن. بەڵام شادن فرۆیده زیاتر ناوکی اکومبنس لە ستریاتۆمی ناوپۆشی لە مێشکدا چالاک کرد. ناوکی اکومبنس ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە پرۆسێسکردنی هاندەری چێژبەخشی چاوەڕواننەکراو. لەم لێکۆڵینەوەیەدا، هەروەها دەرکەوتووە کە ئەو نەخۆشانەی کە تووشی تێکچوونی ستریاتۆمی ناوپۆشی لە مێشکدا بوون کەمتر تووشی شادنفرۆید دەبن.
بۆچی شکستی ئەوانی تر بۆ ئێمە چێژبەخشە؟
شادن فرۆیده هەستێکە کە نزیکەی هەموو مرۆڤەکان بەبێ گوێدانە تەمەن و ڕەگەزەکانیان، ئەزموونی دەکەن. هەندێک لە زانایانی دەروونناس شادن فرۆیده بە جۆرێک لە ستراتیژی مانەوە دەزانن کە پەیوەندی بە بەهای خود و تیۆری بەراوردکاری کۆمەڵایەتییەوە هەیە. بەپێی ئەم تیۆرە مرۆڤ ئارەزووی سروشتی هەیە بۆ بەراوردکردنی خۆی لەگەڵ ئەوانی تر. بینینی شکستی ئەوانی تر مرۆڤ دەخاتە بەراوردێکی دەروونییەوە. لەم بەراوردکردنەدا وێنەی کەسەکە بۆ خۆی بەهێزتر دەبێت و بەم شێوەیە هەستی ڕەزامەندی و متمانە بەخۆبوون بەدەست دەهێنێت.
کەی شادن فرۆیده دەبێتە کێشە؟
وەک وتمان چێژ وەرگرتن لە ئازارەکانی کەسانی تر ئەو ناوچانەی مێشک چالاک دەکات کە بەرپرسن لە سیستەمی پاداشت. ئەم بوارانە هانی کەسەکە دەدەن کە بەردەوام بێت لە ڕەفتاری پاداشتبەخش بە دەردانی دۆپامین. لە ئەنجامدا شادن فرۆیده دەتوانێت ئالوودەبوون بێت و ببێتە بەشێک لە ڕەفتاری ئاسایی مرۆڤ. کەواتە، ئەگەر ڕاهاتووین بە بەردەوامی و بە ئەنقەست خۆمان بخەینە دۆخێکی وا، کێشەیەکی دەروونیمان بۆ دەردەکەوێت. چۆنه؟
هاوسۆزی کەم دەبێتەوە لەگەڵ دووبارە دەردانی دۆپامین. هاوسۆزی یەکێکە لە پێکهاتە گرنگەکانی زیرەکی سۆزداری کە دەبێتە هۆی هاوسەنگی دەروونی و دروستکردنی پەیوەندی تەندروست و گەیشتن بە ئامانج و ئارەزووی کەسی.
چێژ وەرگرتن لە ئازار و ناخۆشی کەسانی دیکە تەنانەت ڕەنگە بگاتە ئاستێکی نەخۆشی. ئەمەش بە تایبەتی لەو کەسانەدا ڕوودەدات کە هاوسۆزییان لاوازە. پێدەچێت ئەم کەسانەی مرۆڤایەتی بێ مرۆڤ دەکەن، سیفەتی بە مەبەستی زیانبەخشیان هەبێت کە بە سێگۆشەی تاریکی کەسایەتی ناسراون. کارەکتەرە سێگۆشە تاریکەکان لە ڕاستیدا کەسانی سایکۆپاتی (نەبوونی هاوسۆزی یان کۆنترۆڵکردنی ڕەفتار)، نەرگسیەکان و ماکیاڤێلیزم (بەدوای دەسەڵات لە ڕێگەی فێڵەوە) لەخۆدەگرێت.
بە تایبەتی ئەم کەسانەی سیفەتی بە مەبەستی زیانبەخشیان هەیه دەتوانن چێژ لە ئازاردانی کەسانی دیکە وەربگرن بەبێ هیچ هاوسۆزییەک. ئەم سیفەتە لەگەڵ سادیزمدا هاوبەشە، چونکە مرۆڤە سادیزمەکان چێژ لە ئازاردانی کەسانی دیکە وەردەگرن. دەروونناسان تا ئێستا توێژینەوەیان لەسەر پەیوەندی نێوان ڕەفتاری شادن فرۆیده و سێگۆشەی تاریک ئەنجامداوە و ئەم لێکۆڵینەوەیە هێشتا بەردەوامە. تا ئێستا دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کە چڕی چێژ لە ئازارەکانی ئەوانی تر پەیوەندی بە پلەی هەبوونی ڕەفتاری سێگۆشەی تاریک و مەیلی بۆ ڕەفتاری سادیزمیەوە هەیە.
