
خۆراک لەکاتی دووگیانیدا یەکێکە لەو هۆکارە گرنگانەی کە کاریگەری لەسەر تەندروستی دایک و گەشەکردنی دروستی کۆرپەلە هەیە. لەم ماوەیەدا جەستەی دایک پێویستی بە وزە و پرۆتین و ڤیتامین و کانزاکانی زیاتر هەیە بۆ ئەوەی هەم پێداویستییەکانی خۆی و هەم گەشەی کۆرپەلە دابین بکات.
خۆراکی دروست لە کاتی دووگیانی بە مانای «خواردنی دوو هێندە زیاتر» نییە؛ بەڵکو کوالیتی و جۆراوجۆری خۆراکەکان گرنگترن. خۆراک لەکاتی دووگیانیدا دەبێت سەوزە، میوە، دانەوێڵەی تەواو، گوێز، گۆشت، ماسی و بەرهەمە شیرەمەنییە پاستوریزەکراوەکان لەخۆبگرێت. هەروەها هەندێک مادەی خۆراکی وەک ترشی فۆلیک، ئاسن، کالیسیۆم، ڤیتامین D، یۆد، کۆڵین و ترشە چەورییەکانی ئۆمیگا3 بە تایبەتی لە کاتی دووگیانیدا گرنگن.
لە لایەکی ترەوە پێداویستی خۆراکی لە هەموو مانگەکانی دووگیانیدا بە تەواوی وەک یەک نییە. کۆرپەلە لە سێ مانگی یەکەمدا دەچێتە قۆناغی دروستبوونی ئەندامە سەرەکییەکان، لە سێ مانگی دووەمدا گەشەکردنی زۆرێک لە شانەکان خێراتر دەبێت، لە سێ مانگی سێیەمیشدا گەشەی مێشک و زیادبوونی کێش و پێگەیشتنی ئەندامەکان گرنگتر دەبن.
لەم بابەتەدا لە ماڵپەڕی بۆزانینەوە، ئاگاداری باشترین خۆراک لەکاتی دووگیانیدا دەبین، هەروەها خۆراکی دروست لە سێ مانگی یەکەم و دووەم و سێیەمدا.
بۆچی خۆراک لە کاتی دووگیانیدا گرنگە؟
لە کاتی دووگیانیدا لەشی دایک گۆڕانکاری زۆری بەسەردا دێت. قەبارەی خوێن زیاد دەکات و پلاسەنتا(placenta) دروست دەبێت و کۆرپەلە پێویستی بە ماددە خۆراکیەکان هەیە بۆ دروستکردنی خانە و شانە و ئێسک و مێشک و ئەندامەکانی تر.
خۆراکی جۆراوجۆر و هاوسەنگ دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە دابینکردنی پێداویستییە خۆراکیەکانی دایک و کۆرپەلە و ئاسانکاری دەکات بۆ بەدەستهێنانی ماددە خۆراکییە پێویستەکانی وەک ئاسن و فۆلات و کالیسیۆم و یۆد و پرۆتین. هەروەها ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی جەخت لەسەر هەبوونی خۆراکی جۆراوجۆر و وەرگرتنی وزە و پرۆتین و ڤیتامین و کانزاکانی پێویست لە کاتی دووگیانیدا دەکاتەوە. بۆیە باشتر وایە لەبری ئەوەی سەرنجت لەسەر خۆراکێکی دیاریکراو بێت، جۆرەها خۆراکی تەندروست بخەیتە ناو خۆراکی ڕۆژانەتەوە.
باشترین خۆراک لەکاتی دووگیانیدا:
1. سەوزە؛ سەرچاوەی ڤیتامین و کانزا و ڕیشاڵ:
سەوزە و بە تایبەتی سەوزەی گەڵا سەوز، بەشێکی گرنگی خۆراکی دووگیانییە. سپێناخ، برۆکلی، کاهوو، گێزەر و بیبەری زەنگۆڵە دەتوانرێت لە خۆراکی دایکی دووگیاندا جێگیر بکرێت. جگە لە ڤیتامین و کانزاکان، سەوزە ڕیشاڵیشی تێدایە و دەتوانێت یارمەتی تەندروستی هەرس بدات. هەروەها سەوزەی گەڵا سەوز سەرچاوەی فۆلێتە.
