ڕۆڵی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە شادن فرۆیده:
کاریگەری بەهێزی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە وروژاندنی هەستەکان و دەربڕینی خۆشی بە ئازارەکانی ئەوانی تر، سەرنجی گشتی بۆ کاریگەری هەستی شادن فرۆیده ڕاکێشاوە. دەروونناس و سیاسەتمەداران و چالاکوانانی پیشەسازی ڕیکلام گرنگییەکی تایبەت بە کاریگەریی شادن فرۆیده لە هەڵسوکەوتی بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت دەدەن، چونکە بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت بە ڕوونی نیشان دەدەن کە چێژ لە ئازار و شکستی ئەوانی دیکە وەردەگرن.
توڕەیی و ئیرەیی و زەلیلی بابەتگەلێکن کە لەم ڕۆژانەدا زۆرجار لە تۆڕە مەجازییەکاندا دەبینرێن. هەمان پرس دەبێتە هۆی ئەوەی کە خەڵکی زیاتر میکانیزمێکی ڕووبەڕووبوونەوە بۆ مانەوە بەکاربهێنن: شادن فرۆیده. جودی هۆ، زانای دەمار دەڵێت: “زیاتر بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان یەکسانە بە پێویستی بەکارهێنانی ستراتیژی زیاتری مانەوە”. هۆکارەکەی ڕوونە:”خەڵک کەمتر و کەمتر هەست بە کۆنتڕۆڵکردنی بارودۆخی خۆیان دەکەن، بۆیە هەوڵی زیاتر دەدەن بۆ پاراستنی ناسنامەکەیان”. “دەربڕینی خۆشی بە ئازارەکانی کەسانی دیکە وا لە خەڵک دەکات زیاتر هەست بە کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە بکەن”.
توێژینەوەکان دەریانخستووە کە ئەو کەسانەی کە متمانە بەخۆبوونیان کەمە، کاتێکی زیاتر بەسەر دەبەن بۆ سەیرکردنی شکستی ئەوانی تر. ڕەنگە بەهۆی ئەو بەربەستەی کە لە نێوان مرۆڤەکاندا لە جیهانی ئۆنلایندا هەیە و لە دەربڕینی پەشیمانی بێبەرییان دەکات.
هەموو کەس کەم تا زۆر چێژ لە نەهامەتیەکانی ئەوانی تر وەردەگرێت، تۆ چۆنە؟
چێژ وەرگرتن لە ناخۆشی کەسانی دیکە ڕەنگە لە یەکەم نیگادا نامرۆڤانە دەرکەوێت، بەڵام مرۆڤ نابێت لەبیری بکات کە کاردانەوەیەکی سروشتی مرۆڤە و هیچ شەرمێکی تێدا نییە. بە واتایەکی تر هەموومان وەک یەکین! ئێمە مەیلی ئەوەمان هەیە هەموو شتێک دابەش بکەین بەسەر باش و خراپدا. هەر لەبەر ئەم هۆکارە هەندێک جار هەست بە تاوانباری یان شەرم دەکەین لە هەستەکانمان.
هەرچەندە شادن فرۆیده لە ڕووکەشدا دڵخۆشی ئێمە لە خەم و پەژارەی ئەوانی ترەوە دەردەخات، بەڵام لە جەوهەرەکەیدا هەندێک لە سەرەتاییترین پێداویستییەکانی مرۆڤ نیشان دەدات. هەستەکانی وەک خواستی سەربەخۆیی و پاراستنی گروپ، گرنگی دادپەروەری، پێویستی پلەبەندی و هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی جێگایەک لەو پلەبەندییەدا. زەنگی ئاگادارکردنەوە کاتێک لێدەدرێت کە ئێمە ڕێز لە سنووری ئەم دەربڕینەی خۆشبەختی نەگرین و کێشە بۆ ژیانمان یان بۆ کەسانی دیکە دروست بکەین